کاناڵی جیاواز بۆ ناساندنی شاعیرانی گەورەی کوردەواری شێعر و پەخشان ڕخنە و پێشنیارەکانتان لەسەر دیدە دادەنین {ئاڵوگۆڕمان نییە} @tiropk
وەرە سەر دەر کە وەکو مانگ لە سوێ
گوڵەکەم تاوێ لەگەڵ من بدوێ
وا لەڕێتا سەری سەر گەردانم
چاو بە گریانەوە لێت دەڕوانم
گیان پەپولێکە لە دەورو بەری تۆ
وا گڕی گرتوە لەسایەی سەری تۆ
دڵ بە ئاواتەوە هەر دێتەوە لات
سەری داناوە لە ڕێی هات و نەهات
وەرە سەیری من و ڕەنگی زەردم
دەردی دووریت و هەناسەی سەردم
لێک دەکەن ڕۆژی من و پرچی ڕەشت
ڕەنگی فرمێسکی من و کوڵمی گەشت
زەردە زۆر کەوت و بەیان زۆر ئەنگوت
بە هەناسەی شنە گوڵ زۆر پشکوت
چاوی من هەرچی دەڕوی تۆ ڕاما
لێوەکەت پێ نەکەنیو هەر واما
جوتێ لیمۆ کە لەسەر سینگی تۆن
ویست و دڵخوازی منی تامەزرۆن
چ بڵێم چەندە سروشت ئارەقی ڕشت
تاوەها جوتێ مەمی تۆی داڕشت
تەمەنت گەیوەتە چاردە بە خەیاڵ
تازە زەرد هەڵ دەگەڕێ لیمۆی کاڵ
شەم لەناو پەردەوە کز دەنوێنێ
مەم لە بن ئێخەوە دڵ دەڕفێنێ
جوتێ گۆی زێڕە بەچەند مانگ و ساڵ
خڕی هەڵداوە لەسەر زێوی قاڵ
سینگ و مەم تۆ بڵێ نەک زێڕو زێو
زێڕو زێو کەی بوە وا نیشە بزێو
بەدەم ئەو گۆیەوە دەنکێ یاقوت
بەسەری لالەوە ما ئاگری ڕووت
بە کزەی باوەکە لیمۆ دەوەرێ
مەمی تۆ هەر بە هەناسێک دەلەرێ
ئەی 'مەهاباد' ئەتۆ جێی شانازی
پێی گەیاند باوەشی گەرمت قازی
کۆرپەکانی تۆ لە خان و سەردار
بەسەری بەرزەوە چونە سەردار
نیە ژین نرخی لە پێناوی تۆ
سەر بچێو بەرزەوە بێ ناوی تۆ
بەرزە جێت تۆ سەری کوردستانی
لانی کار مامزی، جێی شێرانی
دیمەنت چەشنێ دەبزوێنێ ئەوین
گاڵتە بۆ کیژو کوڕی تۆن مەم و زین
کوڕو کاڵی تۆ هەمو شۆخ و شەنگ
کیژی چاومەست و خڕو نێو قەد تەنگ
گەڕەکێکت هەیە 'مزگەوتی سور'
ڕوح لەسەر وێ دەگەڕێ دوراو دور
دەرک و بەر پەنجەرە، ژورو هەیوان
حەوش و کۆڵان و قولینچک و سەربان
سەر شەقام و چەم و پردو ڕێ باز
پڕ لە پشتین شلی نەشمیل و بەناز
گوڵی لێ شین بوە هەرچی دەتەوێ
غەڵفی هێناوە تەڕو شلک و نوێ
ڕۆژ درەنگانێ دەمەو ئێوارە
کیژو کاڵ دێنە سەر ئەو ڕوبارە
گۆزە ئاو هەڵدەگرن، بازنە لە قۆڵ
چەتری سەر کوڵمەیە برژانگ و مژۆڵ
هەر گوڵینگی شەدە زۆر پڕ کارە
دەلەرێو دەستڕێ ژەنگی گوارە
نایەڵێ خشڵی سەری هەڵگرێ ژەنگ
زەردە دەرکەوت و تروسکەی دێ پەرەنگ
دڵنیانین لە زمانی بە درۆ
پێکەوە دێنە زمان چاوو برۆ
مانگە شەو هات و لە دەرک و بانان
کۆڕی دڵداری دەبەستن جوانان
بسکەکانیان بە پشوی با دەشەتێ
بۆنی خۆشی بە هاوادا دەڕەتێ
دڵ دەلەرزێنێ شەوانی شەوە زەنگ
دەنگی بەرموری کچی شۆخ و شەنگ
نیە جێیەک وەکو ئەو شارە لەلام
هەرچی تێی دایە لەلام جوانە بەڵام
گوڵی وەک تۆی نییە پاک و ڕوسور
لالەیو کەوتییە 'ناوماڵی بلور'
'فەوزیە' تاقە گوڵی ناو شاری
پەیکەری جوانی ئەتۆو گیانداری
'نوێژگە' گەرچی لە پەنای ماڵەکەتە
حەج بەڵام دەورو بەری خاڵەکەتە
دەی شەماڵ تۆش وەرە خەم خۆری کۆن
زۆری وەک من بە تەمای هاتنی تۆن
بگە فریای دڵی پڕ لە خوێنم
دەگڕێم ڕێم نییە بیشی دوێنم
بچۆلایو بڵێ بەو دەم قەندە
ئاگرت کردەوە لەو مەڵ بەندە
هەر لە ڕۆژی هەوەڵی دەر بە دەریم
عیشقی تۆش هۆیەکە بۆ کوێرەوەریم
بەهەوای تۆوەیە دێ خورپە لە دڵ
دڵ هەر ئی تۆیە هەتا دەیخەنە گڵ
ئەو دەمەم خۆشە کە تۆش لەولاوە
کەزیەکانت بدەیە دەم باوە
با پەرێشانی بکا وەک دڵەکەم
هەڵمژم لێرەوە بۆنی گوڵەکەم
ئەی مەهاباد بەخوام ئەسپاردی
لێرە دڵ سارد بو منیش بۆم ناردی
هاتەوە باوەشی گەرم و گوڕی تۆ
هەڵوەدای ئاوو گڵی تۆن کوڕی تۆ
هەرچی هەی تۆ گوڵی یان گوڵدانی
ئاوەدان بی، وەتەنی کوردانی
🔸هێدی
@trupkirezgari
ئەی بریندارانی مەینەت دەردی هیجرم چارەکەن
وا بە جارێ بمکوژن , ناخی دڵم سەت پارەکەن
من زەبوونی چارەنووسی ژینی خۆم وا لەودەمە
شیوەن و زاریم دەبێتە شێعر و بەزم و دیکلەمە
با بناڵێنم لە دەستی عومرەکەی پڕ مەینەتم
وا لەبەر بریان و زووخی جەرگەکەی پڕحەسرەتم
باشە ئەسرین هەڵوەرێنم وەک شەتاوانی بەهار
بەڵکوو تەڕکا ئاگری ناخی دڵی کۆیلەی هەژار
سەوزەزارانی بەهاری ئەو دڵەم پڕمەینەتە
تازە دەرچوو چەهچەهەی بولبول لە باخم زەحمەتە
گشتی لەش نوقمی خەزانە و چاوەڕێی زریان دەکا
بۆ خەمی بێچارەگیم و بێ کەسیم گریان دەکا
هەر شەوێک نەیکەم تەوافی بوتکەدەی تاریکی خەم
نامەوێ ئەوهیجرە وەک پەروانە بۆ دیداری شەم
شۆقی شەمعم وەک تریفە نیشتە سەر لەوحی دڵم
ڕێنمایە بۆ قەڵەم چیرۆک بنووسێ بۆ کوڵم
ڕۆح ئەسیری دەستی شەیتانی قەڵای بەدکارییە
لەش کە بێ شەرم و حەیا بێ کارەکەی یەکجارییە
گەر بە تۆمار هەست بنووسی دەردی ڕزگار هەر کەمە
باسی دەرد و مەینەتە و کورد کوتەنی مامەخەمە
🔸ڕزگار.ع
@trupkirezgari
لێم مەتۆرە
بۆ تۆ پشتم لە دنیا کرد
بووم بە شاعیر
خۆم ڕسوا کرد
👇🏻👇🏻👇🏻👇🏻👇🏻
ئەو ڕۆژە جوانیت خوا کردی پەیدا
سۆفی و دەروێش و مرشید بوون شەیدا
لە چاوت هەی داد، لە باڵات هەی ڕۆ
سەرسام، سەرگەردان عالەم لە تاو تۆ
لە شاران هاوار لە خێڵان غەوغا
هەرکەس ئەبینم خەمناکەو شەیدا
گەر فەرهاد و قەیس بزانن خەبەر
دوربارە لە خاک سەردێننە دەر
دێن بە هەیاهۆی قیامەتەوە
ببینن جوانی لەم قامەتەوە
هەتا زیندوو بم شای شەم جەبینم
شێت و خەمبارم دڵ ماتەمینم
🔸وەلی_دێوانە
@trupkirezgari
کەسێ بەختی سەعیدی بێ دەبێ حازر لە دیوانت
مەلازی مەنزڵی تۆیە نەسیبی وی لەسەر خوانت
کە قووتی ڕۆحە مێهری تۆ لەسەر سەفحەی مەحەببەتدا
هەمیشە حازری وەقتە، جەسەد بۆچ بێتە میوانت!
سەیفولقوزات🔸
@trupkirezgari
گۆزە بە ساغی داییم لەکانی
نایێتەوە ماڵ،ئەشێ بیزانی
ماست هەتا نەژێ لە ناو مەشکەدا
کەی شیرێژ و دۆ و کەرە و کەشک ئەدا!
پارەپیس باسی دەست و دڵی کرد
چا بوو نەمردین،خیزیش گوڵی کرد
لە ماڵی مفتێ پاروو لوور دەکا
هەر دەڵێی وردە لە تەندوور دەکا
باشاری زەوی نەکرێ بە بژار
دەبێ شێوی کەی دووجار و سێ جار
شەپۆل دیارە بان سەرەوبن دەکا
بەڵام دڵۆپە بەردیش کون دەکا
مەشهوورە کرم لە خۆێی نەبێ دار
هەزار ساڵ ئەژی بێ دەرد و ئازار
باران کەمەزرام بۆ ڕەنگین دەکا
تنۆکێک چڵێ گەنم شین دەکا
ئەو بابەتە مرد،نەچن بە هەڵە
زوو زوو دەیشکاند بە تڕ گۆزەڵە
کابرای گۆڕینە هێندە شیرینە
بە قوزەڵقۆرتیش دەخورێ،هەنگوینە
پێشینیان چۆنت پێدەڵێن وا بە
کاتێ بۆ خۆت و کاتێ بۆ خوا بە
پەندی پێشینیان،
🔸مەلا غەفوور دەبباغی
@trupkirezgari
لە شەوقی شەمعی ڕوخساری، لە بیمی تەعنی ئەغیاری
لە کولبەی سینەیی ناری دەسووتێ دڵ بە بێدەنگی
🔸حاجی قادر کۆیی
@trupkirezgari
ئەو ڕۆژە جوانیت خوا کردی پەیدا
سۆفی و دەروێش و مرشید بوون شەیدا
لە چاوت هەی داد، لە باڵات هەی ڕۆ
سەرسام، سەرگەردان عالەم لە تاو تۆ
لە شاران هاوار لە خێڵان غەوغا
هەرکەس ئەبینم خەمناکەو شەیدا
گەر فەرهاد و قەیس بزانن خەبەر
دوربارە لە خاک سەردێننە دەر
دێن بە هەیاهۆی قیامەتەوە
ببینن جوانی لەم قامەتەوە
هەتا زیندوو بم شای شەم جەبینم
شێت و خەمبارم دڵ ماتەمینم
🔸وەلی_دێوانە
@trupkirezgari
من فەخر ئەکەم کە کوردم و کوردی زوبانمە
ئەم شاخ و کێوە دڵکەشە وا نیشتمانە
ئەم خاکە پاکە جێگەمە هەر زەڕڕەیەکی ئەو
خاڵ و برۆ و سەری شەهی زەند و بەبانمە
ئەم خاکە تووتیاسیفەتە پاکەیە کە وا
دەرمانی چاوی پڕگڵ و پڕدەرد و ژانمە
من فەخر ئەکەم کە شاعیر و ڕەند و قەلەندەرم
شیعرە کە تاج و نەجمە و ڕووتبە و نیشانمە
ئوستادی شیعرم و نییە ترسم لە ڕەخنەگر
با بێتە ڕوو ئەوەی بەتەمای ئیمتیحانمە
شیعرم ڕەوان و ڕاستە وەکوو بەژنی دلبەرم
ئەو دلبەرەی کە ڕۆح و دڵ و جەرگ و گیانمە
ئەو دلبەرەی کە نیوەنیگای چاوی ساحیری
مایەی حەیات و خۆشی و شادیی ژیانمە
ئەو دڵبەرەی کە لێوی ئەبەخشێ بە من حەیات
کافر نەبم ئەڵێم: ئەوە عیسای زەمانمە
ئەو دلبەرەی کە وا دەمی گەوهەرفشانەکەی
نوقڵ و نەبات و شەککەر و گوڵخەندەدانمە
لادە «کەمالی» بێرەوە سەر باسی نیشتمان
ئەم نیشتمانە دلبەری پڕحوسن و ئانمە
ئەم نیشتمانە جوانەیە وا وردەبەردی ئەو
یاقووت و دوڕ و گەوهەر و ئەڵماسی کانمە
🔸کەمالی
@trupkirezgari
بەبێ تۆ، گوڵ لە باخا خوایە نەڕوێت
ئەگەر هات و ڕووا بێ ڕەنگ و بۆ بێت
بەبێ تۆ هەرکەسێ لێوی بزەی بێ
لەڕووی خۆی، خوێنی دڵ، تاماوە نەسڕێت
🔸کاکەی فەلاح
وەرگێڕانی شێعری "باباتاهیر"
@trupkirezgari
بههار بوو فهسڵی زستانم
هۆنراوی : مامۆستا "هێمن"
دەنگی: خوالێخۆشبوو حەمە جەزا
@trupkirezgari
نامەیێک بەرەو ئەستێرەی گەلاوێژ
فەرماندە بەڕێزەکان!
هەر لە سەر هەسارەی زەوی تا دەگاتە ئەستێرە گەشاوەکەمان، گەرمترین سڵاو و ڕێزی خۆمان پێشکەش بە ئێوەی بەڕێز دەکەین.
ئەمە یەکەم ڕاپۆرتی ئێمەیە لەپاش گەیشتن بە هەسارەی زەوی. ڕەنگە ئێمە لەم هەسارەدا شارەزای زۆر شتان نەبین و ڕاستییەکان بۆمان ڕوون نەبێت. ڕەنگە شتێک لێرە ناتەواو بێت. بەڵام ئەوەی کە بۆمان ئاشکرایە، لە سەر گۆی زەوی، مرۆڤ بەرچاوترین و وریاترین بوونەوەرە. مرۆڤ دابەش دەبێت بە سەر دوو ڕەگەزی جیاواز، کە بە زمانی خۆیان پێیان دەڵێن دەوڵەمەند و فەقیر. ڕەنگە تا ڕادەیێک هاوشێوەی یەک بن بەڵام ئیمانمان نەچێ، تەنیا خودایان یەکێکه. ڕەگەزی فەقیر حەزیان لە جل و پێڵاوی کۆن، جاجم و بەڕەی شڕ و کەلوپەلی سواوە. لە ماڵیان کەر بکەوێ ددانی دەشکێ! ئەوان ژیان لە گەڕەکی پیس و پۆخڵیان پێ خۆشترە و لە کۆشک و تەلاران ئۆقرە ناگرن. زۆربەی زۆرینەی کاتیان سەرقاڵی چالاکییەکن کە خۆیان پێی دەڵێن کار. جاری وا هەیە کە بە هۆی کارەکەیان یان لەبەر تاو دەسووتێن یا لەبەر باران دەخووسێن یا لەبەر سەرما دەتەزێن. بەڵام وا بیر مەکەنەوە کە ئەمانە حەزیان لە سرووشتە. گیاڕەشی بەهاران لە باوەشی سرووشت، ئەوا دەوڵەمەندە کە بە قریوە و بریوە و قلی بلی، حەزی له هاژەی چۆم و شریخەی هەور و قاسپەی کەو و خوڕەی ئاوە. بەڵام نازانین بۆچی کاتێ بە چلەی هاوینان کە کێوان ویشک و زەردن و ئاوریان تێبەردەبێت، ئەوە تەنیا ڕۆڵەی فەقیرەکانن کە بۆ کوژاندنەوەی ئاور دەبن بە قەقنەس!
فەقیرەکان حەزیان لە سینەما و شانۆ و کونسێرت و ئاسەواری هونەری نییە. هەستێکی وایان بەرانبەر جوانییەکان نییە. لە ماڵی کەسیان پەیکەرە و تابلۆی دەستی هونەرمەندە گەورەکان دەست ناکەوێ.
باسی خواردنیان هەر ناکرێ. تەنیا حەزیان لە چەند شتێکە وەکوو نان و پەتاتە و تەماتە و ... کە هەموو ڕۆژێ دووپاتی دەکەنەوە. بە نۆبەرەی میوە تووشی دڵەکزە دەبن بۆیە ماوەیێک خۆیان دەخافڵێنن هەتا میوەکان شل و شەویل دەبن، پاشان دەیبەنە ماڵەوە.
فەقیرەکان ئەوەندە گرنگی بە سڵامەتی خۆیان نادەن و حازر نین کە کاری خۆیان بەجێبهێڵن هەتا دکتوران چاویان پێیان بکەوێت و دەواو دەرمان وەربگرن.
فەقیرەکان کاتێ کە دەوڵەمەندانی دڵسۆز کارەکشیان لێ دەستێنن، لەباتی ئەسپسواری و یاری و دانیشتن لە سێبەری داران، دەچن تێکەڵ بە حیزب و ڕێکخراوەکان دەبن. ئەگەرچی خاوەنحیزب و گزیر و وەزیریش کلکیان بە دەستی دەوڵەمەندانەوەیە.
ئێمە لەم ماوەدا نەمانتوانیوە پێوەندی ئەوتۆ لەگەڵ مرۆڤەکاندا بگرین و هەر لە دوورڕا چاوەدێرین. تەنیا جارێک لەگەڵ چەند کەس لە دەوڵەمەندەکان دانیشتوین. ئەوان دەڵێن ئێمە نازانین فەقیرەکان کەی و لە کوێوە هاتوونەتە سەر ئەم عەرزە و وەکوو کلک لێمان سەوز بوون. ئەوان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کەلتووری و چاکسازی ژیانی فەقیرەکان دوو ڕێگایان دەستنیشان کردووە. یەکم ڕێگا، نەسیحەت و ئامۆژگارییە. بەڵام لایەنگرانی ڕێگای دووهەم تۆزێک تووتنیان توندە و دەڵێن: کوتەک لە بەهەشتەوە هاتووە. پۆلیس بە تێڵا بەردەبێتە ویزەیان و لە بەندیخانە توند دەکرێن. وا دەزانین ڕێگای دووەم کاریگەرترە. چوونکا نەسیحەت و ئامۆژگاری نەیتوانیوە ئاستی کەلتووری و زانیاری و سەلامەتیان بەرز بکاتەوە. بەڵام چەند کەسێک لە فەقیرەکان، پاش بەندیخانە رێوچوونیان هەر دەڵێی سەمای سەیزادەیە.
ئێمە توانیومانە لەگەڵ چەند فەقیرێکیش وتووێژ بکەین. ئەگەرچی دیارە ئاشکرا حاشا لە ڕاستییەکان دەکەن. ئەوان دەڵێن ئێمە دوو ڕەگەزی جیاواز نین. ئەوەی کە ژیانی ئێمەی ئەوەندە لێک دوور کردۆتەوە، ئامرازێکە بە ناوی پارە کە ئاسنیش نەرم دەکات. دەوڵەمەندی وامان هەیە گرێوی لە کەر بردۆتەوە، بەڵام چون پارەی هەیە، شوورەییشی جوانە. ئەگەرچی ئێمە بڕوامان بەو قسە نەکرد کە شتێک بە تەنیایی توانای ئەوەی هەبێت کە مرۆڤەکان دابەش بکات بە سەر دوو ڕەگەزی جیاواز.
چاوەڕێی فەرمان و فەرموودەی ئێوەی بەڕێزین.
هەر گەشاوەتر و ڕوونتر بێت ئەستێرەی پرشنگدارمان.
ئالبێرتۆ موراڤیا/ هالە ناظمی
خوێنەری خاوەنبیر!
دنیای ئەم ڕۆمانە دنیایەکی سامناکە ئەو چەند کەسە کە لە بۆشایی ئاسمان و ئەستێرەیێکی دیکەوە هاتوون، کە سەیری ژیانی ئەو کۆمەڵگا دەکەن، دەڵێن شتێک ناتەواوە. لەوەدا باش بۆی چوون. کۆمەڵگاکە چینی مامناوەندیان(متوسط)نییە چینی چەوساوە زۆرینەی زیانە کۆمەڵایەتییەکانی بەرکەوتووە. برسی ناتوانێ بیر لە شتی دیکە بکاتەوە. سەرمایەداریش هەموو شتێکی تەنیا بۆ خۆشی خۆی دەوێ. بەڵام چینی مامناوەندی بە هەر جۆر نانی خۆیان دابین دەکات. دەتوانێ باقی کاتی خۆی تەرخان بکات بۆ بیرکردنەوە، کەلتوور و زمان و داهێنان و پاراستنی دەستکەوتە ئینسانییەکان. ئەوان دەتوانن ببنە زمانحاڵی چینی ڕەشوڕووت. دەبێ زۆرینەی کۆمەڵگا لەوان بن کەچی لە وڵاتانی وەکوو ئێمە ڕوو لە فەوتانن و خەریکن تێکەڵ بە چینی چەوساوە دەبن. سامناکی چیرۆکەکە لەوەدایە.
عیسا ئەحمەدی١٤٠٤/٠٦/١٧
@trupkirezgari
بەیانییتان باش!
من ناوم کتێبە
هەزاران هەزار دەم و چاو و
هەزاران هەزار وڵات و دڵ و دەروونم هەیە.
جاری وا هەیە پڕم لە خۆشەویستی،
لە لێبوردن، لە بەزەیی، لە عەقڵی ڕووناک،
لە ئازادی
جاری وایش هەیە پڕم لە ڕق و لە بوغز و
لە تۆڵە و تاریکی...
گەلێ جار بە دەنگێکی گڕ ئەدوێم و
گەلێ جاریش بە دەنگێکی ناسک
جارێ مێم و جارێ نێر و
زمانم سەدان زمانە و
پێناسەیشم لە هەزار ڕەنگ.
من سەرینم پەنجەکانی هەردوو دەستە و
وشە و دێڕ و لاپەڕەیشم عاشقی چاو
ئەو وەختەی منت بە دڵ بێ
ئەبمە جوانترین هاوڕێت.
لەوانەیە ئاگری شەڕم خۆشکردبێ و
لەوانەیشە بووبم بە ئاسمانی ئاشتی...
من لە قوڕەوە کتێبم
هێندەی "گلگامش"یش کۆنم..
من نەبوومایە ژیان کوێر ئەبوو
سبەی نەئەبوو.. مێژوو ون ئەبوو
جاری وا هەیە ئەستوور ئەستوورم و
جار وایش هەیە باریک باریک.
ئەمڕۆ کۆترێک هات بۆ لام
دەنووک بە خەندە و چاو ڕووناک
وتی: وەرە، کتێبخانەیەک خۆشەویست
کتێبخانەیەک بەخشدە بانگت ئەکات.
خاوەنی ئەم مەکتەبەیە: هەتاوێکی خوێندەوارە
نە خورافات ئاسمانێتی و نە مقەستیش سانسۆرێتی
بەڵام پاسەوانێکی عاشقی وەک تۆی ئەوێ
تا کۆترەکان و وشەکان و وێنەکان نەدزرێن.
من ئیستاکە دە ڕۆژ زیاترە وام لەناو مەملەکەتی
ئەم هەتاوە بەرینەدا،
عەشقی ڕۆزانام تێکەڵی ئەم دەغڵ و دانی کتێبانە کردووە.
من هەست ئەکەم لەم شوێنەدا هەموو ڕۆژێ
ڕووبارێکی تازە
باخچەیەکی تازە و فڕێنێکی تازە فێر ئەبم.
من هەست ئەکەم هەموو ڕۆژێ تارماییەکی مێژووی کۆن.
خێو و دێو و درنجێکی درۆی دیرۆک بەجێدێڵم.
هەموو ڕۆژێ تیشکێک لە ئایندەدا ئەچێنم و
ئەسپی خۆرێک ڕام ئەکەم و ئەیکەم بە مزگێنی ڕێگا!
هەموو شەوێکیش شیعرێکی جوانکیلەی
وەکوو ڕۆزانا لەسەر ئەم جەستە ماندووە هەڵئەکەنم!
🔸شێركۆ بێكەس
@trupkirezgari
کابرایەک هەبوو ناوی (مام ڕەسوو) بوو، هەموو شەوێک دەهات و مەجلیسەکەی دەکردەئی خۆی، تەنیا باسی سە زەردی دەکرد، کەچ سەگێکە و حەریفی چەند گورگانە، شەوێک نەبوو دوان نەبوو، وتم وا بڕوا دەری ناهێنێ، شەوانە ئەگەر دەهات دوای سەعاتێک دەمگوت: مام ڕەسوو نەیکەینە شەو، دەیوت کەیفی خۆتە. بۆیە دەڕۆیشتین و کە ئەو دەچووەوەماڵێ، بامدەدایەوە و دەهاتمەوە لای مامۆستا و تا درەنگانی شەو دادەنیشتن، دوور لەباسی سە زەردی)
دیسان لە گوندی (زێوکە)شەوە بارگەوبنە دەپێچێتەوە و دەچێتە گوندی (دیلۆ) و لەوێش دەبێتە مەلای گوند و حوجرە و کۆمەڵێک فەقێشی دەبن. لەوێش ناچاردەبێت. بڕوا و دەچێتە شاری قەڵادزێ و کرێکاری دەکا.پاش ماوەیەک دەچێتە گوندی (شۆڕان) لەوێ کابرایەک مەلای ڕەمەزان دەبێت. کە مەلا عەبدلڕەحمان فاتیحی دێتە ئەوێ ناچار واز لە کارەکەی دێنێ و دەبێتە مجێور. بۆیە دەڵێت:
ئەمساڵ لە گوندی شۆڕان
مەلا و مزگەوت گۆڕان
کۆڵنەدەری تووتنەوان
بوو بە مەلای ڕەمەزان
وەک مەلای خڕێ بەرداشان
بوو بە مجێور لە پاشان.
جارێکی دیکەش (شۆڕان) بەجێدێڵێ و دیسان دەچێتەوە قەڵادزێ. ڕۆژی 24/4/1974کاتێک فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمی بەعس شاری قەڵادزێ بۆردوومان دەکەن، ئەویش وێڕای خەڵکەکە قەڵادزێ بەجێدێڵێ و دەچێتەگوندی (سونێ) تا ساڵی 1977کاتێک ڕژێمی بەعس گوندەکانی دەڤەری پشدەری ڕاگواست گوندی سونێش بۆ ئۆردوگای توەسووران ڕاگوێزرا.
لە ساڵی 1979 کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران بەسەر ڕژێمی پاشایەتیدا سەرکەوت، شاعیر دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی و لە شاری (پیرانشار) دەگیرسێتەوە. لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، جارێکی دیکەش دەگەڕێتەوە باشووری کوردستانی و لە گوندی (کەنجاڕێ) بەمەلایەتی و توتنەوانی ژیان دەگوزەرێنێ، تا ساڵی 1991و لە کاتی کۆڕەوەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە گوندی (گردئاشەوان) دەبێتەوە بە مەلا. تا لە ڕۆژی یەکشەممە10/11/2022کۆچی دوایی کردووە و دەچێتەوە بەرقاپی دلۆڤانی یەزدانی مەزن و لە گۆڕستانی گوندی گردئاشەوان بەخاک دەسپێردرێ.
@trupkirezgari
بەبێ دیداری تۆ ئەی گوڵ، نەخۆشم
بە دایم غەرقی ناڵین و خرۆشم
بە خەندەی دڵبەری حۆری ڕەوشتم
کەیفخۆش و غروور و دڵ لە جۆشم
ئەرێ ئەی شۆخ و شەنگی کوردەواری
بکە ڕوحمێ نەماوە حاڵ و هۆشم
حەیاتم دا لە هیجران، گیانە تا کەی
لە خەمدا خەرقەیی ماتەم بپۆشم؟
لە چاوم هەڵڕژا فرمێسک، گوڕ گوڕ
پڕی کرد باخەڵ و داوێن و کۆشم
مەکووژە «فاتیحی»چی دی بە دووریت
بەبێ تۆ دوژمنە لێم عەقڵی خۆشم
🔸مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی
@trupkirezgari
دەمکوژێ و پێشم دەڵێ:
ئالوودەدامانم مەکە....
وەفایی
@trupkirezgari
لێم گەڕێن با
گلەیی لە شەڕاب بکەم
لە پرسەی مەرگی هێشووە ترێیەکدا
فاتیحایەکی دانەدا
لێم گەڕێن با
گلەیی لە سێدارە بکەم
نەیتوانی گەردنی تێکۆشەرێک و
گەردنی خائینێک
لێک جودا بکاتەوە
لێم گەڕێن با
گلەیی لە مەمک بکەم
نەیتوانی پەنجەی عاشقێک و
پەنجەی بازرگانێک
لێک جودا بکاتەوە
🔸قوباد جەلیزاده
@trupkirezgari
عاشقی چاوت چ دەخڵێکی لە پیاڵە و مەی هەیە
چاوەکەم چون خۆی هەمیشە سەرخۆشی بادە و مەیە
پێکیاوی تیری غەمزەت چی لە ساز و نەی ئەکا
بۆ چی ناڵەی جەرگی زاری پڕتەب و تاو و نەیە
کوشتەیی ڕوخساری ئاڵت نایەوێ باغ و بەهار
چونکی جانا هەر لە سەیری ئەشرەفی و گول غونچەیە
ئەو کەسەی شەیدایی باغچە و سینە و باڵای تۆ بێ
چی لە یادی سەرو و توبا و عەرعەر و سێو و بەیە
مائیلی خاڵی فەتای سوچی لێوە ئاڵەکەت
گیانە موستەغنی لە سەیری مێرغوزار و لالەیە
تۆڕی داوی زوڵفی خاوت ئاڵیا مل هەر کەسێ
کەی لە یادی زوڵفی شەوبۆ و سونبول و ڕێحانەیە
ئەو دەمەی تێتە ئە ناز و جیلوەو و عیشوە و نیگا
سەد هەزار وەک مینە شەیدا و لێوەو و دێوانەیە
🔸مینەجاف
@trupkirezgari
مات و پەشێوم نەما سەبر و قەرار و شەکیب
چونکە عیلاجی نەبوو دەردی دڵی بێ تەبیب
فەرمووتە بێ زوو بە زوو، بیکە بە کارم عەدوو
غارەتی دینم بە دوو نێرگسی جادوو فریب
ئەشکم ئەگەر وەک مەیە، ناڵەم ئەگەر وەک نەیە
ڕوومە ئەگەر وەک بەیە، پاکی لە داخی ڕەقیب
ڕوومەتی ڕەخشانە یا، ماهی درەخشانە یا
لەعلی بەدەخشانە یا، لالەیی لێوی حەبیب
زوڵفی لە دوو لا بەڵا، خەتتی چەلیپا نوما
نافییە بۆ ماسیوا، ناهییە بۆ هەر سەلیب
باغی ئیرەم ڕوویەتی، میشکی خەتا موویەتی
دیدەیی جادوویەتی، ڕەهزەنی یار و غەریب
ناری ئەگەر عاقڵی، بۆ لە خودا غافڵی
حەیفە ئەگەر کامڵی، بێ ئەدەبی بۆ ئەدیب
🔸ناری
@trupkirezgari
دەبا دەستی ستەمکاری
ژیانی پڕ لە زۆرداری
لە یادا بیسڕێ شێوەت لە یادی ژین و گەردوونا
بە بێڕەحمانە غەرقی کا لە بەحری قووڵی ونبوونا
ونی کا با لە بەرچاوم نیگای چاوی فێڵاویت
گوڵی بێ بۆنی جوانیت و بزەی سەر لێوی ژەھراویت
دە با بمرێ بەیەکجاری لە گۆڕی تەنگ و تەنیادا
نیشانە و ناوی ھەڵگیرێ لەناو بازاڕی دنیادا
🔸هەردی
@trupkirezgari
من چی ئەزانم جگە لە ئەوینی تۆ و
من چی ئەزانم جگە لە باهۆزی تۆ و
من چی ئەزانم جگە لەوەی شیعر بکەم
بە جوانووی مەراقی بەر دەواری تۆ!
دەڤەرێک لە قیژە و
ڕووبارێک لە شیوەن و
پێدەشتێک لە فرمێسک و
وێرانەیەک لە کازیوەی کوژراو!
دێمەوە لات
ئەم هەوا خنکاوەت هەڵئەمژمەوە. تا لە زارمەوە
تاڵە قژ و ئاوێنە و شانە و موتومورو ڕۆکەمەوە سەر پەڕە کاغەزی لە چاوەڕوانیدا سپیی هەڵگەڕاو!
باوەشت بگرەوە
بۆ گوڵە خەونی هەڵپچورکاو و بەرامەی سووتاو.
باوەشت بگرەوە... بۆ ڕستە پەپوولەی حەرفەکانم و
باوەشت بگرەوە... بۆ گێژەنی سەرم و
بۆ هەڵوەدای شپرزەیی پەرت پەرتی چاوم و باوەشت بکەرەوە!
بۆ تێک ئاڵانی دوو جەستەی گوناهـ و نوێژی لەیەکدی دابڕاو!.
دێمەوە لات!... بێزارییم بڕیوە و تەنیاییم تەی کردووە و نامۆییم داوە بە کۆڵما و
دێمەوە لات.
"گەرمییان و داڕژانی ڕۆح/چراکانی سەر هەڵەمووت"
🔸شێرکۆ بێکەس
@trupkirezgari
#ژینا
دەنگ مامۆستا #ناسر_ڕەزازی
ھۆنراوە #ڕەنج_سەنگاوی
کە کچێکم شەهید ئەبێ و کوڕخاسێکم ئەدەن لە دار
هەزاران کۆستی ڕابردووش لە ناخما دێنەوە هاوار
ئیتر بەسە قزومۆم و بە شۆڕش و بە ئازادی ئەڵێین ژینا
ئەو ئەکەینە بڵێسەی دڵ بە سروود و هەڵپەڕینا
نابێ دوژمن سەری بەرزی کچانی کورد ببینێ لە قژڕنینا
چوونکە ئیتر لێرە بەولا چۆک دانادەین لە ناو پرسە و ماتەمینا
@trupkirezgari
#_نالی
خاڵی نییە ڕەشماری دوو زوڵفت لە بەڵایێ
حەڵقەی شەڕییان بەستووە هەر یێکە لە لایێ
عاشق دڵی نایێ لە دڵارامی جودا بێ
ئەڵبەت کە دڵارامی لەوێ بێ، دڵی نایێ
بنواڕە خۆشیی ڕەقسی لەگەڵ خەرقەیی ئەزرەق
مومکین نییە بەم پاکییە، لەم ئەرزە، سەمایێ
مومکین نییە جەلبی دڵی خووبان بە من و تۆ
نەمبیستووە تەسخیری مەلایک بە مەلایێ
نەقدی دڵ و جان بۆ قەدەمت نیمەبەهایە
غەیری ئەمە، قوربان، بەخودا نیمە بەهایێ
ئەی شەمع! بترسە لە هەناسەم کە بگاتە
ئەو دووکەڵی زوڵفە کە پەرێشانە بە بایێ
تا چاکی نەکەی پڕ لە هەوا سینەیی «نالی»
وەک زەنگڵە ئاوازەیی ناڵەی دڵی نایێ
🔸نالی
@trupkirezgari
کە کەو ئەمرێ
دوای خۆی بۆ شاخ
چەند قاسپەیەک بە جێ دێڵێ.
کە هەنگ ئەمرێ
دوای خۆی بۆ باخ
هەندێ ماچ شیرین شیرین
بە جێ دێڵێ.
کە وەختێکیش تاوس ئەمرێ
دوای خۆی هەندێ تێلی ڕەنگین
بۆ ناو گوڵدان بە جێ دێڵێ.
کە وەختێکیش ئاسک ئەمرێ
دوای خۆی مسک بە جێ دێڵێ.
هەر کاتێکیش کە من مردم
دوای خۆم بۆ ئێوە و کوردستان
هەندێ شیعری نازدار و جوان
بە جێ دێڵم.
🔸شێرکۆ_بێکەس
🔸ئاوێنە_بچکۆلەکان
@trupkirezgari
کوردستان... کوردستــان!
نیشتمانی جــوان!
هەر بژی بە شــادی
سەربەستی و ئــازادی
هەر بژی! هەر بژی! هەر بــژی!
لووتکەی بەرزی گەردن کەشــت
نزاری سپی، بەرخۆری ڕەشــت
دۆڵی کپ و چەمی خــوڕت
دارستانی زەبەند و چــڕت
بەهەشتی سەرزەمینــن
هێلانەی خۆشی ژینــن
جێگەی نۆشــن
ئاگر تیژکەری ئیلهام و هۆشــن...
🔸مامۆستا گۆران
@trupkirezgari
بەرگەی جودایی ناگرم، ناڵەی جودایی سەرمەدە
من خۆم سەراپێ ئاگرم، ئاگر لە ئاگر بەرمەدە
لەملاوە نێڵەی ئاورم، لەولاوە بێڵەی زاورم
گشت وا دەزانن گاورم، نەشتەر لەسەر نەشتەر مەدە
ڕێگەم نییە تا ڕێ گرم، جێگەم نییە تا جێ گرم
بێڵە لەگەڵتا پێ گرم، دەستت لە دەستم بەرمەدە
هەروا کە بووم هەرواترم، هێشتاکە هەر لەدواترم
ئاوا نەبی ئاواترم، خوێناوی جەرگم دەرمەدە
سەد هێڵی سووریش ڕاگرم، دەستم بگا خۆر داگرم
دەستت لەسەر هەڵناگرم، دەستت لە بیرم وەرمەدە
تا کەی دەبێ دەس ڕاگرم، تا کەی بڵێم بۆت نامرم
با من بە دڵتا ڕابرم دەس لەو دڵەی من هەر مەدە
خۆڕاگری خۆڕاگرم، پێداگری پێداگرم
بەو کۆچە من خۆم ئاگرم، ئاگر لە ئاگر بەرمەدە
🔸ڕامان غەفووری
@trupkirezgari
چەند بە ناز دێی و دەچێ،
سەرخۆش و شۆخ و شەنگ و مەست
ئەی گوڵی نازدار، ئیلاهی،
بای خەزانت لێ نەدا...!
🔸وەفایی
@trupkirezgari
گیانە بەسیەتی
گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر: مامۆستا عەلی مەردان
شاعیر: مامۆستا پیرەمێرد، وەلی دێوانە
پیانۆ و ئارێنج: دڵزار عابدی
گیتار ئێلێکتریک: کاوان مورادی
بۆ داگرتنی ئەم بەرهەمە دەتوانن سەردانی کەناڵی تێلگرامم بکەن.
ئەم ئاوازە پڕ لە جوانییەی مامۆستا عەلی مەردانی نەمر پێشتر لە ڕادیۆ تاران بە هەستێکی فارسی مۆسیقای بۆ دانرابوو و کوالیتی دەنگیش باش نەبوو؛ هەر بۆیە بڕیارمدا بە مۆسیقایەکی سەردەمیانە و بە کوالیتی دەنگێکی باشتر نۆژەنی بکەینەوە.
سپاس بۆ کاوانی برام بۆ ژەندنی گیتارێکی پڕهەست لەم بەرهەمەدا.
@trupkirezgari
مەلا ڕەحمانی فاتیحی
ژیاننامەی فاتیحی
ناوی تەواوی فاتیحی (عەبدولڕەحمانی کوڕی عەبدولکەریمی کوڕی عەبدوڵڵایە) دایکی ناوی (زینەت) بووە، لە ساڵی (1930) لە گوندی (یارئاڵی) ناوچەی گەورکی موکری سەربە شارستانی مەهاباد لە خێزانێکی جوتیاردایکبووە، سێیەم منداڵی خێزانەکەی بووە، سێ برا و خوشکێکی هەبووە بەناوەکانی (غەفوور، عەلی، مستەفا و مریەم). پێشتر ماڵەباوانی لە گوندی (نەجنەی سەروو) ی سەربەشاری بانە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ناچاردەبن ئەوێ بەجێبهێڵن و بێنە گوندی (یارئاڵی) و دوای چەند ساڵێک ئەوێ جێدەهێڵن و ڕوودەکەنە دەڤەری (لاجان) ی پیرانشار و لە گوندی (سۆغانلوو) دەگیرسێنەوە. لە تەمەنی پازدە ساڵیدا دەچێتە حوجرە و لە لای مامۆستا (عەبدوڵڵای سولەیمانی) دەستدەکات بەخوێندنی سیپارە، دوای خوێندنی قورئان و گوڵستانی سەعدی دەچێتە گوندەکانی (تورجان)و (بوغدەکەندی)و (قەرەگوێز)و (حەمامیان). هەر لە درێژەی خوێندنیدا زۆر جێگای دیکەش دەگەڕێت وەکوو بۆکان و سەردەشت و گوندەکانی (بێوران)و چەند شوێنێکی دیکەش.
فاتیحی لە ژیانیدا زۆر کوێرەوەری چەرمەسەری دیتوون زۆر بەهەژاری ژیاوە. سەبارەت بەمەش گوتویەتی: (جارێکی چوومەوە ماڵێ مامم جوتێک کاڵەی بۆ کڕیبووم، بەڵام دڵم نەدەهات لەپێیان بکەم. ڕۆژە ڕێیەک بەپێیان ڕۆیشتووم کاتێک گەیشتوومەتە نزیک ئاوایی، لەپێم کردوون، دەنا هەر بەپێخواسی دەڕۆیشتم. بۆ ئەوەی کاڵەکانم کۆن نەبن). فاتیحی دەنگیشی خۆشبووە، دەیوت: (جارێکیان مەلایەک ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرت، ئەو کاتیش باوبوو، دەبوایەسێ شەوو ڕۆژان ئاهەنگ و شایی بایە و شایەر بانگ دەکران. لەو ئاهەنگەدا عەلی خەندانی هونەرمەند بەشدار دەبێت. و بەیەکەوە گۆرانی دەڵێن. پاشان عەلی خەندان دەڵێت: (فەقێ ڕەحمان) بۆچی واز لە فەقێیاتی ناهێنیت و نایەلای من، وەڵڵاهی قازانج دەکەی) زۆربەی گوند و حوجرەکانی دەڤەری پیرانشار و سەردەشت و بۆکان گەڕاوە بۆ خوێندن. جاری واهەبووە بەساڵیش نەگەڕاوەتەوە ماڵێ. بۆیە کاتێک بەسەفەر دەگەڕێتەوە گوندی سۆغانلوو، دەبینێ ماوەیەکی زۆرە باوکی کۆچی دوایی کردووە، ئەوەش کاریگەریی زۆر لەسەر هەستی دادەنێ و دەبێتە خەمێکی گەورە.
لەو سەردەمەدا حوجرە ناوەندی جۆشدانی بیری نەتەوەیی و برەودان بە زمانی کوردی دەبێت. زۆربەی ئەو مەلاو فەقێیانە هەڵگری بیری نەتەوەیی دەبن و تێکەڵ بەو ڕەوتە کوردایەتیە دەبن، کە لەو سەردەمەدا حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێبەرایەتی دەکرد. ئەویش دەبێتە ئەندامی حزبی دێموکرات و درێژە بەکاری ڕێکخراوەیی خۆیدەدات.
دیوانە هەڵبەستی شاعیران کە تاکوتەرا لە کوردستانی باشوورەوە دەهاتن بەدزیەوە دەنووسرانەوە و دەست بەدەست دەگەڕان، لەبەر ئەوەی لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی پەرتووکی کوردی قاچاغ بوون. لە ساڵانی (1952-1953 بەهرەی هەڵبەستی فاتیحی دەگەشێتەوەو دەست بەهەڵبەستنووسین دەکات. تاکە شوێنیش بۆبڵاوکردنەوە، ڕادیۆی کوردیی کرماشان بوو، کە زۆربەی هەڵبەستەکانی بۆ ئەوێ ناردووەو لەلایەن شوکڕوڵڵای بابانەوە خوێنراونەتەوە. لە ساڵی (1961) لە گوندی (ئاڵواتان) ئیجازەی مەلایەتی لەسەر دەستی مامۆستا (مەلا نەجمەدینی کەوکەبی) وەردەگرێ. سێ شەوو ڕۆژان دەبێتە شایی و بەزم و ڕەزم. لە ساڵی (1963) لە گوندی (دۆڵەتوو) دەبێتە مەلاو هەر هەمان ساڵیش لەگەڵ (ئامینە مەولود قادر) ژیانی هاوسەرگیری پێکدێنێ و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیریەش پێنج منداڵی لێ دەکەوێتەوە بەناوەکانی (خالید، ئایشە، کاوە، تریفە و هێمن).
لە ساڵی (1965) کە لە گوندی (چەکۆ)مەلادەبێت. سەر ژمێری گشتی دەکرێت زۆر لەگەڵ کارمەندانی (نفووس) باری کەسێتی دەکات کە نازناو (شۆرەت)ی فاتیحی بۆ بنووسن بەڵام ئەوان گوێی نادەنێ و بەئارەزووی خۆیان شۆرەتی (ئاشووفتە)ی بۆ دەنووسن.
ساڵانی (1967-1968) کاتێک ڕژێمی پاشایەتیی دەستدەکات بەگرتنی ئازادیخوازان، بێگومان مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحیش بێبەش نابێت و لەلایەن (تیمسار ئووەیسی) فەرمانی گرتنی دەردەچێ و دەگیرێت و بۆ زیندانی (جڵدیان) دەگوازرێتەوە و دوای ماوەیەک زیندانی ئازاد دەکرێ. بەڵام ترسی ئەوەی دەبێت. کە وازی لێنەهێنن و دووبارە بیگرنەوە. بۆیە لە شەوێکی پایزیدا خرت و پرتەکەی کۆدەکاتەوە و لە گوندی (داوداوە) سنوورە دەستکردەکە دەبەزێنێ و دێتە گوندی (شێنێ)ی باشووری کوردستان. پاشان دەچێتە گوندی (زێوکە) ی دەڤەری پشدەر و دەبێتە مەلای ئاوایی. لەوێ لەگەڵ شاعیری میللی (حەمەپۆڵا)ی هاوڕێی یەکدەگرنەوە. کاک حەمەپۆڵا ئێستاش دەگێرێتەوە: (شەوانە، دوای نوێژی خەوتنان لە ماڵی مامۆستا دادەنیشتین و باسی سیاسەت و ئەدەبمان دەکرد.
ئای پاییز
خۆزگە بە هاتنت خەمەکانیش
زەرد ئەبوون و هەڵ ئەوەرین...
با بزانم ئەو کاتە کام وەرزی ساڵ ئەوندەی تۆ خۆشەویست دەبوو..!
🔸شێرکۆ بێکەس
@trupkirezgari