🌿💫
هیوای ژیان مامۆستا گۆران
ڕۆڵەی تاقانەم، هیوای ژیانم!
ئەستێرە گەشەی بەری بەیانم!
ڕۆژی نەورۆزی پرشنگ زێڕینم!
تریفەی سپیی مانگی هاوینم!
شنەی شەماڵی کەلی بەهارم!
لەرەی ئاونگی مێرگی ئاودارم!
جریوە و جووکەی شادیی هێلانەم!
شەوبۆی پەخشانی ئەم گشت هەردانەم!
خونچەی پشکووتووی باغی جوانیم!
ڕۆلەی شیرینم، ئەی گیانی گیانیم!
توخوا بەو جووتە چاوە شینانە،
ئاخر نیگاتە تێر بۆم بڕوانە!
با بە کڵۆڵی، بە ڕۆڵەڕۆیی،
کە دانیشتم کز، وەختی بێ تۆیی:
بە یادی دوو گۆم، دوو گۆمی بێ بن،
کە هۆگریان بوو ماسیی ڕۆحی من،
هۆن هۆن فرمێسکم بڕژێتە داوێن
فرمێسکی تا سەر جەرگ و دڵ تاوێن
هیوا! ئەو لێوەی بە زەردەخەنە،
گزنگی ڕۆژی گوڵانی منە،
بۆ زەردەخەنەی ئێستا تێ نازێ؟
بۆ لە ژێر هەوری مەرگا ئەلەرزێ؟
هەی هاوار، هەی داد هیوای شیرینم
گیان ئەدەی، ئەمریی، ئیتر ناتبینم!
ئیتر... ئاخ ئیتر... ناتبینم هەرگیز،
لە خەوا نەبێ، شەو شەوی پاییز
جار جار وەک بەرقی ئاو بۆ زۆر تینوو
دێیت و ناشکێنی تاسە و ئارەزوو!
سا بۆم بڕوانە تێر بەو چاوانە!
ڕۆڵە مردنە و فرمێسک بارانە!
هیوا ڕۆڵە ڕۆ، کۆرپەم ڕۆڵە ڕۆ!
ئەو کوڵمە ئاڵە نەرم و نۆڵە ڕۆ!
ئەو قژە زەردە، ئەو چاوانە ڕۆ!
ئەو نەغمەی «دایە» و «بابە» جوانە ڕۆ!
تا دەممان لە گۆ ئەکەوێ وەک تۆ:
هیوای دایە ڕۆ! هیوای بابە ڕۆ!
@hoday_sher
🌿💫
هەموو ڕۆژێ تاریکوڕوونی بەیانی، جاڕچی به کۆڵاناندا دەگەڕا و لەخۆڕا هاواری دەکرد: "دەستی ماندوو لەسەر زگی تێره کاکی برا"، بەڵام ئەو کەسەی قەت زگی تێر نەبوو، ئەوه بوو که ماندوو دەبوو...
"سادق هیدایەت"
@hoday_sher
🌿💫
پیاوێکی دڵپاکم دەناسی که قەت له ژیانیدا ڕەشبین نەبوو. ئەو پیاوه بەتەواوی لایەنگری ئاشتی و ئازادی بوو و هەم بۆ مرۆڤ و بۆ گیانلەبەرانی دیکەش، ئەوین و خۆشەویستییەکی یەکسانی هەبوو. کەسایەتی و ڕووحێکی تایبەت و ناوازه بوو. بە دڵنیایی.
له سەردەمی دوایین شەڕه ئایینییەکانی ئوروپادا، له سووچی لادێیەک خانوویەکی بچووکی ساز کردبوو و لەسەر دەرگەکەی نووسیبووی: "له هەرکوێوه دێی، دەرگه بکەوه، وەره بەخێرێی".
ئێوه پێتان وایه کێ وەڵامی ئەم بانگهێشته جوانەی پیرەپیاوەکەی داوه؟ سەربازه فاشیستەکان! دەتگوت ماڵه خۆیانه، وەژوور کەوتن و جەرگ و ڕیخۆڵەی پیرەپیاوەکەیان له زگی دەرکێشا.
"بەربوونەوه، ئالبێر کامو"
@hoday_sher
🌿💫
ساڵانێک بوو که هیچ کەس لێره باسی عەشق و عاشقی نەکردبوو؛ ڕەنگه چونکه عەشق هەستی ئەو خەڵکانەیه که زیندوون.
"عەتا نەهایی"
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژ باش هاوڕێیانی ئازیز
@hoday_sher
💫🌿
لە بیرمە فێری دەکردم کە ئەگەر کەسێکم خۆش ویست، ناکرێ هەموو دڵ و ڕۆحی خۆمی بدەمێ، چونکە کە ئەو نەما، منیش دەفەوتێم.....
"شێرزاد حەسەن"
@hoday_sher
🌿💫
لە بیابانا، هاژەی چەم و
لە نەهاتا، هەڵمی نان و
لە غوربەتدا، داڵدە و پەنای
کلیلداری بەهەشتی تۆ
تۆ نەک نیوە، هەموو دنیای...
"پەشێو"
@hoday_sher
🌿💫
چیای خامۆش،
بهشکۆتر و
بهسامتر و
ئهستهمتره؛
لای من
له گرمهی تۆفان و
هاژهی چهم و
هاڕهی ههرهس.
ڕازی دڵم مهڵێ به کهس
"ک. د. ئازاد"
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژ باش هاوڕێیانی ئازیز
@hoday_sher
🌿💫
ئەم کاتەو باش.
من جوانوویەکی بێکارم،
خەڵکی کەرکووکم.
کوڕی نەوت و گازم و
کوڕی ئەو هەموو بۆری و چاڵانە،
بەڵام ئەوەی بە ڕێکەوتیش نەیانبینم
ئەو باوکانەن.
لەبەر ئەوەی بەردەوامیش ئەسووڕێمەوە،
لە هەموو کەسێکی دی زیاتر نیشتمان ئەبینم.
بەڵام جەخار،
هەموو حیلە و کوڕژنەکانم بەبا چوون و
هەموو سمکۆڵەکانم گەرگەسان بوون و
ئەم نیشتیمانە گوێی لێم نەبوو...
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژ باش هاوڕێیانی ئازیز
@hoday_sher
🌿💫
وەرە ئەمشەو بممرێنە
تۆفانێ بەو ڕوحیانەتم ڕاوەشێنە.
وەرە ئەمشەو بممرێنە
گرکانێ بەو..
نەک هەر من و نامەکانم
دواقانونی خۆشەویستیش بسووتێنە.
شەهید "بەکر عەلی"
@hoday_sher
🌿💫
بەیانی زوو هەڵمسێنە.
دیسان مەڵێ با تێرخەو بێ،
سوێندم بە چیا خواردووە،
کە کوردستانە دوورەکەم،
بە گەرمێن و کوێستانەوه،
بگوازمەوە بۆ غەریبی،
بۆ ژوورەکەم...
"پەشێو"
@hoday_sher
🌿💫
"چریکەی کوێستان"
ڕوو لە هەرلایەک دەکەی بەفراوە دێ
ئاوە دێ، هەر ئاوە دێ، هەر ئاوە دێ
چۆم زمانی گرتوەو بەستە دەڵێ
سۆز و ئاواز و شنەی کانیاوە دێ
پڕ لە ئاوی فێنکە داوێنی خاک
سووک و گیانبەخشەو دەڵێی شەکراوە دێ
خۆ کە هەڵداوێ کفارەی نەرم و نۆڵ
هەردەڵێی شێعری تەڕە و پاراوە دێ
بەفرە چۆڕە هێندە زۆرە پێل دەدا
سەربەرەوژێرە و دەڵێی سێڵاوە دێ
تاڤگە هاڕەی دێ شەو و ڕۆژ بێ وچان
ناسرەوێ تاوێک و خۆی هەڵداوە دێ
هەر چریکەی خۆشی کوێستان دێتە گوێ
تاوێ هاشەو تاوێ هاژە و ژاوە دێ
بەرگی بێدەنگی لەبەر ناکا چیا
هەر جریوە و هەر قریوە و قاوە دێ
بەزمی مەل خۆشە بەسەر بەردانەوە
کەو بەهەڵپەڕکێ و سەما و قاقاوە دێ
یا چریکەی بازە یان سیڕەی هەڵۆ
یان گمەی کۆترە لە زەردوماوە دێ
یەک جریوەی دێ و یەکیێکیش گارەگار
بەردەوام قێڕەی قەل و قاڵاوە دێ
هەستی بیستن بۆ دەمێکیش ناسرەوێ
سۆزی خۆش و دەنگی شاد لەو ناوە دێ
ڕێ بەرەو هەوراز دەگۆڕێ و دێتەسەر
ماسی شەیدای تامی ڕێواساوە دێ
بوونە کەشتیی ئاسمان پۆلە هەور
پۆلێ دەڕوا و پۆلێکی دی واوە دێ
نەرمە بارانە بەڕێزە و چین بە چین
وردە ئەڵماسی گەشی داداوە دێ
بانگ دەدا بۆ ژیانەوە هەوری بەگۆڕ
بۆیە ڕێژنەی وابەخۆڕ داداوە دێ
خاکی تەڕ میسکی وڵاتە، بۆنەکە
بۆ لەشی پڕ دەردوژان زاخاوە دێ
گیا گەڕی دیلانی گەرمە بۆ هەتاو
بۆنی خۆشی گوڵ بەشانی باوە دێ
ژیانەوە ڕەنگێکی دی داوە بەکەژ
کۆن دەچێت و نوێ بەپرچی خاوە دێ
دەفتەرێکی سەوزە چیمەن سەرلەبەر
سەد گوڵی جوانی لە ئێخەی داوە دێ
شەنگە بیزا وەک کچێکی سەر شەقام
نەرمەبا زولفی گەشی لاداوە دێ
سەوزن و سوور و بنەوش و قاوەیین
گوڵ لەگەڵ شینکە لەیەک ئاڵاوە دێ
پۆل دەبەستن دێن بەناز و غەمزەوە
سوێسنەیە سوورە گوڵە لاولاوە دێ
نووستووە کارگ لە نێو کۆشی کەما
ئاشتخواز، ئاڵای سپی هەڵداوە دێ
بۆتە پێشانگەی سروشت لێواری چۆم
جوانی هەستاوە و دەڵێی سێڵاوە دێ
مشتوماڵی گیان دەدا بای فێنکی
بۆ لەشی قورس و نەخۆش و خاوە دێ
بۆنی خۆشی پێوەیە هاشەی شەماڵ
ئەودەمەی بەرکۆشەکەی هەڵداوە دێ
بۆ ئەوەی خاک ڕاچەنێ و هەستێ لەخەو
دەنگی ڕمبەی تیشکی تیژی تاوە دێ
مەمکی هەڵداوە شکۆفەی دار هەنار
بێ ترس تارای لەسەر لاداوە دێ
دار بەڕوو بەڵگەی لە مێژینەی گەلە
بەشنەشن باڵای لەگوڵ وەرداوە دێ
شاخ دەنرکێنێ و دەڵێ:" دەکوژم ئەوەی"
لەو سنوورە بۆ دزی بەم لاوە دەێ
بانە ٢٧٢٤/١/٣١
قادر عەلیخا
@hoday_sher
🌿💫
پێش ئەوەی گزنگی ھەتاو
ترۆپکی چیا بنگێوێ
پێش ئەوەی شنەی بەیانی
بسکی بەرەزا ببزێوێ
پێش ئەوەی قاسپەی خاسەکەو
لە زەرد و ما دەنگ داتەوە
پێش ئەوەی بلبل بخوێنێ
خونچە دەمی بکاتەوە
پێش ئەوەی سیڕەی ھەڵۆیان
پەردەی بێدەنگی دادڕێ
پێش ئەوەی چووڕەپۆپنەکی
بەرەو ڕووناکی ھەڵفڕێ
پێش ئەوەی شەمی سەر چاکی
ئاخر فرمێسکی ھەڵوەرێ
پێش ئەوەی گژەبای تووڕە
ژیلەمۆی پەپوولە بەرێ
پێش ئەوەی لاوی بەختەوەر
دەم ڕاگوێزێ لەسەر خاڵان
پێش ئەوەی شەوگەڕی دڵتەڕ
وەڕەز بێ لە ماڵەوماڵان
پێش ئەوەی بێری شل و مل
چاوی خەواڵووی ھەڵبێنێ
پێش ئەوەی شوانمەڕی شەوێن
وەگێڕێ، بەردا دەسبێنێ
پێش ئەوەی پۆلی نەشمیلان
شل شل داگەڕێن بۆ کانی
پێش ئەوەی سەرکانی و دەراو
ژاوەی بێ لە پەری جوانی
پێش ئەوەی حاجی سەلەمخۆر
ھەژارێک ھەڵنێ بە تەماڵ
پێش ئەوەی ڕێچکە ببەستن
بۆ مزگەوتێ شان بەبەرماڵ
پێش ئەوەی دەروێشی چڵکن
پەنجەی خەلیفەی کوشیبێ
پێش ئەوەی شێخ وەک تارمایی
بەرەو خانەقا خوشیبێ
پێش ئەوەی گزیری بەدفەڕ
لە دیوەخان پاروو بادا
پێش ئەوەی خاتوونێک بەناز
پەردەی کۆشکی ئاغا لادا
من کاوی خۆم لە کار دیوە
من جەرگی زەویم دڕیوە
من شیلەگەم ھەڵبڕیوە
من یەک سەریم ئاخنیوە
من ڕیزەسواڵەم داناوە
شەغرە وێنجەم پێوە داوە
من گاگێرەم تێر کراوە
یا خۆیانم وەرگێڕاوە
ھاوین و پایز و بەھار
ھەتاو لێی نەداوم بێکار
من جووتیارم، من جووتیارم
من لەگەڵ ھەتاو ھاوکارم
من بەئارەق و ئەو بەتین
دامان ڕشتووە بناخەی ژین
باسکی من و تیشکی ئەوی
بژیو دەستێنن لە زەوی
گەر جووتیار ئارەق نەڕێژێ
گەر ھەتاو تیشک ناوێژێ
دانیشتووی نێو کۆشک و قەڵا
دەخۆن نانی گەڵاگەڵا؟
بەڵام حەیف ئێستاش لێرە
من برسیم و کەسێک تێرە
نە قەت ئارەقی ئەسڕیوە
نە قەت گەوزی ھەڵبڕیوە
نە مەچەکی جەمام بووە
نە چۆڵەمەی لە جێ چووە
نە ئەنگوستی ڕاگیراوە
نە داسوو لە چاوی داوە
نە دڵی پێی دڕدڕ بووە
نە بن ھەنگڵی خڕ بووە
نە کەفی دەردا بە کڵۆ
نە پەنجەی دەری کرد دڵۆ
نە دەستی پاشبارەی ناسی
نە ساوێکی دا لە داسی
نە بەگەرما داھێزاوە
نە خەوی لە چاوی زاوە
نە بەسەرمایە تەزیوە
نە لە کای پاییز خزیوە
نە نووسەکەی پێوە نووسا
نە لەبەر بارانێ خووسا
نە زوقمی بەسەردا باری
نە لە قوڕدا کەوت باری
نە دی شەو و شەونخوونی
نە چێشتی دەردی نەبوونی
تا کەی وا بم، تا کەی وا بم
دەس بەتاڵ و ڕە بە با بم
تاکەی ڕەنجی شان و پیلم
بۆ دوژمن بێ، بۆ من دیلم؟
نا نا، تازە ڕاپەڕیوم
ناتوانن بدەن فریوم
ڕێبازی شۆڕش بەر نادەم
مەودا بەداگیرکەر نادەم
لە شان و باھۆی خۆم ڕادی
ھەڵگرم ئاڵای ئازادی
"هێمن"
@hoday_sher
🌿💫
لە تەجرەبەی ئەو ژیانە تێکەڵ پێکەڵەمدا ئەوەندەم بۆ ڕوون بۆتەوە کە لە هەزار دۆستی بە دەم دۆست، یەکێکیان لە ڕۆژی تەنگانەدا دە هاوارت نایەن. نابێ چاوت لەوە بێ کە ئەگەر لێت قەوما، فریات کەون. ناشبێ دۆستایەتیی ئەو تەرزە کەسانە نەکەی؛ دەنا بە تەنیا دەمێنییەوە و پیاو لە دنیادا بە تەنیا ناژی. لەوانەشە لە ناو زۆراندا، بەختت بیهێنێ و ئەگەر لە هەموو تەمەنتدا دوو یان سێ دۆستی زۆر باشت دەس کەوێ-کە لە خۆشی و ناخۆشیدا هەر یاریکارت بێ-خۆت بە بەختەوەر بزانە! ڕۆژانێ کە لە بەغدا بووم و لەوپەڕی هەژاریدا ڕامدەبوارد، کەسانێک جاروبارە دەیانەویست، یان بە دەم دەیانگوت دەمانەوێ پووڵت بدەینێ، دەمگوت سواڵ ناکەم؛ کارم بۆ بدۆزنەوە. لەو «نامەوێ»یەی من ئیستفادەیان دەکرد، لای ناسیاوێکی من دەیانگوت: پیاوێکی کەللەشەقە، پووڵی دەدەینێ نایەوێ!
هەژار موکریانی
چێشتی مجێور
🌿💫
ڕۆژ باش هاوڕێیانی ئازیز
@hoday_sher
🌿💫
ئەم بەیانییە ڕۆژ باشم
لە پەنجەرەی ژوورەکەم کرد
بەڵام جوابی نەدامەوە
سەرسام بووم و قەیرێ ڕامام
تا دەرگای ژوورەکە وتی لێو عاجزە.
وتم بۆچی؟
وتی چونکە تۆ دەمێکە
هەر دوو دەستیت بەستۆتەوە و
نایکەیتەوە.
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
@hoday_sher
💫🌿
چاوەکەم
"عەدنان کەریم"
@hoday_sher
🌿💫
تەوژم و تین
ئەگەڕا نوتفەدانی پەنجەرەکان
وە ماڵی بێ زگوزا
پڕ ئەبوو
لە تۆوی بەھار
شنە ھەمیشە وەکوو،
ویردی زاری پەنجەرە بوو
ئەبوو بەسەربەندێ،
لە قاپی سەوزی زەمەندا،
دووپات ئەکراوە
منیش دڵم پشکووت
بەڵێنیی دەعوەتی ڕەنگینی پەنجەرەی تاکی
بەرەو بەھارم دا
لە بەربەیانی وەھا
خۆشەویست و متفەڕکا،
کە کۆلکەزێڕینە ئەبوو بە مەقتەعی شێعری
درێژی بارانە،
وە پڕ بە پێستی لەشم
حولوولی گیانی
تەبیعەت بوو
دەسم،
لە چەشنی شینکە لە خاکی
بەھاری پاک ئەڕوا
وە عەتری زاری کچی پێوە
خاکی ماجوومی.
منیش بە سەجع و ھەوای
شەپۆلی چۆمە ئەڵێم
شێعر و با و بالۆرەم
وە با بە سۆزە، بە نەرمی
خەریکە لاوژە ئەگێڕێ
بە شێعری پاراوم
وە ئیمانم،
پتەو ئەبێ بە سەفای
گەورە ماڵی پەنجەرەکان
لە ھەرچی ئینسانە
ئەگێڕمەوە
بە ھەموو بانگەوازی دەستی بڵاوم
دەمێکی بوو دڵی من
پڕ بە پێستی تەنیایی
شەپۆڕ و شینی ئەگێڕا
دەمێکی وا دادێ،
بە ھەرچی وا لە وزەی سەوزی پەنجەرەدا
دڵی بەتاسەی من
خەریکە پێئەکەنێ.
"سواره ئیلخانیزاده"
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژ باش هاوڕێیانی ئازیز
@hoday_sher
🌿💫
من حەزم له شتی سادەیه ...
کتێبەکان ...
تەنیایی ..
یا بوون لەگەڵ کەسێک که لێت تێدەگا ...
"دافێنێ دومۆریێ"
@hoday_sher
🌿💫
شیرین...
ئێمڕۆ دەبێ،
ھەموو ھەورە گەڕۆکەکان کۆ کەیەوە،
برووسکەیەک دەستەمۆ کەی.
زۆر لە مێژە ئەم وڵاتە بێبەھارە،
بەرگی سەوز ناکاتە بەر.
تەشی با دە،
برووسکەکەت
لە ڕانی ئاسمان بخشێنە و
ڕیزڕیز باران
وەک داوە بەنی بادراو
لە کەڵافی ئەم ھەورانە ببارێنە،
با کیژی تۆریاوی سروشت،
بۆ بەھاری ساڵی تازە،
بەرگی سەوز،
بۆ بەژنی ئەم خاکە بچنێ.
"مارف ئاغایی"
@hoday_sher
@hoday_sher
Читать полностью…🌿💫
"بورهان مەجید"
نیوەشەوە
@hoday_sher
🌿💫
هەمووتان دەزانن که خولیای عەدالەت ئەوەیه گوناهبارەکان بگرێت و سزایان بدات، بەڵام گەر عداڵەت به وردی جێبەجێ بکەین، مانای ئەوەی دەبێت هەموو گوناهباران سزا بدەین، دەبێت بۆ هەموو گوناهێک سزایەکمان هەبێت. بەڵام ئینسان بەردەوام گوناه دەکات . . . هیچ مرۆڤێک نیه شایستەی سزا نەبێت. هەموو شایستەی سزاین. بەڕێزینه عەدالەتی ڕاستەقینه ئەم سەرزەمینه دەگۆڕێت بۆ جەهەنەم، هیچ شتێک وەک ئەم وشەیە زەوی پڕ نەکردووه له ئافات، عەدالەت ئینسان دەگێڕێتەوە بۆ وەحشییەت، عەدالەت وا دەکات ئیشی ئینسان لەم سەر ئەستێرەیە ببێته سزادان . . . سزادان . . . سزادانێکی بێکۆتایی. سزا بدرێیت و سزا بدەیت، ئەوەیه عەدالەت. بەڵام ئینسان دەبێت له شوێنێکدا بوەستێت و چیتر بیر له عەدالەت نەکاتەوە.
"بەختیار عەلی"
شاری مۆسیقاره سپییەکان
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژ باش هاوڕێیانی ئازیز
@hoday_sher
🌿💫
دزەی نیگای ژێر تارای شەرم و ناز،
سەرنجی کێشام کیژی کرچ و کاڵ.
ئەی پەریزادەی ئەو پەڕی جوانی،
لەو ساوە کە تۆ،
بازی نازی تۆ،
بۆ منی کڵۆڵ ئەنێریتە ڕاو،
دڵ وەک دوو تەپڵەی
سوارەی کوردی،
جوانووی نەگیراو،
مەیل ئەخاتە باڵ.
خەرمانەی بۆنی زولفت لە سار شان
بۆی کێوی شەوبۆ فەسڵی درەنگان
تێریتە بیرم.
چاوە کاڵەکەت،
ھەسارەکەی ڕۆژ بۆ ڕێبواری شەو،
یا خۆ قاسپەی کەو لە دەم بەیانا،
بۆ ھەوارنشین،
ھەوارگەی شاھۆ،
تێریتە بیرم.
کە ڕووی وتارت ئەکەیتە لای من،
سروەی بەیانی، ئازیز شنەشن،
تێریتە بیرم.
"سواره ئیلخانیزاده"
@hoday_sher
@hoday_sher
Читать полностью…