🌿💫
لە دواییشدا تۆ ئەپرسی:
ئەی جێژوانی بێ ماچ لەچی ئەچێ؟
منیش دەڵێم:
لەو کەمانچە دانراوەی لە
سووچێکدا چاوەڕوانە و کەس نایژەنێ…!
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
گهر یهكێک
بهرامبهر كتێبێكی گهوره و
گرنگ بێدهنگ بوو،
دهتوانێت بهرامبهر
تاوانێكی گهورهش بێدهنگ بێت!
"بەختیار عەلی"
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژباش هاوڕێیان
تۆ وەکوو
سروەی بەیانانی بەهاری!
تۆ لە لەشما
گیانی سووکی نادیاری؛
بۆ شەوی خۆشی و نەخۆشیم یادگاری؛
ڕەمزی دەردی ئینتزاری!
"سوارە ئیلخانیزادە"
@hoday_sher
🌿💫
کە باسی ماچی تۆ دەکەم ،
چی هەنگوێنە دەبێ بە تەم
کە باسی پرچی تۆ دەکەم ،
هەتاو پرچی خۆی لوول دەکاو
بە جێ دەهێڵێ ژوورەکەم !
کە باسی باڵاشت دەکەم ،
چی عەر عەرەو سنەوبەره
زیز دەبن و یەک لە دوای یەک
بەجێ دەهێڵن باغچەکەم ...
"لەتیف هەڵمەت"
@hoday_sher
🟢🟡🔴
چاپکراوەی نوێ
📖وەرزی پێنجەم
بابەت:کۆمەڵە چیرۆک
نووسەر: نیشتمان قادریان
ـــــــ🏳️📖🏳️ــــــــ
سەقز، مەیدانی هەڵۆ، ژێرزەمینی موجتەمەعی هەڵۆ - ناوەندی خانی
📞08736308402
◽️instagram:
http://instagram.com/xanipub
◽️Telegram:
| @xanipub
🌿💫
لە شیرینی جەماڵی تۆیە ڕۆژی ڕوونی لەیلایە
ئەگەر فەرهادی سەرگەردان ئەگەر مەجنوونی دێوانە..
"وەفایی"
@hoday_sher
🌿💫
کۆڵبەر
کۆڵبەرێک کوژرا
ژنێک بوو بە
بێوەژنی پەنجەرە
زاهێد قادرمەرزی ۲۳ ۲ ۹۸
کتێبی "ترسە خۆڵینەکان"
/channel/tirsexolinekan
@hoday_sher
🌿💫
دەرگەکەتم لێ بکەوە!
هەر دڵدارەکەی جارانم،
هەر کێڵگەکەی بەردەرگەتم،
هەر تینووەکەی بەر کڕێوە و با و بارانم...
"عەبدوڵڵا پەشێو"
@hoday_sher
🌿💫
شەوێک هات بۆ ماڵمان نەمناسییەوە
هاتبوو ماڵئاوایم لێ بکات
کە دەستی خستە سەر ڕۆحم دەترسا
کە پەنجەی بۆ دڵم دەبرد دەلەرزی
چاوانی پڕبوو لە پرسیار دەربارەی خوێنی من
دەستی خۆی نەدامێ بۆ سەما
لێوی خۆی نەدامێ بۆ گۆرانی
قوم قوم لە خەندەی یەکترمان خواردەوە
مژمان لەنەفەسی یەکدا
کەسمان باوەڕمان بەیەک نەبوو
نەچوینە ئامێزی خەونی یەک
قا قا پێدەکەنین و دەستمان لەسەر خەنجەرەکانمان بوو
دەگریاین و دەترساین ئەسرینمان هەمووی ژەهر بێ
هات و هەموو تۆزی ڕێگاکانی پێوەبوو
دەیویست بزانم بۆ تۆڵە هاتووە
دەمویست بزانێت بۆ تۆڵە چاوەڕێی دەکەم
مەودای نێوانمان مەودای شەرەف بوو.
تا ماتەمی گوڵ، تا خوێنی فریشتە
"بەختیار عەلی"
@hoday_sher
🌿💫
کە چاوەڕێی هاتنی تۆم
کات سڕ دەبێ و سروشت دەنوێ
نە گەڵایەک دەشنێتەوە
نە سرتەیەک دەگاتە گوێ
"پەشێو"
@hoday_sher
🌿💫
کە تۆ تۆرای لە چاوان وەک خەوی من
لە بسکت ڕەشترە مانگەشەوی من
بڕۆ مەجنوون! بە لەیلای خۆت مەنازە
کە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من
"هێمن"
@hoday_sher
🌿💫
چارەنووست قەدقەد لە من چاکتر نابێ
چاویلکەی ڕوانینت بۆ ژین
قەد لەوەی من پاکتر نابێ
وەرە ئازیز
تا هەردوکمان نەسووتاوین
تا هەردوکمان نەفەوتاوین
ئاوێ بکەین بەم ئاگرا
"بەڵێن سەنگاوی"
@hoday_sher
🌿💫
پێت دەڵێم زۆر خۆشەویستی
پــڕ بە دڵ هـــاوار دەکــەم
شەرمی ناوێ خۆشەویستی
تــۆش بــڵێ بــاوانــەکـــەم
"سیمین چایچی"
@hoday_sher
یووسا لە کتێبی "بۆ چی ئەدەبیات" دا دەڵێ :ئەدەبیات بۆ کەسانێک کە ڕازین بەو شتانەی وا هەیانە و ژیان بەو جۆرەی کە هەیە؛ شتێکی بۆ وتن پێ نییە! ئەدەبیات پێخۆری ڕوحە یاخی و ناڕازییەکانە، داڵدەی کەسانێکە وا شاد نین. مڕۆڤ پەنا دەباتە ئەدەبیات بەڵکوو خەمبار و بێکەمایەسی نەبێ.
#وەرزیـپێنجەم هەوەڵ بەرهەمی چڕوپڕی خاتوو "#نیشتمانـقادریان"ـە کە ڕێک دەبێتە داڵدەی ڕوحە یاخییەکان، ئەوانەی لە ژیانی ئاسایی و چارەنووسی داسەپاو تووڕەن. دەروونشیکارانە دزەی بردووەتە مێشک و ناخی هەستە نهێنییەکانی وا تەنیا مرۆڤە وردبین و هەستیارەکان دەیبینن. نووسەر نەک چیرۆکی نووسیبێ کە لەگەڵ چیرۆکەکانی ژیاوە. دەڵێن بە خوێندنەوەی چیرۆک ئەزموونی کۆمەڵە ژیانێکی نوێ و جیاوازت پێ دەدرێ کە لە دنیای ڕاستەقینەدا دەرفەتی ئەزموونکردنیانت نییە. ئەمە لە کۆمەڵەچیرۆکی نیشتمان خاندا بە جوانی دەردەکەوێ
.
لە وەرزی پێنجەمدا خوێنەر تامەزرۆیانە لە بازدانێکی زەمانیدا دەمێنێتەوە و لەگەڵ کەسایەتییەکان هاوڕێ دەبێ؛ هاوڕێی خۆشی و ناخۆشییەکان، مان و نەمان، عەشق و نەفرەت، بوون و نەبوون....
بە دڵنیایی هەست بە یاخیبوون و حەول بۆ ڕزگاری لە یەکەم چیرۆک تا دوازدەهەمینیان دەبیندرێ، بە پێچەوانەی تاڵی ژیانی کەسایەتییەکان هیوا و هومێد لەبەرچاوە بە هۆی
تێکۆشان و تەقالایەک کە بۆ دەربازبوون لە دۆخی نەخوازراو دەدرێ، بەڵگەشی ئەمەیە کە بێجووڵەیی ملدانە بە چارەنووس کە وایە لە وەرزێکی نائاسایی و دەسکرددا پێنووس وە قسە دێ و ژیانێکی نوێ دەخولقێ.
هاجەر هووشیار
🌿💫
جوانکاری لە نێوان پێویستی یان خۆنەویستی
دەڵێن گیرۆدە بوون بە مادە هۆشبەرەکان (اعتیاد بە مواد مخدر)جۆرێک نەخۆشییە. ئەم وتە ڕەنگە بۆ گەڵانی بەختەوەر ڕاست بێ، بەڵام بۆ کوردی هەژار کە هەزاران جار شەڕ و ماڵوێرانی و ئاوارەیی لە چارەنووسی نووسراوە؛ دەکرێ تەنیا وەک نەخۆشی بۆی بڕوانین؟
سەرباری هەموو ئەم دەردانە، ئێستا گیرۆدەی زۆر شتی تریش بوویین. خەڵک گیریان خواردووە بە دەستی جەستەی خۆیانەوە. نەشتەرگەری جوانکاری(عمل زیبایی) بە دەیان شێوە بۆتە بەشێک لە ژیانیان. پێشتر مرۆڤەکان پەیوەست بوون بە بنەماڵە، عەشیرە، خێڵ، ئایین و... بەڵام دنیای ئەمڕۆ تەواوی ئەو پێوەندییانەی پچڕاندووە. مرۆڤی تەنیای ئێستا، بەس لەشی خۆی شک ئەبات.کاتێ بە ناحەق هەست بە نائاسایی بوونی لەشمان ئەکەین، وردە وردە خۆنەویستی دەس پێدەکات.
سەرمایەداری جیهانیش باش پێویستییەکانی بەشەر دەناسێ. بەڵام بۆ قازانجی خۆی پێویستی نابەجێ(نیاز کاذب)ی خستۆتە گەڕ.
کاتێ لە پرۆسەی هاوسەرگیری، پیاو دەبێتە سەرپشک بۆ هەڵبژاردن و زۆریان پێوەریان جوانیی ڕواڵەتی ژنە. کاتێ ناتەواوی لەش ئەبێتە پێناسە بۆ تاک وەکوو: شەل، کورت، کەچەڵ... کاتێ لە بنەماڵە و فێرگەکان متمانەی ڕاستەقینە بە منداڵ فێرناکرێ. کاتێ بۆ ئیش وکار، جوانی پێویستە نەک زانست.کاتێ...
ئەبێ بۆ چارەسەری ئەم هەموو دەردە چ بکەین؟ پێش هەموومان، مافیا لە ڕێگای مێدیا و ئەکترەکانەوە وڵام دەداتەوە: بە نەشتەرگەری جوانکاری؛ لەم ڕێگاوە متمانە، کار، هاوسەر، پێگەی کۆمەڵایەتی و زۆر شتی ترتان دەس دەکەوێ.
مافیا گیرفانی خۆی بە پارەی ئەو کەسانە پڕ دەکات کە بەم ڕیکلامە سڕ کراون. بۆشیان گرنگ نیە تەندرووستی کێ تێک دەچێ؟ کێ پاش نەشتەرگەری تووشی کێشەی جەستە و هەستیاری دەبێ؟ تەنانەت جار هەیە نەشتەرگەر کەسێکی ناشارەزا بووە و کەسانێک گیانیان لە دەست داوە. یان دوایی تووشی دەیان کێشەی دەروونی ئەبن؛ بۆ وێنە زۆربەی ئەو کەسانەی کە نەشتەرگەری جوانکارییان بۆ کراوە هەمیشە چاوەڕێی ڕای خەڵکن لە مەڕ ڕواڵەتیانەوە و ناتوانن بە شێوازی ئاسایی تێکەڵ بەکۆمەڵ بن. هەروەها باسی کاریگەری خراپی لە سەر کەلتوور: لە پاڵ جوانی ڕوومەت و بەژن وباڵا، پێشتر وەفا و پاکی دەروونی بایەخدارتر بوو. بە هۆی مافیاوە بێ ئەخلاقی زۆر لە نێو خەڵکدا گشتگیر بووە کە ئەبێ بە یەکێکی وەکوو فرۆید شی بکرێتەوە.
لە مێژووی دنیادا هەزاران بلیمەت هەبووە لە بواری پەیکەرسازی، نیگارکێشی، ئەدەبیات، گۆرانی، سینەما و شانۆ، کە باسی جوانی ژنیان کردوە، بەڵام هیچکات پێوەرێکی ستانداردیان دیاری نەکردووە بۆ جوانی. هەر گەلێک پێوەری خۆی هەبووە: عەرەبەکان چاوی گەش و بسکی ڕەش. فەرانسییەکان جوانیی سرووشتی بەبێ ئارایش، ژاپۆنییەکان پێی بچووک و هەنگاوی ورد، کوردی خۆشمان لێوی قەیتانی و بەژنی باریک و... کەچی ئێستا مافیا هەموویانی لە قاڵبێکدا داڕشتووە، بۆیە پاش نەشتەرگەری هەموویان وەکوو منداڵی ماڵێکن. بێ شەرم و شوورەیی ناویشی بۆ داناون: لێوی وشتر، چاوی پشیلە، لووتی بەراز، زمانی مار، گوێی گورگ و...تەنیا نێوی جوانییە، دەنا هەر مۆدە. جاران مۆد تەنیا جلوبەرگ بوو ئێستا لەشیشی لێ زیاد کراوە هەر وەکوو کاڵا.
لە ڕۆژاوا کاتێ ئەم باسە کەوتە ئاراوە، یەکەم جار فیمینیستەکان لە دژی ڕاوەستان. دەیانگوت بۆ ئەبێ ژنان لە بەر کەیفی پیاوان، هێز و کات و پارەی خۆیان بەخت بکەن و تەندروستی و لەشی خۆیان بسپێرن بە تیغی تیژی دکتۆران؟ ئەویش نە جار و دوو جار! لە کاتێکدا سەلامەتی گرنگترین شتە بۆ مرۆڤ. ئەوان ئەگەرچی نەیانتوانی پێش بەو کارە بگرن، بەڵام بە هۆی هەبوونی کەمپەینی بەهێزی ئەوانەوە ئێستا لە ئامریکا و ئۆسترالیا، ئەگەر کەسێ بیەوێ نەشتەرگەری جوانکاری بکات، ئەبێ بە پێی یاسا پێشتر لە لایەن پسپۆڕێکی دەروونناسەوە ئیزنی پێدرابێ. بەشێک لەوانە لە لایەن دەروونناسەکانەوە بە نەخۆشی دەروونی ناسراون کە ئەبێ خۆ بەکەمزانییان چارەسەر بکرێ نەک جوانکارییان.
ڕەنگە کەسێک لەبەر ڕووداوێک یان هەر زگماکی تووشی ناتەواویێک بووبێت، ئەوە پێویستە جوانی بە باشترین شێوە بگەڕێتەوە، بەڵام کارەسات ئەوانەن کە دەروونیان کاولە نەک ڕواڵەتیان
بەڕێزان؛ مافیا و مێدیا قازانجی خۆیان لە خەساری خەڵکدا دەبینن. ڕێگای رزگاریمان تەنیا بەرز ڕاگرتنی ئاستی هۆشیاریمانە. کەسێ کە هۆشیار بێت قەت پێی وانییە کە بە هۆی جوانکاری شوێنێکیەوە بەختەوەر ئەبێ. حەیفە بۆ ئێمەی کوردی خاوەن کەلتوور و میژوو، کارمان ببێتە لاسایی کردنەوە. بەداخەوە بە هۆی نەبووی پێوەندی نێوان ڕووناکبیران و ڕەشەخەڵک هێشتا هیچ هەوڵێک لەم بوارەدا بۆئاگادارکردنەوەی خەڵکی ئاسایی نەدراوە تا تاکی کورد له باتی ئەم کارانە، نەشتەرگەری مێشک بۆ عەیبە گەورەکانی بکات و ئاواتە بەرزەکانی بێنێتەدی.
عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۲/۰۳/۰۱
تێبینی:تەنیایی ئەم سەردەمە زۆر کیشەی تری لێ کەوتۆتەوە وەکوو: ژیان لە گەڵ ئاژەڵان و لەشجوانی ناسالم و...
@hoday_sher
🌿💫
چاوەکەم چاوی ڕەشی تۆ ئافەتی گیانی منە
گیانەکەم برژانگی تیژت نووکە ڕمبی دوژمنە
ــــــــــــــ
ھێمن موکریانی
چاوەکەم چاوی ڕەشی تۆ نێعمەته، کوا ئافەتە؟
گیانەکەم برژانگی تیژت بۆ سوپای میری برۆت
ــــــــــــــ
موحیب مھابادی
چاوەکەم دوور بــێ لە ڕووت وا چاوەکانــم ژان ئەکەن
ھەر لە سورمەی خاکی ڕێگات ئارەزووی دەرمان ئەکەن
ــــــــــــــ
ئەحمەد موختار جاف
چاوەکەم بۆیە بە دایم کار و پیشەم زارییە
حاکمی چاوت لەگەڵ من مایلی غەددارییە
ـــــــــــ
ناری
چاوەکەم ئەمڕۆ لە گوڵشەن گوڵ بە عیشوە خۆی نواند
نەک نمەکگیر بم، بە مەرگی تۆ قەسەم ھیچ نەمدواند
ــــــــــــ
حەریق
برینانی دەروونم، چاوەکەم، وەک چاومە وێران
لە وێرانی مەپرسە، ھەم دەر و ھەم ناومە وێران
ـــــــــــ
مەحوی
چاوهكـهم چـاوم به دایــم ئینتیزاری تــۆ ئهكا
شهو به یادی دیدهنت یادی گوڵی شهوبۆ ئهكا
ــــــــــــــ
صافی ھیرانی
چاوەکــەم زانیــوتە بـــۆ شەو خــەو لە چاوم ناکەوێ؟
چونکە من پێش خزمەتانم،پێش خزمەتان نانون شەوێ
ـــــــــــ
کوردی
چاوەکەم داخوم لە غوربەت یادی ناوی من دەکەی
یا لە تەک خێڵی هــەژاران باســی تاوی مـن دەکەی
ـــــــــــــــ
بەشیر
@hoday_sher
🌿💫
منــی دێـــوانەکـــەت دێـوانـــەتر بــــووم
لـــەنــاو وێرانـەکـــان وێــــرانـــەتر بــووم
لە خان و مانی خۆم دەرچووم به عیشقت
بــە عیــشقی تــۆوە من بێخــانـەتر بـــووم
"خــاڵە قــــازی"
@hoday_sher
🌿💫
لە باوڵەکەی داپیرەمدا لەگەڵ تاقمی ددان و عەینەک و تەسبیحدا، ھەندێ وشەی باشیشم بە میرات بۆ مایەوە..
مرۆڤ و نیشتیمان و خۆشمدەوێی.
مرۆڤم لەناو دووکەڵدا بزر کرد، کە داعشێک لەپێش چاومان ھەر بەو ئاگرەی بۆ حەزرەتی ئیبراھیم کرایەوە جەستەی کچۆڵەیەکی ئێزیدی برژاند.
ناشزانم نیشتیمان لە کوێیە، دەڵێن چۆتە ناو هەموو وەسڵی موخالەفەیەک..
ئێستا، تەنها شوێنی خۆشمدەوێی پێدەزانم،
ئێواران وەکو بێچووە سەگێک لە پەنایەکی کۆڵانەکەتان هەڵکوڕماوەو جار جارە تەماشای پەنجەرەی ژوورەکەت دەکا !
"تەڵعەت تاهیر"
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژباش هاوڕێیان
درۆ نییە
ئەگەر وتیان: لە بازاڕی جیهاندا
قلێ بزمار نەماوە
درۆ نییە
هەمووی لە بەندیخانەکاندا
بە پەلوپۆی دڵدارانی گوڵ و خۆردا
داکوتراوە.
"لەتیف هەڵمەت"
@hoday_sher
🌿💫کۆڵانێ ئاو پرژێن دەکەم
یار دێ ودەڕوا تۆز نەیگرێ
هەروا دەڕوا لەنجە دەکا
هێمنیم شپرزه دەکا
سەماوەری داگیرسێنم
ئیستیکان و قەندی بێنم
یارم دەڕوا دادەمێنم
یارم دەڕوا بەجێمێنم
چەن نازادارە یاری جوانم
چەن شیرینە یاری ژیانم
کۆڵانێ ئاوپرژێن دەکەم
یار دێ و دەڕوا تۆز نەیگرێ
کۆڵانێ ئاوپرژێن دەکەم
"جوانا ئەبووبەکر حەمە"
🌿💫
لام وابوو پیر بووم عەشق دەستم لێ هەڵئەگرێ
نەمزانی داری وشک باشتر ئاگر ئەگرێ
"شێخ ڕەزا"
@hoday_sher