🌿💫
لێم ببوورە...
ئەی بارانی وڵاتەکەم!
لەم غەریبییەدا
ئەگەر مردم و نەمتوانی جارێکی دیکەش لەگەڵتا بگریم.
لێم ببوورە!
ئەی نێرگزەی بسک زەردی وڵاتەکەم!
لەم غەریبییەدا
ئەگەر نەمتوانی بێمەوە و بۆ دوایین جار لەبەر پێتدا بنووشتێمەوە.
لێم ببوورە!
ئەی دەزگیرانە ڕەشپۆشەکەم!
لەم غەریبییەدا
ئەگەر نەمتوانی بێمەوە و بۆ دوایین جار ماچت بکەم.
لێم ببوورە،
لێم ببوورە ئەی ئەو چارۆگە فرمێسکاوییەی کە بەسەر تەمی نیشتمانە کوژراوەکەم دادراوی!
"فەرهاد پیرباڵ"
@hoday_sher
🌿💫
بۆ ئازادیم دەگەڕێم و
دەستەکانم به جەستەت بێدار دەبنەوە
تۆ جەوهەری شتەکانیت
فەزای خەون و خەڵوەتی گیان
جەستەت گوڵووکی ڕووناکیی گرتووە
دەستەکانت داهاتوویان وەک ئاوێنە
بەرامبەرم ڕاگرتووە
ڕووناکیت قیبلەی ئەبەدیمە
«بەندبوونم لە تۆدا، ئازادیمە»
"ڕەفیق سابیر"
@hoday_sher
🌿💫
تۆ وەک گڕی شەمێک دەچی
ئەمنیش وەک بەژنی ئەم شەمەم.
دڵنیا بە، هەر کاتێکی
هەموو گیانم لە عیشقتا بتوێتەوە
گڕی ژینت
ئەکوژێتەوە ...
"مارف ئاغایی"
📙#زەوی_سەخت_و_ئاسمان_دوور
@hoday_sher
🌿💫
وتم: نازی ئەوینت دایچزانم!
وتی: دەردت لە گیانم خۆ دەزانم
وتم: ئیزنم دەدەی تێرت ببینم؟
وتی: نابێ بزانن ناحەزانم ...!
وتم: ئەشقت لە دڵما بێسنوورە
وتی: وا خۆشە ئەمنیش پێی بزانم
وتم: دڵ چاوەڕێی دیدارە، کەی دێی؟
وتی: نابێ پەلەت بێ، با بزانم ...!
وتم: بێ تۆ گەڵاڕێزان بەڕێوە
وتی: تۆ بی، بەھارانە خەزانم
وتم: سەیران و گەشتی تۆ لە کوێیە؟
وتی: ھەردەم لە باغ و نێو ڕەزانم
وتم: گیانم فیداتە و سەر لەپێناو
وتی: "ئەحمەد" بەڵێ من پێ دەزانم!
بۆکان، ئەحمەد مەولانی،
٢٢/ ٩/ ١٣٩٨
@hoday_sher
🌿💫
"مامۆستا محەممەدی ماملێ"
دایە گیان بگری لەسەرخاکم کەوا شینم دەوێ...
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژباش هاوڕێیان
فیدای کۆڕی خەباتت بم کچی کورد
کە گیان باز و فیداکار و بوێری
ئەتۆ سەربەرز و ڕووسووری و بە خوێنت
گوڵاڵەی سووری ئازادی دەدێری
"هێمن"
@hoday_sher
🌿💫
"ڕۆژباش هاوڕێیان"
دەنـووسـم لەسەر دیـوار
لەسەر گـوڵ و گـەڵای دار
لەسـەر دەرگـای ماڵمان
بــژی ئــازادیی کـوردسـتان
"لەتیف هەڵمەت"
@hoday_sher
🌿💫
دیم کچێکی لەباری لادێیی
بۆ نوێژ ڕادەخا بەرەڵبێنێ
گوتم ئەی نازەنین کە ڕوخسارت
هەموو باغی بەهشتی خودا دێنێ
بۆچی پێت وایە ئەو خودا گەورە
هێندە بێڕەحمە تۆش بسووتێنێ؟
"مامۆستا هێمن"
@hoday_sher
🌿💫
"ڕۆژباش هاوڕێیان"
من دایکی تۆم بەڵام گیانە
ئەم وڵاتی کوردستانە
تۆی پەروەردە کرد بە جوانی
تۆش، سا ببە بە قوربانی
"کامەران موکری"
@hoday_sher
🌿💫
" کورتەیەک لە ڕۆمان"
هەڵاڵە لە کاتی دەمەقاڵی دایک و باوکی لە سەر ژنهێنانەکەی، بیری لەوە دەکردەوە:
ڕەعنا.....ڕەعنا..... نەکا ئەو بێوەژنە جوانە بێت کە ماڵەکەیان لە خوار خانووەکەی جارانی ئێمە بوو؟
دایکی گوتبووی: منیش جوان بووم، بەر لەوەی شوو بە باوکتان بکەم، بەر لەوەی تووشی ئەم هەموو بەڵا و مەینەتییە ببم جوان بووم.
هەڵاڵه بەخۆیدا شکابووەوە. تەریق بووبووەوە. بە تەریقییەوە لە دایکی ڕوانیبوو، باوەشی پێدا کردبوو.
تۆ ئێستاش جوانیت دایە گیان! تەنانەت جوانتر لە خاتوو کڵاوزێڕی کچی پاشاش.
📙"گرەوی بەختی هەڵاڵه" ل. ۸۸
✍🏻 #عەتا_نەهایی
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژباش هاوڕێیان
خەو بەسیە بەیانە هەستە چاوکاڵی شەپاڵ
گفتێکی شیرین بکە مەزەی بادەی تاڵ
ٓ"خەییام_هەژار"
@hoday_sher
🌿💫
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە
چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێپەست بوو تاکوو پار
هەر خوێنی لاوەکان بووە گوڵ ئاڵی نەوبەهار
ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە
وا ڕۆژ هەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا
قەڵخانی گولە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین
"پیرەمێرد"
@hoday_sher
🌿💫
هەلاوە_مەلاوە
نەورۆزانە بە کوردی فێر بین
هەترێ مەترێ، نەورۆزە وەرنە دەرێ، نەورۆزانەمان دەنێ،
سەری ساڵێ، بنی ساڵێ، یاخودا نەمرێ گەورەی ماڵێ،
هەلاوە مەلاوە، بێستانی سووور و ساوا،
کوڕتان ببێ بە زاوا، کچتان نەبێ بە چاوا،
هەلۆکان و مەلۆکان، دایک و بابی جندۆکان، ناردوویانم بۆ هێلکان،
@hoday_sher
🌿💫
سێدارە
ئەگەر بڵێم شارەکەمم خۆشدەوێ
دەمدەن لە دار
ئەگەر بڵێم یارەکەمم خۆشدەوێ
دەمدەن لە دار
هەموو ڕۆژێ فیرعەونی شار
هەزاران جار
دەمدا لە دار
قەدەغەیە خۆشەویستی
قەدەغەیە خەندە و پرسیار
بە یەک بڕیار
لێک دەترازێن
هەزارەها کەو و نزار
هەموو ڕۆژێ فیرعەونی شار
زگی دایکە خەمبارەکان هەڵدەدڕێ
بۆ پێغەمبەرێک دەگەڕێ
بیدا لە دار
کە خۆرێ نوێ دێنێ بۆ شار
"لەتیف هەڵمەت"
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژباش هاوڕێیان
سپی بووی، بوویه شین و بوویه سوور و ئێستە ڕووزەردی
ئـەمـن یەک ڕەنـگ و ڕوو، وەک پـیـاوی خاوەن ئابڕوو کوردم
"هەژار"
@hoday_sher
🌿💫
لەو دیوی پەنجەرەکەدا:
چنارێکی گەڵاوەریو،
هەڵدەلەرزێ و
بایەکی سڕی پاییزی
لە پێش چاوی،
گەڵاکانی
نوقمی گەردەلوولێ دەکا.
لەم دیوەی پەنجەرەکەدا:
کەسێ دیارە؛
دوایین دەستەچیلەی یادی،
بە ئاگردانی تەنیایی خۆی دەسپێرێ و
وردە وردە
خامی سپی
بەسەر خۆیدا هەڵدەکێشێ...!
"مارف ئاغایی"
@hoday_sher
🌿💫
لێـرە نیت و
بەڵام هێشتــا لەسەر زاری
پـەڕەسێلکەی ئێوارانـی و
لە نەغمـەی ڕەش و سپیـدا
دوو بـاڵی تەڕی گـریانـی و
لەسەر پــاییز و لەسەر مــن
لــەنگەر ئەگری
لێرە نیت و کـەچی ئێستایش
شۆڕە بییەکان یـەکە یـەکە
بەسەر جۆگەی یادگـاریتا نوشتاونەوە و
چاوەڕوانن لەگەڵ شەپۆلێکی وێڵدا تۆیش بێیتەوە
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
کورتەیەک لە ڕۆمان
پیاوان یان ناشرینن یان جوانن،
پیاوی مامناوەندی نییە،
بەڵام جوانەکانیش دوو چەشنن، یەکێکیان ئەوانەن کە بەرلە هەر شتێک جوانییەکەیان دەتباتەوە بۆ ناو دونیا،
بۆ ناو کۆشک، بۆ ناو بازاڕ، بۆ سەفەر،
بۆ بۆنی عەتر، بۆ ناوجێگا، بەڵام جۆرە
جوانییەکی نێرانەی تر هەیە،
کە دەتباتەوە بۆ کتێب، بۆ دەریا،
بۆ فڕین، بۆ کەنارە دوورەکان، بۆ نهێنییەکانی ناو زوڵمەت، بۆ بیرکردنەوە لە بوون لە ماهییەتی شتەکان،
جوانی یەکەمیان چەشنی زۆرە، بەڵام
جوانی دووەم جۆرێکی دەگمەنە،
کەم پیاو هەیە ئەو جۆرە جوانییە
میتافیزیکییەی هەبێت، چاوانی
پڕ بێت لەو بانگەوازە نهێنیانە.
📙 #کەشتیی_فریشتەکان
"بەختیار عەلی"
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژی جلوبەرگی کوردی
نزیکبوونەوەی نەورۆز و ھاتنی وەرزی بەھار، وا دەکات ڕەنگاوڕەنگیی سروشتی کوردستان و جوانیی جلی کوردی ئاوێتەی یەکتر ببن.
ڕۆژی 10ـی مانگی مارسی ھەموو ساڵێک، وەک ڕۆژی جلی کوردی دەستنیشان کراوە.
جلوبەرگی کوردی، ڕەمز و پێناسەی ئێمەی کوردە.
ئێمەی کورد نەتەوەیەکین کە سەرەڕای ئەوەی ھەمیشە ھەوڵی سڕینەوەمان و سڕینەوەی زمان و جلوبەرگمان دراوە، بەڵام ھەموو ھێماکانی نەتەوەییی خۆمانمان پاراستووە.
هیچ هێزێک ناتوانێت ئێمەی کورد لە کولتوور و شوناسی نەتەوەییمان داببڕێت.
بۆ ئەوەی ھەرگیز ڕەسەنایەتیی خۆمان فەرامۆش نەکەین، دەتوانین لانی کەم لە ساڵێکدا ئەگەر بۆ ڕۆژێکیش بووە، جلی ڕەسەنی کوردی لەبەر بکەین و کولتووری خۆمان زیندوو ڕابگرین.
جلوبەرگی کوردی، وەک زمانی کوردی، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەییمانە و پێویستە لە پۆشینی جلی ڕەسەنی خۆمان بەردەوام بین و ھەرگیز لەبیری نەکەین.
پۆشینی جلوبەرگی کوردی، ھەستی نەتەوەیی و بیری خۆشەویستیی نیشتمان و گەلەکەمان زیاتر دەکات.
ڕۆژی جلوبەرگی کوردی لە سەرجەم کوردان پیرۆز بێت.
@hoday_sher
🌿💫
#جوانترین_ڕستەی_کتێب
چاوە ڕەشەکانت
فێریان کردم
هەموو شتێکی ڕەشم خۆشبوێ
تەنانەت
بەختی ڕەشیشم..!
📔 گوڵی ڕەش
"شێرزاد حەسەن"
@hoday_sher
🌿💫
ئیمشەو مەینەتان نە درەوون جەمەن
خێڵ خانەی کەیفم پڕ جە ماتەمەن
دیارەن دووەی دووری زۆر کەردەن
سوپای خەم و هەم هجووم ئاوەردەن
شنۆی ئارەزووی وەسڵت زهوور کەرد
لافاوی مەینەت کۆگای شادی بەرد
"مەولەوی"
@hoday_sher
🌿💫
زۆر مەحاڵه سوبحدهم ههستم به دهم سروهی بهیان
لهو نهسیمە پرسیاری بۆنی زولفی تاتارت نهکهم
"خاڵە قازی"
@hoday_sher
سڵاو و ڕێز هاوڕێیانی هێژام
ئەو کەسانەی دڵیان بۆ زمانی زکماک لێدەدا و دەیانەوێ ڕێنووس و ڕێزمان و وشەی ڕەسەن فێر بن فەرموون وەرنە گەورە گرووپی فێرگەی زمانی کوردی
تکایە کەسێ هۆگری فێر بوون نیە نەیەت
لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو کوردێکی بە شەرەف 👇👇
/channel/+lIacsEI8XB5hZTVk
🌿💫
((ڕووباڕێک لە هەنگوین))
لاسکێکم وشکەڵە و وشکهەڵاتوو!
لە جنسی نێرک !
بە شیرینی شیلەی نیگاتەوە نووساو !
تامەزرۆییم حەوت باڵ دەوری خۆمی گرێ داوە!
تۆ لە شەهدی دڵی گوڵ و
هەڵالەی هەنگ!
بەرامەی مێیینەیی و مێهرەبانیت،
تا حەوت ماڵ بە دەوری خۆتدا پرش و بڵاوە!
منیش پوشکەیەک نێرینەیی،
بە ڕیاڵەی باڵاتەوە هەڵاوەسراو
گەر لێمگەڕێن،
بە دەم دەزوولەی ڕیاڵەی باڵاتەوە،
ڕۆ دەچمە ناو مۆمی مێیینەییتەوە!
با نوقمی رووباری هەنگوین بم و
ڕێبواری ڕێگەی قیامەت!
با شەهیدی شەهدی گوڵ و
پەیکەرێکی مۆمیایی مێینەییت!
چەن حەز دەکەم ،
لافاوی ئەم ڕووبارە هەنگوینە ،
هەدا نەدا !
جەستەم لە گەڵ خۆی هەڵگرێ ،
تا قیامەت و بەهەشتی خودا !
تاکو بڵێم :
ئێرە بەهەشتە یا بەنۆ !
من لە مێژە هەشتم لە مشتە و
نۆی قەرزی خۆشت هەر بۆ تۆ !
چی دیم لە خودا گەرەک نیە !
چون تۆ بۆ من هەم گوڵستانی و
هەم پەرژین !
هەم حۆریت و
هەم ڕوبارێک لە هەنگوین !
پێشکەش بە ژن ، چاوگەی مێهرەبانی و ژیان
بە تایبەت ژنانی نیشتمانی خۆم.
شێعر؛ حسەین ڕەمەزانی (پەیام)
خاکە لێوەی ۹۵
@hoday_sher