hoday_sher | Неотсортированное

Telegram-канал hoday_sher - هۆدەی هەڵبەست

5322

هەر پێشنیارێکتان هەیە پێمان ڕاگەیێنن (ئاڵو گۆڕمان نییە) @s_ghoraeshi_48 ‌ ‌ hoday_sher کاناڵێکی جیاواز بۆ ناساندنی ناودارانی کورد بە هەموان

Подписаться на канал

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

با هەزار «زێ» و «گادەر» و «لاوێنی» ڕوونیشمان هەبێ
تاکوو ژن ئازاد نەبێ، سەرچاوەکەی ژین لیخنە

کۆیلەتی باوی نەماوە، کیژی کوردی خۆشەویست
ڕاپەڕە، هەستە لە خەو، ئاخر چ وەختی خەوتنە؟!

دەرکە بشکێنە، پەچە بدڕێنە، ڕاکە مەدرەسە
چاری دەردی کوردەواری خوێندنە، هەر خوێندنە

دایکی زانایە کوڕی ئازا دەنێرێتە خەبات
من گوتم تۆش تێبگە: «ناگاتە دەریایە زنە»

گوارەکەی زێڕت بە کار نایە، لە گوێ بگرە قسەم
لایقی گوێی تۆ عەزیزم شێعری سادەی هێمنە

"مامۆستا هێمن"

8ـی مارس ڕۆژی جیهانی ژن، پیرۆز بێت.
"


@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫
8 ی مارس
ژن مەکوژن
قوبادی جەلی‌زاده

ئەگەر سەرکردەمان ژن و
ئاڵاکەمان رەنگی ژن و
سروودەکەمان ، دەنگی ژن بوایە؛
بەیانییان پەپوولە ، رۆژباشی لێدەکردین.
نیوەرۆیان ، گوڵ بەپیرمانەو دەهات.
ئێوارانیش ، پیاسەمان
لەگەڵ شنەی مانگ دا ، دەکرد.

پیاو دەمبات ؛
بۆ دزی
بۆ شەڕ
بۆ خەرمان سووتان
بۆ لووت بڕینی ژن
بۆ براکوژی.

دەست دەخەمە دەستی ژنەوە؛
ژن دەمبات،
بۆ قەراخ رووبارێکی ، گۆرانیبێژ.
بۆناو مەرسەمی، پەپوولەیەکی شێوەکار..
بۆژێر کەپری ، سمۆرەیەکی رۆماننووس.
بۆبەر سێبەری ، درەختێکی فلووت ژەن.

ژن مەکوژن..
دەنا دلۆپێک عەشق نابارێت
ژن مەکوژن..
دەنا مانگ،
ماڵەکەی دەباتەوە ئەشکەوت.
ژن مەکوژن..
گوڵ و پەپوولە مەنێژن
خوێنی خوداکان مەرێژن.
ژن مەکوژن.

دنیا دەبێتە قۆخێکی گەییو..
کاتێک ژن؛
گۆرانی دەڵێ.



@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

زاهیرەن فەرمووته لاے ڪەس ڕازے عیشقی من مەڵێ
نەتدەزانی دڵ ڪه ڪون بوو دەنگی لێ دێ وەڪ جەڕەس

"مامۆستا حەریق"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

چاوەڕوانیی من زۆر نییە
بەرسێبەری دارەبییەک
کۆخێک و بەرهەیوانێک و
ئاگردانێک،
دڵێکی خۆش،
دوو چاوی ڕۆون،
نیشتمانێک!

"ناسری حیسامی"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

ڕۆژنامەنووس: به ڕای تۆ ئەوین چییه؟
بوکۆفسکی: ئەوین؟ وەکوو تاریک‌وڕوونی بەیانییه که هەڵدەستی و دەبینی ئاسمان تەمه. بەر لەوەی هەتاو بێته دەر. تەنیا ماوەیەکی کورت دەخایێنێ و پاشان لەناو دەچێ.
- بەڕاستی؟
- بێگومان!
- واتا لەناو دەچێ؟
- بەڵێ، زۆر خێرا. ئەوین تەنیا تەمێکه و لەگەڵ یەکەم تیشکی حەقیقەت، لەناو دەچێ!

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

#عەباس_کەمەندی
بەرزه کۆلیله
شیعر : #عەباس_کەمەندی
ئاواز : #بەیات (کلاسیک)

تا کەی بناڵم ئازیزم جە هیجران و دەرد؟
تا کەی بکێشم باوانم هەناسانی سەرد؟

تا چەن بوو وا چوو خودای بانی سەر؟
یا مەرگ یا تاقەت یا وەسڵی دڵبەر

تا کەی چاوانم جیا جە خەو بوو؟
بەرزە کۆلیلەم ڕفێقی شەو بوو؟

نە خوا بەردارە ئازیزم نە بەندە ڕازی
نە فتوای شەرعە باوانم نە ‌حوکمی قازی

دیەم دڵدارم ئازیزم کەی منم هۆی تەور
تا کەی سزا و دەرد باوانم تۆ وە جەفا و جەور

دیەم ئێش زام ‌‌‌‌حەسرەتان وەردە
شەرت و بەقا و بەین جە بەین نەبەردە

نزاش کارییەن دوعاش مەبۆ گیر
لە دەرگای خودا و شێخ و شەخس و پیر

بێجگە باڵای تۆ ئازیزم مەیل وە کەس نییەن
بێجگە تۆ بۆ من باوانم باڵادەس نییەن

با عالەم بێژن تەنیا و بێکەسە
مەیلی تۆم تەنیا لە عالەم بەسە

بەسەن های بەسەن سزام کافییەن
چینێ زیاتر بێ ئینسافییەن


@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

گوڵەکەم...

سەبەبی زولفی شێواوە....

بە دەنگی مامۆستا مەسعوود یارە

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫
ڕۆژ باش هاوڕێیان

لەژێر توێژاڵی دوا بەفری زستان
کە زێڕین ئەبێ بە خۆری بەیان
دیم چووزەرەیەک وەک نەمامی دار
لە زستان دەرچوو، گەییو بە بەھار
لە کۆنە جێگەی گەڵای وەریوی
دوو گۆپکەی تازە لەم دیو لەو دیوی


"مامۆستا ئەخۆل"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

ڕۆژ باش هاوڕێیان

به زەبری مشتی تیشکی خۆر شکا پشتی ڕنوو ئەمڕۆ
شنەی با دایڕنی کفنی سڕی داران بە فوو ئەمڕۆ

چلوورە و بەستەڵەک پاکی بەجارێ تەفروو توونا بوون
عەتر دەڕژێ لە ئاسمان و نەما باوی کولوو ئەمڕۆ

"ئەمین گەردیگلانی"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

لە دوگمەی سوخمە دوێنێ نوێژی شێوان
بەیانی دا سفیدەی باخی سێوان
لە خەوفی تەلعەتی ڕۆژ هەروەکوو شێت
بە ڕووزەردی هەڵات و کەوتە کێوان
دو چاوی من کە وا کەیلی سوروشکن،
دەپێون ئاوی بەحری خوێ بە پێوان
مەکەن لۆمەی پەشێوی دڵ کە ئەمشەو
پەشێواوە لەبەر پەرچەم پەشێوان
شەرابی لەعلی ڕوممانی لە نالی
حەرامە بێ مەزەی ماچێکی لێوان

"نالی"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

چۆن ڕەسەنایەتی لێمان بوو بە عار؟

دەسەڵاتی پارتی فاشیست لە ئیتالیا و پارتی نازی لە ئاڵمان تەواوی هەوڵیان یەکلاکردنەوەی کومەڵگا بوو بە قازانجی یەک بیر  ویەک ڕەگەز. بە لەناوبردنی فرەدەنگی و بنەماکانی دیموکراتیک و پاشان پاکتاوکردنی خەڵکانی تر. ئێران و تورکیاش چاویان بڕییە ئەو دوو پارتە. لە ئێران ڕێکخراوەیێک دامەزرا بە ناوی"سازمان پرورش افکار" بە سەرۆکایەتیی "احمد متین دفتری" وەزیری دادپەروەری. کە چەندین ئامانجیان لە سەرانسەری ئێران دەپێکا. یەک لەوانە ڕاستەوڕاست و بێ شەرم و شاردنەوە، تیا بردنی زمان و جل و بەرگ و کەلتووری کوردی بوو، بەدەیان شێوە کە تا تیاچوونی  ڕەزاشا، بەپێی یاسا بەردەوام شەڕیان بە کورد فرۆشت. پاشانیش تەنیا ڕواڵەتی گۆڕا، ئەگینا لە ڕەوت نەکەوت. بەردی بناغەی ئەو بیرە پێشتر لە شاری بێرلینی ئاڵمان لە ڕێگای گۆڤاری "کاوە" و گۆڤاری "ایرانشهر" لە لایەن "تقیزادە" ،"عباس اقبال"،"نفیسی"و "فروغی" و دیکەی هاوڕیانیان لە ساڵی ۱۲۹۵ دانرابوو. لە پارلەمانی ڕەزاخانیش لە ۱۳۰۷ یاسایان بۆ دەرکردبوو. لەو سەردەما هەرکەس بە جلی کوردیەوە دەچووە تاران شاربەدەریان ئەکرد. لەزۆربەی دێهاتی کوردەواری دەستێک کۆت و شەڵوار هەبوو، هەرکە دەچووە شار لەبەری دەکرد. لە شارە کوردییەکان کەسانێکیان هان ئەدا هەرکەس بە جلی کوردییەوە دەچووە ناو شار، خێرا مێزەر و جامانەیان لێ ئەرفاند. کتێب و دواتریش ڕینووسی کوردی قاچاغ بوو. پێشتر لە کوردستان شار جێگەی بیری پێشرەو بوو، دێهات شوێنی پاراستنی ڕەسەنایەتی. ئەوەیان لە هەردوولا تێکدا. (هەر ئەوەش بووە هۆی دژایەتیی نێوان شار ودێ کە هێشتا نەبڕاوەتەوە، کە ئەگەر بڵێم لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان چییان بە سەر یەکدا هێنا و چییان لێ کەوتەوە، خۆی کتێبی تایبەتی ئەوێ، کە هەردوولا بەش‌بەحاڵیان تاوانبارن).
هەرچەندە لە کوردەواری کەسانێک دژ بەو یاسا ڕاپەڕین، وەکوو شۆڕشەکەی مەلا خەلیلی گۆڕەمەری، بەڵام بە شێوازی دڕندانە هەمویان سەرکوت کرد.
لە تورکیا منداڵانی بەستەزمانی کوردیان بە ناوی خوێندنی زۆرەملی دەبردە ناوەندەکانی پەروەردە. پاش چەند مانگ ئەو منداڵانە کە دەهاتنەوە بۆ سەردانی بنەماڵە، لەو ماوە دا ئەوەندە زەلیل کرابوون، لە کوردی قسەکردنی دایک و باوکیان تووڕە ئەبوون، کە ئەو زمانە سووکە و بێ‌بایەخ و بۆ قسەکردن ناشێت! لە ئێرانیش سیستەمی پەروەردە بێ ڕێزی بە زمان و کەلتووری کوردی ئەکرد. ئەرتەش، ڕادیو، ڕۆژنامە، دایرەکان، فێرگەکان و..و..و.. لە خزمەتی فاشیزمدا، کوردیان گەمارۆ دابوو.

پاش ئەوەی کە چەندین بەرەی کوردیان بەکەیفی خۆیان ڕاهێنا، ئەمجار وردە وردە کێڵگەیان هاتە بەرهەم:
مێشکمان ئەنفال کرا، بوومەلەرزە دای لە زمانمان،هەستمان دەردەدار و ڕۆحمان ئاوارە بو.
کوردی دیاربەکری پاش چەن ساڵ نیشتە جێ بوون لە ئاڵمان هێشتا لەماڵەوە لەگەڵ منداڵەکەی بە زمانی تورکی قسە ئەکا. خوێندەواری ئێمە کاتێ ئەیەوێ باس و بابەتێک بسەلمێنێ، بە دوای شێعرێکی فارسی دا دەگەڕێ. زۆر جار دیومە ژن یان پیاوێکی کورد ویستویە قسەیێک بکا، تۆزێک ڕاماوە لە بەرئەوەی وشە کوردییە ڕەسەنەکە نەیێتە سەر زاری هەتا بەرانبەرەفارسییەکەی بدۆزێتەوە. زۆر جار دیومە نەخوێندەواری کورد وشەیێکی دروستی بە کار هێناوە ،بەڵام چۆن هاوشێوەی فارسییەکە ئەدای نەکردووە، بۆتە هۆی گاڵتەی خوێندەواری کوردی، کوردینەزان.
لە باسی ڕوناک بیرمان؛ فرانتس فانون فەرموی: گەلانی لێقەوماو وائەزانن ڕووناکبیریان هەیە، کەچی ئەوانە تەنیا وەرگێڕن، وەرگێڕی فەرمایشتی گەلی سەردەست بە زمانی خۆی.ڕووناکبیری کورد نەک هەر هەمو بەڵام زۆریان هەر بەڕاست بوون بە وەرگێڕی قسەی ناحەقی زاڵمان.
ئەوەندە پێناسە کوردییەکان زەلیل و مل کز کراون، کوردەکە لە ڕەسەنایەتیی خۆی، خۆ ئەبوێرێ.  بۆیە هەتا دێ، وشە کوردییەکان لە سەر زارمان دوور ئەبنەوە. ."مامان" لە دایکمان دڵسۆزترە،"خالە" لە پورمان ماقوڵترە، شێعری بێگانە لە لامان پڕسۆز ترە، دەنگی گۆرانیبێژی بێگانە بە ڕوحمان ئاشناترە. ئەگەر سەیری ئێستای خۆمان بکەین بەئاشکرا ئەبینین ئێمە کوردین بەڵام ئەو کوردەین کە "احمد متین دفتری" پێی خۆش بوو، نەک ئەوەی کە قانێع و هەژار و هێمن بەئاوات بوون، بۆی.

عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۱/۱۲/۱۱

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

🌹بە یادی تۆ...

بە یادی بەژن و باڵاتە کە خەو مەستی خەیاڵاتە
بە یادی تۆیە پێم وایە کە هۆش مەستی کەماڵاتە

لە کوێ هەی هاوەڵی کۆنم کەساسی و دڵگرانیمە
دەمێکە شەم لە جێگەت بۆم کە خەم‌خوار و موباساتە

وەکوو یەک دەستەچیلەی وشک ئەوا کەوتووم لە گۆشەی ژوور
لە سەرما و سۆڵی ئەوساڵا کە تیشکی ڕووت لە من قاتە

لە کونجی سینە دا کوڕ ماوە کۆرپەی دڵ دەناڵێنـــــێ
دە تێی‌ڕۆبـــــێ جریــــــوەی لێ بزر کە تا هـــەل و کاتە

ئەگەر چـــــــی سەر لە باڵـــایە ، بەسەر تۆ حاکم و شایە
لەبەر پێ‌یی پیادەت دا ، دەمــــــێ کیشە و دەمــێ ماتە

سەری ســـــــەربەرز و پڕ شۆرت ڕەهێڵەی هەوری ئاسۆیە
تۆ دارای خــــەم لە دڵ دەرکە کە عیشقت موڵکی شامــــــــاتە

مڕ و مۆچ قەت نەبی گیانم گەشی و شادی فەرامۆش کەی
بە جەستەش گەر لەیەک دوور بین بە مەرگم هەر دڵم لاتە

نەڵێی گوێی خۆی کڕ و کپ کرد لە حاندی بەفر و تۆف و بەن
شکانی بەست و سیخواران بە دڵ هیوا وو ئــــــــــاواتـــە

لە گوێ ناگرم قســـەی لاکوت کە سیبلی دڵ دەئــــەنــــگێون
لەلای کاس و نەفام زەهرە ، لەلای من تۆزی ژێـــــر پاتە

کە بیری "سەیید"ت کرد یـــــار ئەتۆ هەر مەیلی هاتن کە
سەرم سندووقی ڕێگەی تۆ دڵیش فەڕشی گـــــــوزەرگاتە

30/8/01 سەید محەمەد مەعڕوفی

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

ڕۆژ باش هاوڕێیان

ئەی وەتەن هەر تۆی بە تەنیا باخی خۆزگەو ئارەزووم
دەمکوژێ ڕۆژێ خەمت ، گرتوویەتی ڕێگای پشووم

خۆزگە ئەو ڕۆژەی ببینم تۆ بە سەربەستی دەژی
چەندە تامەزرۆم کە تیشکی خۆرەکەت بدرێ لە ڕووم

"ئەوین ڕەحمانی"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

حەز ئەکەم لە گوندێ بژیم.. لەو دوورانە
بەیانیان پیرێژنێکی چاو بە خەو هەڵمسێنێ
کە بانگ لە کچەکەی دەکات
هۆی نێرێ ..نێرگەلێ ..نێرگسێ ،
هەستە مەشکەکەت بژەنە و کۆڵوانەکەت بکەرە مل وا بەیانە

"بەختیار عەلی"


@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

رۆژ باش هاوڕێیان

نامۆیی لە دار و بەردی
ئەم وڵاتە دەکەم!
نیشتیمان کرابێ بە جەهەننەمیش
تاسەی دەکەم!

"هێدی"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

تۆ یەک ڕۆژ نیت
هەموو ساڵیت..
تۆ یەک وشە و یەک کتێب و
یەک گڵۆپ و یەک نیگار و
یەک تابلۆ نیت..

گەر دەقیقەیەک دیار نەبی
سەعات دڵی ئەوەستێت و
ماڵ کوێر ئەبێ و
پەلکەگیای ساوا ئەمرێت و
شەقام ئەگری و
باڵندەکان ڕەش ئەپۆشن و
شیعریش بۆ خۆی هەڵئەوەرێ..

تۆ بە تەنها بای بارانی
هەشتی مارس نیت..
ئەی قوڵپی خوێنی هاوین و
پرچی شەوانی پاییز و
کلووی بەفری خۆشەویستی

گەر تۆ نەبی؟
ئەبێ کێ بێ؟!
  ژن. ژن. ژن
  تۆ ژیانی!

"شێرکۆ بێکەس"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

ڕۆژ باش هاوڕێیان

کۆیلەتی باوی نەماوە، کیژی کوردی خۆشەویست!
ڕاپەڕە، ھەستە لە خەو، ئاخر چ وەختی خەوتنە؟
دەرکە بشکێنە، پەچە بدڕێنە، ڕاکە مەدرەسە
چاری دەردی کوردەواری خوێندنە، ھەر خوێندنە

👤هێمن موکریانی

۸ی ماڕس روز جیهانی ژن،
لە تەواوی ژنانی جیهان، بەتایبەت شێرە ژنانی کورد پیرۆز بێ.

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

كوردستان نیشتمانی جوان

ڕۆژ باش هاوڕێیان



ئە‌شكە‌وتی شانە‌دە‌ر

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

"زیاد ئەسعەد"

گیانەکەم بەو جۆرەی کە پێویست بوو قەدری عەشقی تۆ نەزانی.....

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

"تەمەن"

ئەی تەمەنی پڕ ئەسرینم، ئەڕۆی ئاوڕ نادەیتەوە
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکتا،لە عومری من ئەسڕیتەوە

خۆزگە منیش وەك پەپولە،گشت تەمەنم وەرزیك بوایە
دوور لەخەم و تاڵیی ژیان، تەنیا گوڵم بناسییایە

ڕێگام سەودای تەنیاییە و، کەسێك نایە بۆ سەردانم
ئیتر چی بکەم لەم تەمەنە،کە لە هەمووی پەشیمانم

لە گریانی مناڵیما، پێکەنینم بە خەم ئەهات!
کەچی ئێستا خەم دەریایە و بۆ کەنارم شەپۆل ئەدات

لە سەد جارا تەنیا جارێ زەردەخەنە دێتە میوان
وەک سێبەری لای ئێوارەی خۆرنشینی دار ئەرخەوان

ئەی هاوڕێیان، چاوم نوقمی نیگارێکی پڕ بەهارە
تاسەم وەری، بەڵام هێشتا خۆشەویستیم هەر بێدارە

ئێستاش گەڵای عومری گەنجیم وەکوو پاییز هەڵوەریوە
کێ وەکوو من تەم و خومار پەنجەرەکەی داپۆشیوە

"ئەحمەد محەممەد"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

ڕۆژ باش هاوڕێیان

سەر کـۆنەم مەکە!
منیش وەکوو تـۆ گۆی زەوی ماڵمـە
ئـاسمانیش تافتەی کچی خەیاڵمـە!
وەک تۆ خــواکـردم
وەک تۆش دەمەوێ تا سەر خواکـرد بـم!
بۆیە سەربەندی شێعرم هەر کـــوردە
چونکە کــوردم و
نـاهـێڵن کــورد بـــم !

"عەبدوڵڵا پەشێو"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

"کورتە ڕۆمان"

بەڵێ
ساتەوەختێكە كە خودی ژیان بۆخۆی گەمەیەكی دۆڕاوە، خۆشەویستی
جگە لە تراویلكەو وەهمی ناو گۆرانییەكان‌و خەیاڵێكی شاعیرانە هیچی
تر نییە، ئەو چركەساتەیە كە لەبری 'نەخێر'
ناچاریت بڵێیت
'بەڵێ'
بەڵێ‌ یەك كە پتر خۆ هاویشتنە ناو چارەنووسێكی نادیارە،
بێ‌ ترس لە مەرگ‌و تێداچوون یان شاگەشكەبوون بە خۆشنوودی،
كەچی بڕیارو جووڵەیەكە گەورەترە لە وەستانی زیندەگی لە جوغزێكدا،
لە ماڵێكدا، لە كەسێكدا، لە تەنها هەقایە‌تو داستانێكدا .. كە نییەو هەرگیز نایەت، تەواو ...
بۆ تۆ وابوو، نەدەكرا تا دوا هەناسە لەوكارەساتەی تەمەنێك بوو تیایدا پرسەدار بوویت ؛هەر چاوەڕێ‌ بیت‌و
لەو گەرمە شین‌و واوەیلایە سارد نەبیتەوە، چاو لە ڕێ‌‌و سەر لەسەر ئەژنۆ، دەبوو خۆت فڕێبدەیتە ناو باوەشی كارەساتێكی دیكە ...
با دۆزەخیش بێت، چ بەهەشت‌و چ دۆزەخ، جێگۆڕكێ‌ گەمەیەكە .. بێ
ئەو گەمەیە خودی زیندەگی مەحاڵە!

ژنێک بە سەر منارەوە

"شێرزاد حەسەن"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

به‌ڵێن دیداری دوا زە‌ردە‌په‌ڕێ بوو

تە‌مه‌ن ڕۆیشت و دڵ هه‌ر چاوە‌ڕێ بوو
ده‌ڵێم ئێستا له‌ دووی بچم و ئه‌ویش حە‌یف
وە‌بیرم نایه ئیتر کامه ڕێ بوو

"ناسری حیسامی"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

ئەوەی نەتوانێ ببێ
بە گوڵ بۆ پەرچەمی کچێ،
چۆن ئەتوانێ ببێ بە دڕک
بە پێی زۆرداراندا بچێ!

"لەتیف هەڵمەت
"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

ڕۆژ باش کوردستانەکەم

ئەو وەختەی نیشتیمان
گوێ لە دارستانە
غەدر لێکراوەکان ناگرێ
ئیتر داروبەرد بیر لە حاشا کردن ئەکەنەوە!
ئەو وەختەی نیشتیمان چاوی خۆی
لە ئاست
ئەو هەموو لاشەی غەدرە ئەنووقێنێ
ئازارەکان بیر لەبەهارێکی سوور ئەکەنەوە!
ئەو وەختەی نیشتیمان
چاو لە دزەکان ئەپۆشی
دزەکان بیر لە دزینی خودی نیشتیمان
خۆی ئەکەنەوە...!

"شێرکۆ بێکەس"


@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

ئەوا سۆزەی بەیان دیسان پەیامی دڵبەری هێنا
نەسیمی ڕووحپەروەر عەتری عوود و عەنبەری هێنا

شنەی بای مەرحەمەت دیسان لەلای کوێستانی کانی بەن
چ خۆش بۆنی هەڵاڵە و سوێسنە و سووسەنبەری هێنا

نە زیندوو بووم نە مردوو نامەکەت ئاوی حەیاتی دام
نە قاسید بوو نە کاغەز ساقی ئاوی کەوسەری هێنا

لە وێنەی سونبول و لالە و گوڵ و گوڵئەتڵەسی و شەوبۆ
حەریر و ئەتڵەس و جەرسە و قەنەوز و مەخمەری هێنا

لە ڕووی نەخش و نیگاری پیرەکوێستانی تەبیعەت بوو
موهەندس چوو نموونەی ڕامسەر و بابولسەری هێنا

سزد گر زنده‌ گردد مرده‌ از نامت مسیح‌آسا
کە وا بۆ مەسکەنی سەردار نامەی سەروەری هێنا

عەزیزم شەرحی دووری تۆم شەوێکی تاکوو ڕۆژ نووسی
سبەینێ زوو قەڵەم ئیعلانی خەتمی دەفتەری هێنا

قیامی قامەتت بۆ ئەهلی دڵ قامی قیامەت بوو
قەتاری کۆچوبارت بۆ موکریان مەحشەری هێنا

گڕی دڵ زۆر بەتینە وا زوو ناکووژێتەوە کامیل
«حەقیقی» دەستەچیلەی دڵ ئیمامی ئاگری هێنا

"مامۆستا حەقیقی"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

تۆ وەکوو سروەی بەیانانی بەهاری
تۆ له لەشما،
گیانی سووکی نادیاری
بۆ شەوی خۆشی و نەخۆشیم،
یادگاری
ڕەمزی ئینتزاری
تۆ جریوەی دارسانی جێژوانی
بۆ هەسێرەی بەرزی ئاواتم،
سریوەی،
چەنده جوانی!
گیانەکەم جاران که ئەتگوت
پێکەنینت زایەڵەی سەوزی شەتاوه
چاوی شینت،
گۆمی مەندی پڕ له ماسیی زەرد و سووری بەر هەتاوه
ئێسته بۆ وا،
شۆڕەبی برژانگی نەرمت
دەوری داوه؟
بۆچی گەرمایی ڕوانینت نەماوه؟

"سواره ئیلخانیزاده"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

" حاڵی دڵ  "

دڵ دەناڵێ لە دووریت هەردەم یادی تۆ دەکا
هەوری چاوم لە تاوت ڕێژنە باران ڕۆ دەکا

بێتوو جارێ بێیتەوە سەر ئەدەم لە پێناوت
روح ویشکەڵە بە ئاوی وەفات لق‌ و پۆ دەکا

من دەمهەوێ لەخه‌وا بچمە سەیری یارەکەم
کەچی نەیار جەردەیە لە نیوە شەو سۆ دەکا

سوپای مۆتە ناهێڵن بەئەشقت بگەم دیسان
لێم دووژمنە ئەهریمەن تیر و نێزە کۆ دەکا

سێحری حەسوود نازانێ بێئەژمارە نرخی تۆ
هەزار گیانم ئاوڕێکی لە دوورەوەت خۆ دەکا

چۆن دەهێڵم نەزانان بیکەن جادوو لە باڵات
ڕێوی چنۆک هەر فێرە دێت و مڵو مۆ دەکا

کاتێ دەمرم خه‌ونی تۆ وەک هەناسەی‌عیسایە
بۆیە " وشیار" موریدە زیکری بەبێ هۆ دەکا ؟

" ئیبراهیم هوشیار "

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

  🌿💫

ئەی باڵداری ناو هێلانەی سەر پۆپی درەخت
دە تووکی گیان بکەرەوە بۆ دەنکێ بەخت
رای‌وەشێنە سەری خەوی ژێر سێبەری خەست
بە پروشەی ئاوی ئاگا دەروون بکە مەست

لەسەر بەردی قەراخ ئاوی کەفچەرێنی چەم
بیتەکێنە خۆڵی چینەی بێ‌ئارامی و خەم
سۆڵی شۆخی بگرە لەسەر ڕیزی بەڕەزا
چنگی لەنجە بێنێ بەسەر چیمەنی خێزا

چڵ بە ورشە و تۆ بە قونەی نیازی چەن ساڵە
زەماوەنێ ساز بدەن لەو ملە و سەر یاڵە
هەڵپەڕن و ئەو وشانە بکە بە ڕاستە
ئاسۆی هیوا و سەرفرازی جووت و پەیوەستە

"سەلاح دیلان"

@hoday_sher

Читать полностью…

هۆدەی هەڵبەست

🌿💫

"ئەیوب عەلی"

بلین به یارم....

@hoday_sher

Читать полностью…
Подписаться на канал