🌿💫
جانا! دڵەکەم بەندە بە حەڵقەی سەری گێسووت
سا مەیخەرە بەر زەربەیی شمشێری دوو ئەبرووت
میهرت لە دڵم زەحمەتە ئەی شۆخی پەریڕوو
دەرچێ مەگەر ئەو ڕۆژە کە وا ئەمخەنە تابووت
گیان و دڵ و ئارام و قەزا و خیرەد و هۆش
بردی بە جەفا دیدەیی پڕفیتنەیی جادووت
چەند شێری ژیانت بە فەنا دا بە نیگاهێ
سوبحانە لە دەست قووەتی شێرئەفگەنی ئاهووت
هەر چەندە کە وا تاقەتەکەم تاقە بەبێ تۆ
پەیوەستە دڵم ئێستە لەگەڵ دەرد و غەما جووت
تا بووم دڵ و دینم بە فیدا کرد و کەچی تۆ
هەر جەور و جەفات کرد لە هەقم گیانە هەتا بووت
ئەو دیدەیی فەتتانەیە باعیس کە «کەمالی»
پڕفیتنە و ئاشووبە هەموو عالەمی ناسووت
"کەماڵی"
@hoday_sher
🌿💫
#پەندی_پێشینیان
گهلی کورد ئهگهر پێکهوه یهک بن
دهبن به چقڵ بۆ چاوی دوژمن
بهڵام وهمێنن به لێکبڵاوی
نه گهنجی به هیچ دهبێ نه لاوی
وتهی پێشینان به دڵ بسپێرە
سهفهری زستان خۆتی لێ ببوێرە
نهکرا ببووری تۆ لهو سهفهرە
هاوڕێی شارهزا لهگهڵ خۆت بهرە
سبهی ڕێکهوه ههتا نیوهڕۆ
لهکوێ مایهوه دهرت کهن مهڕۆ
"مەلاغەفوور دەباغی"
@hoday_sher
🌿💫
شریخەیەک لە شاخ، گڕکانێک لە شار
برووسکەی ڕاسانە
دەشریخێنێ و
کۆ بە کۆ،
دۆڵ بە دۆڵ
دەخزێتە نێو گوند و
نێو دەماری شاران،
نە کووچە خۆی لەبەر نوێ بوونی هاتنیا دەگرێت و
نە دەرگا و پەنجەرە دەتوانن
ئاوەڵا نەبنەوە .
وەرزێکی دیکەیە لە ڕابوون،
شاخ بە گشت هەیمەنەی خۆیەوە
دەستی لە دوو ئەژنۆی بەرداوە و لە گڕکان دەگەڕێ .
دەلەرزێ قامەتی سەرتاپا پڕ چەکی تاریکی،
رۆژی گەش
لە ئاسۆی خوێنەوە هەڵدێ .
ئەی کانگای خامۆشی گڕکانان
شاری گڕ !
ئەو چاوە خومارەت هەڵبێنە،
بزانە چۆن باڵی جەوان و ناسکی نەوەیەک لە باز و تەواران
برووسکە لە بەردی بێدەنگی دەردێنن؟
مشکی و جامانەی خەونیان
لە مل و دەور سەری رۆژگار پێچراوە .
چۆمی خۆێن دەبڕن و
گوڵ دەتکێ لە لێویان .
ڕوانینیان لە ڕەنگی نیو نیگای خاک ئەچێ،
بەرامەی وجوودیان لە بۆنی کاگڵی پاش باران .
زۆربەیان لەدایک بووی داوێنی ڕەنجی تۆن
ئەی شاری شەکەتم.
ئاسنی ئیرادەی نەسرەوتیان
لە کوورەی ئازاردا
بە چەکوشی دەردێکی بێ ئامان
کوتراوە .
هەموویان دەستتەنگی هێشوە گەنمی
نێو دەستت دەناسن.
دەزانن چۆن دەبێ جۆگەیەک هەڵبەستن
تا لێوی هەرمێ و هەشتاڵو
پڕ ئاو بێ .
شاڵی دەور کەمەریان جووبارە و
ملپێچیان گەزیزە .
زەمانێک بە باڵی کەم ئەزموون تا لووتکە هەڵفڕین،
ئێستاکە بە گڕی شاباڵیان
بەرەولات دێنەوە .
ئەوانەی
دووربینی سەر سینگیان
لە شووشەی چاوانی داهاتوو تراشراوە و
لاپەڕەی یەکەمی دەفتەری نێو کۆڵەپشتییان
بە خەتێک کوردانە
شێوازی ژیانی سەربەستی نووسراوە،
ناوسینگە پانەکەی" زاگرۆس " یان
پڕ کردوە لە قاسپەی قەناسە.
ئەی شاری شەکەت لە سێبەری سێدارە،
تەکانێک !
تا ئەوان دەگەنە لای برینت
بەو شان و بازووە بە هێزەت
لەرەیەک بخەرە گەمارۆی تەلبەند و
گەردنە بەرزەکەت
لە ژێر ئەم خۆڵەمێشە ڕەشە
دەربێنە .
#فەرەیدوون_ئەڕشەدی
@hoday_sher
🌿💫
هۆ کاکی جووتیار براکەم جووتت شاگوڵ بی
تووەکەت ڕازیانە; خەرمانت گوڵ بێ
هۆ کاکی ڕێبوار; ڕێگام کوێستانە
دەچم بۆ بۆکان گوڵ لە ئێرانە
هۆ کاکی جووتیار براکەم جووتت بەکار بێ
خەلە و خەرمانت یا ڕەب بەرەکەت دار بێ
ڕێبوار هۆ ڕێبوار ڕێم کەوتە دۆڵێ
تووشم بوو بە تووش هەوری لە کۆڵێ
هۆ کاکی جووتیار, برازا, گاکانت زەردە
بە پێ دەیکێڵێ هاوار لەو کێو و هەرده
هۆ کاکی جووتیار ڕێگا نازانم
ڕێم پێ نیشان دە خانم خەڵکی بۆکانم
وەی کاکی جووتیار, براکەم جووتت بکە بەتاڵ
میوانتم ماندووم; با بڕۆین بەرەو ماڵ
وەی کاکی ڕێبوار; ڕێگا نازانم
ڕێم پێ نیشان دە; خەڵکی ئێرانم
"حەسەن زیرەک"
@hoday_sher
🌿💫
بە پیر ئەو ماهەوە چووم و بە سەر چووم
پەری بوو، ئەو نەبوو، شەو بوو، بە سەر چووم
تەلێ نێرگسم و باغی حیرەتم پێ
بە فەڕ هات و وەکوو گوڵ زوو بەسەر چووم
گڵەی پێشم لەسەر سەر هەم بووە بار
کە دی من دولبەرم هات و بە سەر چووم
دەزانم بادیەی عیشقە خەتەرناک
کەچی هەر چووم، ئەگەر مام و ئەگەر چووم
لە حینی نەزعی ڕۆحا، ڕۆحی عاشق
وتی ئۆخەی لە میحنەتخانە دەرچووم
بە ئۆغرکردنی من بوومە قەقنەس
کە ئەو چوو بۆ سەفەر، من بۆ سەقەر چووم
وتی قەت وا مەیە، من واوە هەر دێم
نەهات ئەو وا قەت و من واوە هەر چووم
شوکر موورم بووە پاماڵی میرێ
بەبێ نامی ژیام و ناموەر چووم
غەمی قاتیلمە «مەحوی» مونفەعیل ما
لە حەشرا کفنی خوێناوی بە بەر چووم
"مەحوی"
@hoday_sher
🌿💫
شەو،
دوو گێلاسەکەی مەمکت،
دەخۆم و دەنووم ...
بەیانی،
وەک دوو دەنکە ترێی تایەفی،
درووست دەبنەوە
"قوباد جەلیزادە"
@hoday_sher
🌿💫
لە نێو ئەو گشتە ستێرانە کە تۆ دەیبینی
تاکە یەک ئەستێرە
هۆی ژیانی من بوو
داخەکەم لێم ون بوو
خۆشەویستم
هاوڕێم
پێم بڵێ لێی بگەڕێم ؟
یا بڕۆم لێی بگەڕێم ؟
مامۆستا
"عەلی حەسەنیانی"(هاوار)
@hoday_sher
🌿💫
دە ساڵ، بیست ساڵ، سەد ساڵ
بەڵام لەش و سەمای ڕووبار داناپۆشرێ.
قژی درەخت داناپۆشرێ.
سووراوی لێوی دارهەنار لانادرێ.
چی لەگەڵ ئازادیی هەوار ئەکرێ؟
چی لەگەڵ لەشی ڕووتی برووسکە و پرچی درێژی باران و گۆرانی و مووزیکی باخچە و ئاودا ئەکرێ؟
ئاخر ژیان چۆن بە جببە دائەپۆشرێ؟
"مامۆستا شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
پەندی پێشینیان
ئەڵێن کاری خێر بیکەی بە تەعجیل
بەڵام کاری شەڕ مەیکە بێتەحلیل
ناشێ لووت هەڵکا پیاو لەکار کردن
قەدیمی دەڵێن کردن تا مردن
دواکەوتنی قەل ئیمڕۆ و سبێکە
شەش بە تەشپێکە،حەوتی ڕبێکە
قینی هەوێیە پڕ بە ئەسکوێیە
قینی ئاجایە پڕ بە دنیایە
ئەوکەسە قەدری نیعمەت دەزانێ
تووشی موسیبەت بووبێ زەمانێ
وەتی ناسیومە دەستی ڕاست وچەپ
بیستوومە:جوابی هەرزە،قڕ وقەپ
ئەم پەندە تامی وەک گۆشت مریشکە
مەشهوورە دەمتەڕ کاسەیان ویشکە
کەس بڕوای نییە بەم نەقڵ و قەولە
هیچ کاتێ ڕاکا سەگ لەبەر سەولە
چ بوو،چ قەوما؟ کردووتە گاڵە
کاسەی قەرەچی ئاو بردی خاڵە؟
بۆ پیاوی ناڕاست چەوتی ئیدەیە
درۆ زۆر لەلای دونیا دیدەیە
شیشەی دڵ شکا چا نابێتەوە
نان ئەگەر لەت بوو،یەک ناگرێتەوە
"مەلا غەفوور دەبباغی"
@hoday_sher
🌿💫
هۆنراوە : ماموستا گۆران، شێعر : جوانی بێ ناو
گۆرانی بێژ : هۆمەر دزەیی، جا شێعر لە ماموستا گۆران بێ هیچ باسێک نامینێت، ئیدی بە دەنگە ئاسمانیەکەی مامۆستا هۆمەر سەدان بەرابەر دڵڕەفێنتر دەبێ. بحسێنەوە لەم شێعرە و لەم دەنگە.
@hoday_sher
🌿💫
مامۆستا"حەسەن زیرەک"
مەقامی «مانگی یەکشەو» لە نێوئاخنی ئەم گۆرانییەی حەسەن زیرەک دایە. گوێ بگرن لە دەقەی 7 بەولاوە.
«هەر وایە»
@hoday_sher
🌿💫
ساڵی 1984 کچێك و کوڕێك
لە زانکۆ یەکتری دەناسن و عاشقی یەك دەبن.
کچەکە ماڵیان لە کانێسکان دەبێ و کوڕەکەش ماڵیان لە کارێزە وشکە دەبێ، بەرامبەر ماڵی کچەکە دار تویەكی گەورە دەبێ، زۆربەی ئێواران لە ژێر ئەم دارە یەکتری دەبینن و یەکتریان زۆر خۆش دەوێ.
ماوەیەکی زۆر کوڕە بزر دەبێت و ناچێتەوە دانشگاه،
دوای سێ مانگ کچە دەچێ سۆراغی لە جیرانەکانی دەپرسێ، جیرانەکانی دەڵێن ئەوە ماوەی دە ڕۆژ دەبێ لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لە سێدارە دراوە.
کچە توشی نەخۆشی دەبێت، ناتوانێ بچێتەوە بۆ دانشگاه وەك شێتی لێ دێت
پەنا بۆ شاعیر (ئیسماعیل خوڕماڵی) دەبات و
بە سەرهاتی خۆی و خۆشەویستەکەی بۆ دەگێڕێتەوە و ئەویش ئەم شیعرەی بۆ دەنوسێت.
ماڵ وێران خۆم
ماڵ وێران خۆم سەرنج وەری ئاوی چاوم وشکایی هات
سەری کاسم چاوەڕوانی کۆشی تۆ بوو ئەی بۆچی نەهات
بۆ چی نایەت خۆ بڕیار بوو بن ئەم دارە جێ ژووان بێ
وەکو ڕۆژان گەڵای وەریو لە تەرزەی ماچ هەراســان بێ
ئەی ئەمێستا هەوارت کوا هەوری سەوزی ئەم دڵەی من
خــۆ بــەبـێ تۆ لێڵە چــاوم وشکە کێڵگەی ئـەم دڵەی من
ئەی ئەمێستا کە تۆ ونی دەستی هانا بۆ کێ بەرم
لە ڕەهێڵەی ئەم غوربەتا چی بکەمە چەتری سەرم
هۆ دەریاچەی ئەوینی من لەهەر کوێ هەی دەنگهەڵبڕە
بە دڵی کام بیابانا ڕۆیشتی سەر هەڵبڕە
سەر هەڵبڕە و گۆمی سووری چاوەڕوانیم بهەژێن
سەر هەڵبڕە و ماسی ڕۆحـم لەم زۆنگاوە دەربهێنە
کانێسکان
کارێزەوشک
دوو کۆڵانی شاری سلێمانی ین.
@hoday_sher
🌿💫
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە،،،.
شێعری:
مامۆستا"هێـمن"
مامۆستا "حسێـن وەفـا"
@hoday_sher
🌿💫
لە تووڕەییت دا وەکوو هەڵۆی بەرزەفڕ بووی
لە شەقەی باڵیشت دەترسان.
لە هێمنی و ئارامی دا کۆترێکی خنجیلانەی
پەڕ و باڵ سپی بووی.
هەمیشە پەیامی شادی و ئاشتی
و دڵنەواییت دەهێناو و دەبرد...!
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
هاوڕێکەم!
کانییەکانی وڵاتەکەم خۆشەویستن
لە هەموویان خۆشەویستتر
ئەو کانییەی
تینوێتی زۆری شکاندووم.
باخەکانی وڵاتەکەم خۆشەویستن
خۆشەویستتر لە هەموویان
ئەو باخچەیەی
بەری زۆرتر بۆ گەیاندووم.
مامۆستایانی وڵاتم خۆشەویستن
لە هەموویان خۆشەویستتر
ئەو مامۆستایەی یەکەم جار
فێری یەکەم حەرفی کردووم.
هاوڕێکەم!
شەهیدانی وڵاتەکەم تێکڕا
هەموو خۆشەویستن
لە هەموویان خۆشەویستتر
ئەو شەهیدانەی یەکەم جار
ترسی مەرگیان
بۆ بەزاندووم!
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
هونەرمەند و ژیانی خۆش محاڵە
هونەرمەند ڕەنجەڕۆیە ژینی تاڵە
تۆ بزا ئـــــــــەوەی ئەهلی هونەر بێ
دەبێ یا دەربەدەر یا دەس بەسەربێ
"مامۆستا هێمن"
@hoday_sher
🌿💫
گەشبینی
فەوتێنەری
جەماوەرەکانە.
"میلان کۆندڕا"
ئەمڕۆ میلان کۆندڕا کۆچی دوایی کرد.
@hoday_sher
🌿💫
موددەتێکە شەو ئەناڵێنم لەژێر پاسارەکەت
خۆت نەکردە خاوەنی خەستەی لە گیان بێزارەکەت
وا لە چاوم جارییە فرمێسکی خەم باوەڕ بکە
ڕێ نەما خێڵی خەیاڵت بێتە لای بیمارەکەت
تا خیاڵت پادشاهی شاری دڵ بێ موشکیلە
قاسیدی خەو ڕوو بکاتە چاوی خزمەتکارەکەت
هاژەهاژی سەیلی چاوم پڕ بە عالەم مەوج ئەدا
قەتریێ نایێتە بەر چاوت لە سەختی قارەکەت
تا نەهاتم بۆ نەهاتی تاکوو تەبین بێ بەهات
تازە هاتی هاتنت هەیهاتە بۆ غەمبارەکەت
حەسرەتا ڕۆژێ نەهاتیتە سەرینم پێم بڵێی
ئەی غەریبی شارەکەم چۆنی لەگەڵ ئازارەکەت
سەبرە چارەی دەردی دووری، زیکرە دەرمانی گوناهـ
زوو دەگاتێ حاسڵاتی سەبر و ئیستیغفارەکەت
«سابیری» وریابە خۆ ئەو شۆخە وەعدەی دا بە تۆ
نەک هەمیسان ڕەنجەڕۆ بی، دەردی ساڵی پارەکەت
"سابیری"
@hoday_sher
🌿💫
ئازارمان هێندە تەنیایە و
برینمان هێندە بێکەسە...
تەنیایی لێمان بێزارە و
بێکەسیش لێمان وەڕەسە...!!!!
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
تۆ بەڵێنیم پێ بدە تا من بەرەو ژوان ببمەوە
بمدەیە ماچێکی تەڕ لەم لێوە با جوان ببمەوە
دەستی لەرزۆکم هەتا تێیدایە هێزی بەی گوشین
لێم گەڕێ تاوێ لە باخی سینە میوان ببمەوە
شەنگەبێری بسڕەوە فرمێسکی بێ شوانی ئیتر
ڕەنگە هێشتا لەو چیا و زۆزانە بۆ شوان ببمەوە
مـن گوڵی سەرگۆڕی ئاواتی لەمێژینەم بەڵام
ڕێژنێکم لێ بدە پێم وایە بۆ ڕوان ببمەوە
شێخی سەنعان بۆ کچی گاور لە ئیسلام وەرگەڕا
من خەریکم بۆ کچە شێخی پەشیمان ببمەوە.
"هێمن مووکریانی"
@hoday_sher
🌿💫
«مروڤ بێ ئازادی چیە ماریانا!؟
پێم بڵێ چون دەتوانم خۆشم بوێی،
ئەگەر ئازاد نەبم؛
چون بتخەمە دڵمەوە
گەر هی خۆم نەبێ»
وتەکانی”لۆرێکا”شاعیری ئیسپانی بە
خۆشەویستەکەی
کاتی گوللەباران بوونی
@hoday_sher
🌿💫
ئەهاتیت و خۆرەتاوی ئــەم مژدەیە
بە دەستێکی نــوورانی و گـەرم
لەم پاییزی ژیانەدا
پەپوولە پاییــزەی شادی
ئەڪرد بە قژی شێعرەوە
دەست و پەنجەی تــەزیوی تــاسەی ئەگووشی
ڪە ئەم جیهانی شادییەم
لە دەروونا ئەشاردەوە
ئاوازی شــادی و دیدارم
لەسەر لێوم توانەوە
خونچەی عەشـقت بە بێدەنگی لە جێگایان ژیایەوە!
#ژیلا_حوسێنی
#قەڵای_ڕاز
@hoday_sher