🌿💫
ژماردم گشت ئەستێرەی شەو،
تاق تاق کەرەم کردە خەو؛
لەبەر کزەی بای سارد تەزیم،
لەگەڵ گەڵای درەخت لەرزیم،
ئاونگ وەک گیا تەڕی کردم،
هەر نەهاتی، ئەوا مردم...
چارەڕوانم،
پەرێشانم
پەرۆشە گیانم...
سا بمگەرێ هێزی ژیانم...
"گۆران"
@hoday_sher
🌿💫
لەو دەمەی ڕا دڵم لێی داوە بۆ ژوان
من دێوانەی چاوی جوانم، چاوی جوان
گەرچی خەڵکی وڵاتی چاو جوانانم
چاوی جوانم نەدی تێر بەچاوانم
هەتا لاو بووم چاوی جوانم لێ ون بوو
پەچە و ڕووبەند و چارشێوم دوژمن بوو
ئێستا پیرم و کەوتوومەتە ئاویلکە
چاوی جوانم لێ ون دەکا چاویلکە
"مامۆستا هێمن"
@hoday_sher
🌿💫
خۆشەویستم،
وەک ئەو درەختەی،
ساتێ دیداری سروەی لێ ون بێ،
له سەما و لەنجه و جووڵه ئەکەوێ،
منیش بێ تۆ وام...
"عەبدوڵڵا پەشێو"
@hoday_sher
🌿💫
گۆرانی ئەی چاوشینی پەرچەم کوڵ دەنگ: مامۆستا محەمەد عەباس بارام تۆماری 1976 ئێزگەی کوردی ڕادیۆ بەغداد پێشکەشتان بێت.
@hoday_sher
🌿💫
هەموو تەمەنی گەورەییت
تەرخانكەی بۆ گەڕان بەدوای جوانیدا،
هێشتا ناگات بە ساتێكی ئەو جوانییەی، لە كۆڵانێكی منداڵیدا جێما.
"نەبەز گۆران"
_ڕۆمانی/ مەیخانەكەی ئۆرتینە.
_تابلۆی/ Fritz Zuber-BUHLER (1822-1896)
@hoday_sher
🌿💫
"وهدیهاتن"
دهمێک بوو چاوهڕوانت بووم.
له کهناری گۆلی تهنیای بهر تریفه تاوێک وهستام
سکاڵای بوو له سهفهری درێژی مانگ
دوای ئهوه که له پشت لووتکه ئاوا دهبێ.
به فێنکایی نێو داڵانی سپیداردا، ڕێگهم بڕی
بهژنیان دهستی بهرزی تکای خاک بوو
دهپاڕاوه بۆ دیداری ڕووناکی خۆر
پڕ به چاوی سهوزی گهڵا.
پهڵه دهغڵی بهر سوورهتاو
به برژانگی ههموو گوڵهگهنمهکانیان
چاوهڕوانی نمێک فرمێسکی باران بوون،
لهبهر سێبهری گهڕۆکی ههڵفڕینی ههوێردهیهک
که پهیکهری ببوو به میعراجی تاسه
بهو ئاواتهی بێتهوه سهر هێلانهکهی.
له پێدهشتی حهز و تاسه تێپهڕیم و
له بناری پشووبڕی سهبروتاقهت.
گهیشتمه دهربهندی ڕهنگ و تووشی باڵندهیهکی بچووک بووم، وتی چهند رۆژێکه گهڵا و شکۆفه هاتوونهته سهردانی دار و، جۆگهلهیهک له لووتکهوه ئاوی ڕوونیان بۆ دههێنێ و، خۆرهتاو پهنجهی ڕهگهکان گهرم دهکاتهوه و نۆبهتێی خاک دهبڕێ.
پهلکی ههورهکانم لادا و
هێشووی خۆرم لێ وهدهرکهوت.
ئێسته بیرم لهلای تۆیه
که چهند دژوار چاوهڕوان بووی
له ههموو خۆرنشینێکدا ڕهنگی سیمای تۆ دهبینم
چهنده هێمن دهچوویه ناو نوێنی ئازار
لهو دیو ههموو ئاسۆکانی یادم دهنگی تۆ دێ
چهنده ئارام دهچوویهوه بۆ کهناری سوێری فرمێسک
چ دڵشکاو ههڵدهکشایه سهربانیژهی بهرزی هاوار.
ئێستاکه، بهسهرچوو
گوێگرتن له ڕازی گۆلاوی چاوهڕوان
بهسهرچوو ڕێکردن به ڕهوتی ئێوارهی خامۆشی دارستان
ڕههابووم له ژانی تینوێتیی گوڵ و گیا و
گهڕانی باڵندهی سهرگهردان؛
له سیحر و تهلیسمی نیاز و
ورینگهی بهسۆزی عاشقان.
به خێربێی
ئهی موژدهی کازیوهی زێوینی لووتکهکان!
"ناسر حیسامی"
@hoday_sher
🌿💫
تاقی پەیوەستی برۆت، وا بوو بە قیبلەی خاس و عام
کەعبە گەر بۆ خۆی بزانێ، پشتی میحرابی شکا
کەس نییە لەم نوکتە حاڵیم کا وەفایی، دولبەرم؛
خۆی دەمی هێنا، ئەمن گەستم، دڵی بابی شکا!
"وەفایی"
@hoday_sher
🌿💫
کیژی لادێیی نەشمیلی جوان چاک
بێ فڕوفێڵ و هێدی و داوێن پاک
ئەتۆ هەر زگماک وەها جوانی
تەوالێت چییە؟ ناوی نازانی
نیتە کراسی حەریر و پۆپلین
گەوهەری پێچرای لە ناو خامی شین
پۆدر و کرێم و ماتیکت نییە
هەر نەتبیستووە ئۆدی کڵۆن چییە؟
نەتکرد سووراو و سپیاو چون دووری
لە شاری، کەچی هەر سپی و سووری
فێڕت لێ نەدا بسکەکەت لوولە
ڕێژیمت نەگرت بەژنت وەک توولە
لاجانگت وەکو گزنگی تاوێ
هەر بۆ خۆی جوانە تیف تیفەی ناوێ
کوڵمەکەت وەکو گوڵاڵەی گەشە
بێ سوورمەش چاوە مەستەکەت ڕەشە
وەکو فرمێسکی ئاشق ڕووناکی
وەکو ئاونگی بەیانی پاکی
فێر نەبووی سیحر و کشتەک و نوشتوو
نەجگە گورگت، هەیە نە مووروو
مایەی هومێدی کیژی چاوهەڵۆ
نازانی مەکر و جامبازی و درۆ
چارشێوت نییە ڕوو ناگری لە کەس
نامووسی خۆتە پاسەوان و بەس
بە تاسکەتاسک و بەلەنجەولارت
بە بەژن و باڵای بەرز و لەبارت
بەدڵی سادە و بەهەستی پاکت
بەشەرم و حەیا و ئاکاری چاکت
منت کردووە شێت و وێتی خۆت
وەختە لە سوێیان گیانم دەرچێ بۆت
"مامۆستا هێمن"
@hoday_sher
🌿💫
نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر
جا چ نەی بیکا چ پیاوی دەربەدەر
بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە
شیوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە
"مامۆستا هێمن"
@hoday_sher
🌿💫
«لا تحب بعمق قبل أن تتأکد
أن الطرف الآخر یحبك بنفس العمق،
فعمق حبك الیوم
هو عمق جرحك غداً...»
تا ئەو کاتەی لە قووڵایی خۆشەویستی کەسی بەرانبەرت دڵنیا نەبووی، لە ناخەوە خۆشت نەوێت
چونکە قووڵایی عەشقی ئەمڕۆ، قووڵایی برینی سبەینێتە...
"نزار قەببانی"
🌿💫
چاوەڕێ
لە کتێبی: کەژاوەی دڵ
بەرهەمی: ناسر ئاغابرا (1968-2020)
خۆشەویستم لەمێژ ساڵە چاوەڕێتم
گوێ لە زەنگی دەرگا دەگرم
چاوی هیوا بەسەر هاتووچوونی کاتەژمێر دادەگرم
دڵی تەنگ دەلاوێنمەوە
هەموو ڕۆژێ ماڵە ژیکەڵانەکەم دەڕازێنمەوە
دەڵێم لەپڕ میوانم دێ
خونچەی ئاواتم دەپشکوێ و دوایی خەمی ژیانم دێ
هەر کە دەنگێک لە دەرکی دێ
لە حەوشە بچکۆلانەکەم هەستی پێ دێ
دڵی تەنگم خورپەی لێ دێ
داخوا کێ دێ؟
پشووم نایە، هەست ڕادەگرم
چەنگ و ددان بە جەرگی کونکون دادەگرم
کاتێ دەبینم ئەتۆ نی لەخۆ دەچم
دەڵێی بۆ ماوەیەک دەمرم
ئەوجار بە ئێش و ژانەوە
بە چاوی پڕ لە گریانەوە
لەسەر خاک و خۆڵی زەوی دەتلێمەوە
وەکوو زامار دەکولێمەوە
ئاخر بەڵێن ئاوا نەبوو ئەتۆ نووسیبووت دێمەوە دێمەوە دێمەوە
ئازیزەکەم
چەن نەورۆزە گەزیزەکان
بووکە کێویلکە دڵشکاوە زیزەکان
هەواڵی تۆم لێ دەپرسن
کاتێک دەڵێم بێ هەواڵم
ڕەنگ و ڕوویان دەبزرکێ
وا دیارە لە بێ هەواڵیت دەترسن
ئازیزەکەم ئەو ڕۆژەی کە بۆ ئاخرین ماڵئاوایی دەستت دامێ چت پێ گوتم؟
نەتگوت: دەچم لە شۆڕەکات تۆوی گوڵاڵە دەچێنم؟
نەتگوت دەچم لە پشت ئاسۆ شەپۆلی نوور دەتەقێنم؟
نەتگوت: کاتێ گەڕامەوە لە مەڵبەندی سەوزی بەهار
دەست دەگێڕم دە لالەزار، بە یادگار کۆشێک گەزیزەت بۆ دێنم؟
بۆچی خۆت خستە گەرداوێ
من ئەوانەم هیچیان ناوێ
هەر پێم بڵێ چت لێ هاتووە؟ بۆ نایەوە
بۆ لەگەڵ بەفران توایەوە
ئازیزەکەم
هەموو ساڵێ کاتێک بەهار دێتەوە
جوانیی سروشت دەژێتەوە
لە چیاکان گوڵ و گیا شین دەبێتەوە
ڕووبارەکان لێم دەپرسن خەمبارەکە ئەوی ون بوو نەتدیتەوە؟
ئەرێ ناڵێن کەی دێتەوە؟
گەر دەڵێم نا، ڕووباری ڕوون وەک هەتاوی ئێوارە ڕەنگی دەپەڕێ
وەک فرمێسکی خوێناوی سوور هەڵدەگەڕێ
لە دواییدا بە زەمزەمەی دوعای بەخێر بەجێم دێڵێ و سەر لەنوێ دەکەوێتە ڕێ
لەو بەهارە تەماوییە
بەو دیمەنە خەماوییە
دڵی دار و بەردی چیا ڕادەپەڕێ
بەڵام دونیا بە تەواوی خەمبار نییە
مەینەت چییە
ئی وا هەیە بە ئاهەنگی گریانی گەل هەڵدەپەڕێ
خۆشەویستم
لە شەوانی پاییزدا گەلێک جاران دەتبینم و دێیە خەوم
جارێک بە دڵی خەمینەوە
کاتێک بە پێکەنینەوە
لە من وایە لە کەژاوەی سەوزم ناوی، سواری شەپۆلانم کردووی دەتبەمەوە
منداڵەکانی گەڕەکێ
بە جلی ڕەنگاوڕەنگەوە
گوڵ و ڕیحان بە چنگەوە
بە قریوە و چەپڵەڕێزان
لە پێشتدا دێن و دەچن
بۆت دەخوێنن شیعر و هۆزان
گوڵ و سەوزەت پێدا دەکەن،
کوڕ و کچانی هاوسێمان
چاوبەکلان زێڕلەملان، کەمەرشلان
لە کووچەدا، لە حەوشەدا
بە دەسرەی ڕەش لە پێشتدا
بێ گۆرانی و بێ مۆسیقا، سەما دەکەن
خۆشەویستم
گەلێک جاران، لێکدانەوەی خەونەکانم لە پیری زانا دەپرسم
لە ئاکامی خەونەکانی خۆم دەترسم
بە زیارەتی دیدارت شادم کەرەوە
خەم و خەفەتەکانم لەبیر بەرەوە
دوایین تکا و ئاواتی من لە پێش مەرگمدا ئەوەیە
زوو وەرەوە، زوو وەرەوە
1990/01/27
مەهاباد
@hoday_sher
🌿💫
دەرگەکەتم لێ بکەوە
هەر دڵدارەکەی جارانم
هەر کێڵگەکەی بەر دەرگەتم
هەر تینووەکەی بەر کڕێوە و با و بارانم...
"پەشێو"
@hoday_sher
🌿💫
ئینسانەکان هیچ کات لەسەر بوون و نەبوونی خودا بە شەڕ نەهاتوون، بەڵکوو لەسەر ناوی خوداکان بە شەڕ دێن. ئینسانەکان کێشەی ئەوەیان نییه بنوشتێنەوە و سوژدە بەرن، بەڵکوو کێشەیان ئەوەیه بۆ کێ سوژدە بەرن.
"بەختیار عەلی"
له ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان"
@hoday_sher