🌿💫
تۆ ئەتوانی
سەر لە نوێ شینم بکەیتەوە
ئەتوانی گەڵایەکم یان
بزەیەکم بۆ یادگاری
ئەم ڕسکانەوەیە
بدەیتە دەست "با"یەکی گەنج و
خۆیشم بە دەم تریفەی
شیعر و شەونمەوە
بدەیتەوە لە بەرۆکی ژیان!
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
بلووری گەردنت بنوێنە
سەر هەڵبێنە
بڕفێنە
ئەوی هۆش و خەیاڵە یەککەڕەت
با شێت و هارت بم
"زاری"
@hoday_sher
🌿💫
ئاو بێ هەوا
هەوا بێ گڵ
گڵ بێ ئاگر
من بە بێ تۆ
تۆیش بە بێ من
نیوە ڕستە و
نیوە مانا و
نیوە شیعری ناتەواوین
《شێرکۆ بێکەس》
@hoday_sher
🌿💫
تۆ بارانێکی ڕەحمەت بوویت،
منیش خاکێکی تینوو
تۆ عیسای موعجیزە بوویت،
منیش عاشقێکی بێ مراد و مردوو...
"شێرزاد حەسەن"
@hoday_sher
🌿💫
کاڵەم دڕا، هیچم پێ نەبڕا!
دوو خۆشک هەبوون، یەکیان مێردی کردبوو بە پیاوە دەوڵەمەندێکی شاری و ئەوی دیکەش ماڵی لە دێهات بوو.
رۆژێک خۆشکی شاری ویستی سەردانی خۆشکەکەی لە لادێ بکات. دوای چاکوچۆنی و پشوودان، خاتوونی شاری باسی ژیانی خانمانەی ژنانی دەوڵەمەندی شاری بۆ دەکرد کە ئەوان لەنێو کۆشکی چەندقاتی، تەنیا چاوان دەڕێژن و لێوان سوور دەکەن، کەچی ئەتۆی بابان وێران بەشت بۆتە مەڕدۆشین، مەشکەژەندن و گەوڕماڵین و لاپێژی... دوور لە کەیف و خۆشی وەکوو ئاژەڵ و پاتاڵ لەنێو خانووی ڕەش و گڵی..
خۆشکی لادێیی سەیرێکی خۆشکەکەی کردو وتی: گرینگ ئەوەیە کە مرۆڤ بە سەربەرزی و رووسووری بژیێت، ئەوانەی تۆ باسیان دەکەی تەنیا گوێی خۆیان لە هەموو شتێ خەواندوە. ئەگەر بێت و لێیان بقەومێ بەرگەی دوو ڕۆژ ناگرن. ئێمە لێرە بە ڕەنجی شانی خۆمان دەژین و..
مێردی ژنە لادێیی کە گۆی لەو باسانە بوو. لەبەر خۆیەوە وتی: ئەگەر مەزرایەکی بچووکم هەبا، شەیتانیشم بە نۆکەر نەدەگرت!
شەیتان کە بۆ سەردانی دۆست و یارانی لەو ناوچە بوو، گوێی لەم قسە بوو! وتی: وادیارە بەو فڵتەفەرمایشتە تۆیش کەوتوویتە کێبەرکێ لەگەڵ هاواڵزاوای شاریت.. من زۆر گەورە بووم ئەو ساڵەی ماڵی باپیرت لە بەهەشت باریان کرد و شاربەدەر بوون. دەروونتان باش دەناسم. ئێستا بۆ چوار بستە زەوی من بە سووک دێمە پێش چاوت و خۆت بە ئازا؟ جا بمێنم و تۆ..
ڕۆژگار وای هێنا، پیرەژنێک لەو دێهاتە مووچە و مەزرایەکی هەبوو، وتی بەم سەری پیرییە پێی ڕاناگەم. کابرا لێی بوو بە مشتەری..
مەزرا بوو بە خێر و ڕژا بەسەر کابرا، ڕۆژبەڕۆژ داهاتی زۆرتر دەبوو. شەوێک شەیتان خۆی کرد بە ڕێبوارێکی ماندوو و بوو بە مێوانی کابرا، شەو بەدەم باس و خواسەوە بە کابرای گوت: لە فڵانە دێ، باخ و باخاتێکی ئاوەدان شک دەبەم کە دەیفرۆشن، بڕۆ بەشکم بتوانی بیکڕی. کابرا بەیانی چوو، قسەکە بەڕاست دەرچوو. بنە و بارگەیان گواستەوە بۆ موڵکی تازە. تا دەهات هەر کۆک و پۆشتەتر دەبوون. شەوێک پیاوێکی بازرگان(شەیتان) بوو بە میوانی کابرا و باسی ناوچەیەکی دووری کرد کە مۆڵکی خۆیان هەراج کردووە و بە بڕە و گۆترە بە هەرزان دەیدەن. کابرا ماڵ و حاڵی خۆی نەختەوە کرد و ڕۆیی بۆ ئەو مەڵبەندە. گەیشتە دێهاتێک؛ خەڵکی دەورەیان دا. ڕیش سپی ئاوایی بە کابرای گوت: کاکە ئێمە تەنیا بەیەک شێوە مامەڵەت لەگەڵ دەکەین.سەر لە بەیانی هەموومان پێکەوە دەچینە سەر تەپۆڵکەی لای خوارووی ئاوایی.. لە پێشدا پارەکەت لێ دەستێنین. چوار گوڵمێخت(میخ طویله) پێ دەدەین؛ هەرکە خۆر دەرکەوت لەپای تەپۆڵکەکە یەکێک لە گوڵمیخەکان دەچەقێنی. پاشان هەتا پێت خۆش بوو بەرەو باشوور بڕۆ. لەهەر کوێ بە باشت زانی گوڵمێخی دووهەم داکوتە و بەرەو ڕۆژهەڵات وەرسووڕێ؛ لەوێش تاهەرچەندی پێت دەکرێ بڕۆ، کە مێخی سێهەمت دامەزراند بەرەو باکوور وەرێ کەوە. گۆڵمیخی چوارمیش بۆلای سەرووی زەویەکەیە. پانتایی ئەو موڵکە چوارگۆشە کە ئەکەوێتە نێوان ئەو چوارخاڵە دەبێ بە مۆڵکی تۆ! جا خۆت و غیرەتت،هەتا مەودای زۆرتر بپێوی، موڵکت گەورەتر دەبێ. بەڵام بەو مەرجەی، دەبێ پێش تاریکی ئێوارە بگەڕێیتەوە لای ئێمە کە هەر لێرە چاوەڕێتین. ئەگەر بکەویتە شەو، پارەکەت فەوتاوە و موڵکیشت نابێت!
بەیانی پێش خۆرهەڵاتن هەموویان لەسەر تەپۆڵکە ئامادە بوون..کابرا تۆشەبەرەی نان و کونەی ئاو لە کۆڵ، چوار گوڵمێخی بەدەستەوە ئامادە بوو؛ هەرکە یەکەم گزینگی خۆر دای لە سەران؛ ماراتۆن دەستی پێ کرد..
کابرا لەبەر خۆیەوە وتی: قەت هەلی وام دەست ناکەوێ. هەتا بۆم بکرێ موڵکی گەورەتر دەبڕم. لای حەیف بوو ئەو دەشتە پڕپیت وبەرەکەتە بستێکیشی لە کیس چێ. چاوی بە هەر شوێنێک دەکەوت، دەیگوت ئەوەش بۆ من باشە، ئەو دارستانەش با بۆ من بێت... هەتا دەهات بە پەلەتر هەڵدەهات. لەبەر ئەوەی کە باری سووکتر بێت، پێڵاوەکانشی فڕێ دا. نێوەڕو بە دەم ڕاکردنەوە پاروە نانێکی خوارد و قومێک ئاوی کرد بە دوایدا! وەها شەڵاڵی ئارەقە بوو جلەکانیشی فڕێ دا. کە ئێوارە هات هەرچوار گوڵمیخەکەی داکوتابوو؛ بەڵام کاتی وای نەمابوو. دەبوو پێش خۆرئاوابوون خۆی بگەیێنێتە سەرتەپۆڵکە هەتا سەوداکەی سەربگرێ! بستێک زمانی کێشا بوو؛ شەکەت و ماندوو، لاق ولەتەر بریندار، بەگیانەڵا خۆی گەیاندە بناری تەپۆڵکە. گوێی لە چەپڵەلێدانی خەڵکی بوو؛ هێزی لێبڕابوو، کەوتە سەرچۆک؛ هێڵنجێکی دا و بڕێک خوێنی هەڵهێنایەوە. ویستی جارێکی دی هەڵسێتەوە بەڵام بە هەناسە ساردی کەوت و جووڵەی لێبڕا..
خەڵک وردە وردە هاتنە خوارێ بۆ لای تەرمی کابرا..
گەورەی ئاوایی وتی: ئەو پیاوە شەرتەکەی دۆڕاند؛ بەڵام ڕابەردار نییە ئاوەها بمێنێتەوە و هیچیشی دەست نەکەوتبێ!
بە پانایی دوو هەنگاو و درێژایی پێنج هەنگاو بۆیان کرد بە گۆڕ و کابرایان تێدا ناشت.
پارەکەیان لە نێوان خۆیاندا بەش کرد.
لێئۆ تۆلستۆی ۱۸۸٦(محمدعلی جمالزادە)
پێشینیان فەرموویانە: تەماح سەری نەبڕیت، سەرت دەبڕێت.
عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۲/۰۹/۲۷
@hoday_sher
🌿💫
دەقی ئەدەبی
"حەمەسەعید حەسەن"
لەناکاو ڕۆژێ، ژینم دوایی دێ
بەڵام تا لەنێو
یاد و خەیاڵی، تۆدا زیندوو بم
وەک ئەوە وایە، هێشتا هەر بژیم
وەک جاری جاران، هەر پێکەوە بین
کە سەر لە ڕۆخی، زەریاکە دەدەی
لەوێ من لەنێو، شەپۆلەکاندام
بەهاران دەستت، لەنێو دەستمایە
لە گوڵەکاندام
لەنێو سترانی، باڵندەکاندام
لەنێو فڕینی پەپوولەکاندام
لە چاوەکانت، فرمێسکێ بڕژێ
من لەنێویدام
لە هەر دڵۆپە، بارانێکیشدام
کە دەنووک بدا، لە پەنجەرەکەت
لەنێو هەر کولوە، بەفرێکیشدا هەم
کە بەبەر چاوی، تۆوە ببارێ
هەر گۆرانییە، گوێی بۆ ڕادێری
من لەنێویدام
هەتا لە یادی، تۆدا زیندووبم
مەحاڵە بمرم.
@hoday_sher
🌿💫
عیشق و خۆشەویستی !
بکر علی دەڵێت.
دەسا گەورەم،
هۆ ئەو کچەی
سێبەرەکەشم ئەیەوێی
گەر خۆشت دەوێم
مەهێڵە قەت
خۆشم بوێی!.
عیشق بزربوونە لەوەی تردا. خنکانە لە قوڵایی ئەوی تردا. سووتانە لە بڵێسەی ئەوی تردا. عیشق گەڵایەکی سەوزە ،هیچ خەزانێک ناتوانێت بیوەرێنێت. عیشق شتێکە لەودیو ویستەکانی خۆمانەوەیە، تیشکێکە لەسەرووی باڵای دیواری دڵی ئێمەیە !
عیشق یاساکان دەشکێنێت، سنورەکان ناهێڵێت، کلتورەکان نغرۆ دەکات. بۆ جێگایەکت دەبات کە ناتەوێت بڕۆیت، لەگەڵ سەمفۆنیاک هەڵت دەپەڕێنێت کە لەودیو هەستەکانی تۆوەیە ! عیشق گریانە، خەندەیە هاوارە، ناڵەیە، ژوانە، جێهێشتن و دابڕانە.
شاعیر دەڵێت.
قینی تۆ بۆتە ئوستادم، دەبێ میهرەکەت چۆن بێ
غەزەبی ڕوتم پێ خۆشە، دەبێ مەکرەکەت چۆن بێ
لەبەر مولاقـاتی قامەت، با فیدا بێت جـانی مـن
دوریەکەت هێندە شیرینە، دەبێ ویساڵت چۆن بێ.
بەڵێ دووریەکەت هێندە شرینە، دەبێت ژوانت چۆن بێت !
شتێک نیە لە عیشقدا ، ناخۆشی بێت، تەنانەت دووریەکەشی چێژ بەخشە، خەیاڵەکانی شیرین ن، گریانەکانی فێنکایی ڕۆحن ، توڕەبوونەکانی پڕن لە خۆشەویستی ! ماڵئاوایی کردنەکەشی پڕە لەتاسەو چاوەڕوانی !
مەحوی دەڵێت ..
گوێ بداتێ یان نەداتێ
ئاهـو و فریادی دەكەم
پێ بزانێ یان نەزانێ
من بە دڵ یادی ئەكەم ...!
عیشق ئەوەیە ئەوەیە مەحووی ئاسا خشتی دێرەکانت نیگا و نیگاری ئەوبن، هەرچەندە دێرەکانش نەتوانێت، تەلیسم و شفرەی دڵی ئەو بشکێنێت.
@hoday_sher
🌿💫
"میکاییل"
چــاوی ڕەشی تۆ
@hoday_sher
🌿💫
ئەگەڕێمەوە لای "چاوت"
بە پریاسکەیەک ئاوێنەی شکاوەوە.
ئەگەڕێمەوە لای دەمت
بە کۆمەڵێ کانیاوی خنکاوەوە.
ئەگەڕێمەوە لای باڵات
بە چەندین دار و درەختی بڕراوەوە.
بەو هیوایەی
"چاوەکانت" ئاوێنەی ساغم بدەنێ و
دەمت کانیاوی عەشق و
باڵات درەختێکی هەڵچوو!
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
٢٠ ساڵ لەمەوپێش!
کە جێی ھێشتم لە بەیانییەکی ناو چوار دیواردا، بێباکانە پێیوتم: "من ئەڕۆم... ھەوڵ بدە بەرگەی ئەم ئازارە بگریت!"
ئەو قسەیەی تەواو لە ئامۆژگاری ئەو جەلادە دەچوو؛ دوای ئەوەی گوللـەیەکی ناوە بە کەللــەی قوربانییەکەیەوە، بە سۆزەوە دەست بنێتە ژێر سەری و بڵێت: "ھاوڕێ، ھەوڵ بدە بەرگەی ئەم ئازارە بگریت..!"
توانا ئەمین"
پاراگرافی دەستپێک لە چیرۆکی
(کچی ناو تابلۆکە)
@hoday_sher
🌿💫
"حەسەن دەرزی"
ئهی وهی باڵابهرز سهروی بێ گرێ
خهڵکی کام شاری هاووڵاتیت نهمرێ
ئاورێکم لێده با دڵم نهمرێ
با ئاور نهگرێ
ئاه و ههناسهم داوێنت بگرێ
من بهندهی دڵگیر پهنجهی ئهوینم
کز کز دهسووتێ تان و پۆی ژینم کۆماکهی ژینم
به توی ئهبهخشم گیانی شیرینم
ئهگهر حهز دهکهی دڵهکهم دهربێنم
دهیکهم به دیاری کچێ بۆتی دهنێرم
ئهی وهی باڵابهرز سهروی بێ گرێ
خهڵکی کام شاری هاووڵاتیت نهمرێ
ههر ئهنووسم ههر دهنووسم
بۆ ئهوەی که من دیلی تۆم
بو شێعرێکی بهرز و سهرسایه
له دڵمایه و ههر نایه بۆم
ئهی خودام ئاخ ئای ئای ئهی گیان
من جوانپهرهستی ئهو خۆپهرهستی
خهتای ههر کهس بێ دهکهوێ کۆستی
ئهی وهی باڵابهرز سهروی بێ گرێ
ئاورێکم لێده با دڵم نهمرێ
با ئاور نهگرێ
@hoday_sher
🌿💫
چەند جار خۆم تاقی کردەوە
بێ تۆ بژیم،
سەر هەڵگرم تەنیا و سووکبار،
نیشتمانێک بدۆزمەوە
بێ پەرژین بێ،
بێ دەمبێن و دەرگە و دیوار...
کەچی، هێندە دەستەمۆتم،
وا بە دیلی چەشت کردووم،
هەرکە بێ تۆم،
باڵدارێکی سەراسیمەی بێ پەڕوپۆم،
ئۆقرەم نییە،
لە قەفەزێک ڕەها دەبم،
بۆ ئەوی دی بەلەز دەڕۆم!
"عەبدوڵڵا پەشێو"
@hoday_sher
🌿💫
" شانۆی دڵ"
یادت لە دڵ ناچێتەدەر
ئەویش لێم بۆتە دەردیسەر
نازانی چەندەت بیر دەکەم
دڵم بە زۆری ژیردەکەم
نوقوڵ و شیرینی دەدەمێ
یادی تۆی دەنێمە دەمێ
مریشکەقولە و مامۆمەرە
تیل و بیبل، بێنە و بەرە
مووروەدەنگی و سووری چاوشین
مەڕۆکە و بزنۆکەی شیرین
مامڕێویلە و دایەپیرە
ئەوەی بیانووی پێگیرە
چیرۆکی نوێش دەسازێنم
بەوانەوە دەیخافڵێنم
بەیتی کۆنی ئەوینداری
زمانی ئەشق و دڵداری
زووخاو و ترس و تیداچوون
لەڕێی ئەویندا فیدابوون
بە سەرماچوون و خۆهەڵان
فەوتان لەڕی گوڵی شۆڕان
برایمۆکی بۆ باس دەکەم
باسی خەزاڵ و لاس دەکەم
مەم و زینی دێنمەوە یاد
دەگێڕمەوە دەردی فەرهاد
دێوانە و دووری و هەڵقرچان
شەم و شەو و شین و گریان
چاوی خەجێ و خوێن و ئەسرین
سیامەند و جەرگی بەبرین
لە عەزیز و کوبڕا دەدوێم
ئارام دەکەم دڵی بەسۆێم
کوبڕا و سەرما و سۆڵی هەوشار
عەزیز و سنگێکی زامدار
خوم خۆت و باسی ئەوین
وردە ماچ و بزەی شیرین
لایەلایەی بۆ دەخوێنم
لە سەر لاقم ڕایدەژێنم
هێندە دەدوێم لە ئەم و ئەو
هەتاوەکو دەیکەمە خەو
تا ئەو دەمەی دەینوێنم
هەزار شانۆی بۆ دەنوێنم
پێیدەڵێم: "دە مەکڕووزێوە"
ئەوەندەی بۆ مەلاڵێوە
نەڕۆیوە نەگەڕێتەوە
هەڵێک هەڵکەوێ دێتەوە
کاری هەیە دەستیگیرە
بەدەست ژینەوە ئەسیرە
ئەو مامۆستای دڵدارییە
خۆشەویستی کردارییە
پێی ناکرێ ڕێگەی دوورە
لەسەر بەڵێنی خۆی سوورە
وەفادارە و لای نەداوە
وەکوو سەرەتا هەرماوە
ئەگەر زەمان داشیبێنێ
ئەو پەیمانی خۆی ناشکێن
پێم نەکوتووە زۆر نامەردی
پەیمانشکێن و دڵبەردی
ئەوەی دەتکوت هەر درۆ بوو
ئەوەی دەتکرد هەر دەهۆ بوو
شووشەی بەڵێنت تێکشکاند
گوڵی ئارەزووت هەڵپساند
ڕۆیشتووی ناگەڕێیتەوە
ئەستەمە تازە بێیتەوە
ڕێز لە پەیمانت ناگری
لەڕێی بەڵێنت نامری
بۆخۆت قەڵایەک سازدەکەی
خۆشت خۆڵی بەبادەکەی
من دەزانم ناییتەوە
بەیاری من نابیتەوە
چاوم ناکەوێ بەچاوت
نابیستم دەنگی سڵاوت
شانە ناکەم پرچی ڕەشت
چاو نابڕمە چاوی گەشت
لەئامێز ناگرم باڵات
لە تۆم ناشکێ تاسە و ئاوات
تایەیتەوە شوێنی ژوانی
بۆم ناڵێی بەستەو گۆرانی
تازە زمان وەگەڕ ناخەی
باسی خۆمانی پێناکەی
بەڵام دڵ ئەوە نازانی
تاونەتاوێک دەڵێ: کوانێ؟
ئەوەندەت بۆ دەناڵێنێ
خەریکە خوێناو هەڵدێنێ
ناڵەی هێندە بێ ئامانن
دراوسێکان هەراسانن
لاقی لە عەرزی دەخشێنێ
لەویستنت واز ناهێنێ
ڕۆندکی چاوی ناسرەوێ
ناوتی لە زاری ناکەوێ
خۆی لە باوشم ڕۆدەکا
داوای ئامێزی تۆ دەکا
ناچار پێیدەڵێم: داکەوە
هاتێکت زانی هاتەوە
دەتنێ بەسینگی خۆیەوە
ناهێڵێ بکڕووزێیەووە
بەدیتنی دەبی خەنی
ئەوسا بەدڵ پێدەکەنی
بۆکان٢٧٢٣/٩/١٧
قادر عەلیخا
@hoday_sher
🌿💫
وێنەکانت نابن بە خۆت
وەک خۆت چاوەناتروکێنن
وەک نیگای خۆت نامهەژێنن
دەستەکانت ناجوڵێنن بەرەو دەستم
هەست ناکەن بە قوڵپی هەستم
وەک خۆت نین سەریان ناخەنە سەر شانم
وەک خۆت ناهێننە جوڵە تەزوی گیانم
ڕاستە لە نێو وێنەکانتا پەلەت نیەو ناڕۆیتەوە
سەدەیەکی وێنەکانت ناگەن بە وەی
کە قاوەیەک لەگەڵمدا ئەخۆیتەوە
وێنەکانت وەکو خۆت نین
شەڕێکیان لەگەڵ نکردوم
شێتی دەنگتم کە چی ئەوان بۆ جارێ
بانگیان نەکردووم
بۆیە ئازیز کە سەرم پڕ بێ لە شێوەت
چ پێویستم بە ئەڵبوومە
خۆت ئەزانی ئەوینی تۆ
هەموو ئێستاو ڕابردوومە.
"ڕەنج سەنگاوی"
@hoday_sher
🌿💫
من چ حەیرانت بم
چ بێمە خەونت
ج بتخەمە بن باڵی شعرێکم
چ بە گوڵی تەماشاتەوە ببمە هەنگێکی عاشق
هەمووم پێ خۆشە یەک شت نەبێ!
ئەو دەمەی کە ناهێلی لە ماچێکا بمرم
.
.
ئەم ژیانە نەک درۆ
بەڵکو جێهێشتنی ئومێدێکە لە وێنەی مردنا
من نائومێدی ئەم سەرزەمینە وای لێکردم زیاتر عاشقی گەرانەوە ببم بۆ لای ئەو
هیچ یادەوەریەکی خۆم
بەقەد خۆشەویستی ئەو دڵخۆشم ناکا
هەمیشە پێی ئەڵێم
بمبەرەوە بۆ لای خۆم
من لە سێبەری ئەوینی تۆدا مناڵی خۆمم لا شرینتر ئەبێت
من لەبەر تاڤگەکەی میهری تۆدا هەست بە چۆڵی شعر ناکەم
هەموو شەوێک من ئەمرم و تۆ نایەیت
هەموو شەوێ من بەرماڵی عیشق را ئەخەم و تۆ قیبلەکەی دڵی خۆتم لێ وەرئەگێریت
جاڕێک وەرەو هەرچی هەستی بریندارم هەتە رووت کەرەوە
هەرچی رەنگە لێم داماڵە
بمکە بە خۆت
هەرچی بارانە لێم بەرە و سێبەرەکەت خۆتم بدەرێ
وەرەو وەک ئاگرەکەی روحی خۆت پرم بکە لە شەقە و دەنگی سەنتور
بمکە بە نەی
بۆ ئەوەی ناڵین بژەنم...
"جەمال غەمبار"
@hoday_sher
🌿💫
ئەو ژنەی هاوسەنگیی تێکدام
"حەمەسەعید حەسەن"
دەزانی من بۆچی ئەوەندەم خۆش دەوێی؟
چونکە تۆ مەلێکی دوور لە پۆل دەخوێنی
ژنێکی بێ پەروا لە کۆسپ و هێڵی سوور
فەرهەنگت خاڵییە لە وشەی ملکەچی
سەنگەرت لە داب و نەریتی بابسالار گرتووە
گەرەکتە هەر تەنیا لە سۆنگەی ئەوەوە کە ژنی
نەبیتە جێی گومان
چونکە تۆ وێڵی دوای ئازادیت
تامەزرۆی تریفەی یەکسانیت
گۆرانی بۆ وشەی گەردنکێل دەبێژی
بێڕێزی بە خودی خۆت ناکەی
دڵنیای ئەو ژنەی پێی وابێ
ئازادی تەنیا هەر ئازادیی جەستەیە
کۆیلەیە
چونکە تۆ نابیتە ژنێکی گوێڕایەڵ
نابیتە بەندەی ماڵ
نابیتە بەشێکی مووبەقێ
نابیتە دیلی پیاو
چونکە تۆ ژنێکی بوێر و دڵناسک
ئەو ژنەی لەمێژبوو من خەونم پێیەوە دەبینی
ژنێ پڕ بە مانای وشە، مێ
ژنێ کە ناوی دێ
ناودەمم هۆنراوەی تێ دەزێ
ژنێ کە سوارچاکی نێو خەونی قەڵەمی سەرکێشە
ژنێ کە بە زەبری ئەڤینی هاوسەنگیم لەدەست چوو
ژنێ پێش ناسینی لەکن من دڵداری وەهم بوو.
@hoday_sher
🌿💫
لە ساڵڕۆژی
جیهانیی وێنەی ڕەش و سپیدا، هیوای بوونی
بەختێکی سپی و
پرچێکی ڕەشت بۆ دەخوازم ..
تازە کات درەنگ، بووە، تۆ هیچ هیوایەکی لەو شێوەیە
بۆ من مەخوازە،
دووری تۆ نەیهێشت
نە بەختێکی سپیم هەبێت، نە پرچێکی ڕەش...
"شوان تۆفیق"
@hoday_sher
🌿💫
ئەگەڕێمەوە لای "چاوت"
بە پریاسکەیەک ئاوێنەی شکاوەوە.
ئەگەڕێمەوە لای دەمت
بە کۆمەڵێ کانیاوی خنکاوەوە.
ئەگەڕێمەوە لای باڵات
بە چەندین دار و درەختی بڕراوەوە.
بەو هیوایەی
"چاوەکانت" ئاوێنەی ساغم بدەنێ و
دەمت کانیاوی عەشق و
باڵات درەختێکی هەڵچوو!
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher