🌿💫
خاترجەم بە
ڕێژنە بارانیش بیت،
ناھێڵم ئاوی ڕوونت بگاتە ڕەگم
كەوسەر بیت،
ناھێڵم تنۆكت بگاتە لێوم..
بێخەم بە
خۆریش بیت،
ناھێڵم گەرمیت بگاتە زەمھەریرم
گەزۆی باریوی سەر گەڵا بیت،
ناھێڵم شیرینیت بگاتە دەمی تاڵم..
خەیاڵت كۆكەرەوە
شەھرەزادیش بیت،
ناھێڵم گێڕانەوەت بگاتە چیرۆكم
یەڵدا بیت،
ناھێڵم ئەستێرەت بگاتە شەوم..
ناھێڵم
دەستت
بگاتە
دڵم...
"ھێمن قەرەداغی"
تابلۆی: گۆران محمد
@hoday_sher
🌿💫
گەڵایێکی زەردی لەرزۆک
دەمەو ئێوارێیێکی پاییز،
لە چڵی دار دەپاڕاوە
قایم بمگرە لە ئامێز
دەترسم لە هاژەی زریان ،
لە ڕێژنەی سەرشێتی باران
لە دوور کەوتن و هەڵبڕان
لە پێشێل بوونی ژێر پێڵاوان
لە ون بوونی نێو تەرمی گەڵاکان
لە مردن ، لەنەمان..،،
بڵێی ساڵێکی دی شین بمەوە؟
بڵێی لە ئامێزی کام چڵ،
شێعری ژین سەر لەنوێ بخوێنمەوە؟
ئاخۆ دێمەوە لات دیسان؟
یاخود بڵێی بتبینمەوە؟
ئەو چەن کاتەی لە لات ماوم
بمپارێزە لە با و باران
بمگرە قایم
بەشکم دوور کەوێت،
کاتی بەربوونەوە و دابڕان
پاشان،گەر لێشت دابڕام
گەر مردم و لەلات نەمام
گرشەی ئەوینت،
لە دڵ گەشاوەیە
گەر لەشیشم هەڵوەری
دڵم بەو تینە زیندوە،
بیانوو ناگرێت،حەواوەیە!
پەروین نازری🍂🍂🍁🍁🍁🍂🍂
@hoday_sher
🌿💫
ئەمە یەکێکە لە بەناوبانگترین چیرۆکە جیهانیەکان بەتایبەتی لە ئەدەبی ڕوسیادا....
چیرۆک: کچە گێلەکە
نوسینی: چیخۆف
پێش چەند ڕۆژێک بانگی بەخێوکەری مناڵەکانم (یولیا)م کرد تاکو مووچەی مانگانەکەی خۆی پێبدەم ..
ـ پێم ووت : یولیا وەرە دانیشە ...با حەق و حیساب بکەین ... تۆ زۆرجار پێویستت بە پارەیە بەڵام ئەوەندە شەرمنی کە بۆخۆت داوای ناکەی ... باشە ... ئێمە ڕێککەوتووبین کە هەموو مانگێک ( سی )ڕۆبل بدەم بە تۆ .
ـ ووتی : چل
ـ ووتم : نەخێر.. سی ..ئەوە لای من یاداشت کراوە من هەموو کاتێک (سی) ڕۆبلم دەدا بە بەخێوکەرەکان .
ـ باشە
ـ تۆ دوو مانگ لای من ئیشت کردووە
ـ ووتی : دوو مانگ و پێنج ڕۆژ
ووتم : ڕێک دوو مانگە ... ئەوە لای من یاداشت کراوە ..واتا شایەنی (شەست) ڕۆبلی ... نۆ ڕۆژی یەک شەممانی لێ دەکوژین ...چونکە لە ڕۆژی یەکشەممان تۆ (کولیا)ت فێر نەدەکرد ..بەڵکو تەنها دەتبرد بۆ گەڕان ...سێ ڕۆژیش جەژن بوو
ـ دەم و چاوی (یولیا فاسیلیفنا) گرژ بوو ..وە بە پەنجەکانیشی یاری بە لێواری عەزیەکەی دەکرد بێ ئەوەی یەک ووشە بڵێت
بەردەوام بووم ...
سێ ڕۆژی جەژنیش دەکوژین واتا کۆی گشتی (دوانزە رۆبل).. (کولیا)ش چوار ڕۆژ نەخۆش بوو وە هیچی نەخوێند .. وە تەنها وانەت بە (فاریا) دەووت .. سێ ڕۆژیش ددانەکانت ئێشی هەبوو بۆیە خێزانم ڕێی پێدای کە دوای نانی نیوەڕۆ وانە نەڵێیتەوە ..واتا دوانزە کۆ حەوت .. نۆزدە .. لە کۆی گشتی دەبڕین ،باقیەکەی ...(چل و یەک ڕۆبل) ..وایە؟
ـ چاوی چەپی (یولیا فاسیلیفنا) سوور بۆوەو پڕ بوو لە فرمێسک و چەناگەی لەرزی تێکەوت ..بە توڕەیەوە کۆخی و بەڵغەمی فڕێدا ،بەڵام ... بەڵام هیچ قسەیەکی نەکرد
ـ ووتم : پێش سەری ساڵ کوپێک و قاپێکت شکاند ..(دوو ڕۆبل) دەشکێنین .. کوپەکە زۆر لەوە گرانتر بوو چونکە وەرەسە بوو ، بەڵام خوا لێت خۆش بێت !! بۆمان ببژێرێت .. وە بە هۆی کەمتەرخەمی تۆوە (کولیا) سەرکەوتە سەر دار و چاکەتەکەی دڕاند ... (دە ڕۆبل دەشکێنین) .. وە بە هۆی کەمتەرخەمی تۆوە کارەکەرەکەمان پێڵاوێی (فاریا) ی دزی ... وە ئەوە ئەرکی تۆیە کە ئاگاداری هەموو شتێک بیت چونکە تۆ مووچە وەردەگری .. بۆیە دیسان پێنجی تر دەشکێنین .. وە لە ڕۆژی ۱۰ ی مانگی یەک (دە ڕۆبلت) لێوەرگرتم
ـ (یولیا فاسیلیفنا) بە چرپەوە ووتی : وەڕمنەگرتووە
ـ ووتم : بەڵام ئەوە لای من یاداشت کراوە
ـ ووتی : باشە ، با وابێت
بەردەوام بووم : لە ( چل و یەک ڕۆبلەکە ) بیست و حەوتی لێ دەشکێنین .. باقیەکەی چواردە ڕۆبلە
هەردوو چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک .. دڵۆپە ئارەقیش دەرکەوت لەسەر لووتە درێژ و جوانەکەی ... ئای کچە داماوەکە
ـ بە دەنگێکی پچڕ پچڕ ووتی : تەنها یەکجار پارەم لێوەرگرتن .. لە بەڕێزتان تەنها (سێ) ڕۆبلم وەرگرت .. زیاترم وەرنەگرتووە
ـ ووتم : بەڕاست ؟ سەیرکە ئەوەیانم یاداشت نەکردووە !! لە چواردەکە سێی لێ دەشکێنین.. باقیەکەی یانزە ڕۆبل .. فەرموو ئازیزەکەم ئەوە پارەکانت !! سێ .. سێ .. سێ .. یەک ، یەک فەرموو
دەستم بۆ درێژ کرد و (یانزە ڕۆبلەکەم ) بۆ ڕاگرت
ئەویش بە دەستێکی لەرزۆکەوە وەریگرت و خستیە ناو گیرفانیەوە .. وە بە چرپە ووتی : سووپاس
منیش هەڵسامە سەر پێ و دەستمکرد بە هاتوو چۆو بە ژوورەکەداو توڕەیی دایگرتم
ـ لێم پرسی : سوپاس لەسەر چی ؟
ـ ووتی : بۆ پارەکان
ووتم : ئای بۆ شەیتان (کە لەکاتی توڕەیا وا دەڵێن) بەڵام من فێڵم لێکردی .. تاڵانم کردی ! لێم سەندی .. لێتم دزیی ! ئەی باشە بۆ سوپاسم دەکەی ؟
ووتی : لە شوێنی تر هیچیان پێ نەدەدام
ووتم : پێیان نە دەدای ؟! ئایە ئەوە شتێکی سەیر نیە !؟ گاڵتەم لەگەڵ کردی ... وانەیەکی باشم فێرکردی ..
پارەکەت پێ دەدەم ..(هەشتا ڕۆبل) بەتەواوەتی ..ئەوەتا لەناو ئەو زەرفی نامەیە بۆم حازرکردووی !!
بەڵام دەکرێ ئەوها بێ دەسەڵات بی ؟ بۆ ناڕەزای دەرنابڕی ؟ بۆ بێ دەنگ دەبی؟ ئایە دەکرێ لەم ژیانە بێ کەڵبە بیت ؟ ئایە دەکرێ تۆ ئەوها بەم شێوەیە گێل بیت ؟
بەبێ دەسەڵاتیەوە زەردخەنەی کرد لە چاوەکانیا خوێندمەوە : " لەوانەیە "
ـ داوای لێ بوردنم لێکرد لەسەر ئەم وانە قورسە ، زەرفەکەم پێدا ، بە سەر سوڕمانێکی زۆرەوەی هەر (هەشتا ڕۆبلەکە) ..
بەشەرمەوە وەریگرت و سوپاسی کردم و چووە دەرەوە
لە پشتەوە سەیرم دەکرد و بیرم کردەوە: ئای چەن ناشرینە ئەوها بێ دەسەڵات بیت لەم دونیایە.
@hoday_sher
🌿💫
تۆ...
نە دووریت تا چاوەڕوانت بم
نە نزیكیت تا بێمە دیدارت
نە لەگەڵمیت تا دڵم ئارام بگرێت
(تۆ لە نێوان هەموو شتەكاندایت.)
"مەحموود دەروێش"
@hoday_sher
🌿💫
پهشیمانی
من ههڵه بووم.
له ڕۆژانی جوانی و گهنجیم به پهله بووم.
ههر نهسرهوتم ...
به شوێن ههستێكی ون كهوتم ...
تاكوو لهسهر سنگی نهرمی خهیاڵی پووچ
كپ بووم، خهوتم
ڕابرد گهنجی ...
تاوێك نهمدی بهری ڕهنجی.
زۆر بهر دهرگهی نازدارێكم كوتایهوه،
تاكوو چڵی ژینی گهنجیم ڕووتایهوه.
ئهوسا مۆمی ههستی تهزیو،
بۆ ژیانی پڕشنگ بهزیو،
داگیرسا، درهوشایهوه.
بۆی دهرخستم ڕێی سهرهوژوور،
ڕێگهی كۆشكی ئامانجی دوور ...
بهڵام پاش چی؟!
پاش ئهوهی خهم گهرای دانا
له دڵی شێت و مهستمدا،
ههرچی جوانی و ڕۆشنایی بوو،
سهد مخابن، له دهستم دا.
1965 - ههولێر
"پهشێو"
@hoday_sher
🌿💫
پرچت زێی ئاورێشمێکی زەردە
من حەز دەکەم
بەرماڵێکی لێ بچنم
نوێژی عەشقی لە سەر بکەم
"لەتیف هەڵمەت"
@hoday_sher
🌿💫
گەر دەتەوێ بەیانیان بە دڵخۆشییەوە ھەستی..
بزانە شەو لەگەڵ كێدا قسە دەكەی.
"مەحموود دەروێش"
@hoday_sher
🌿💫
هێند دڵم تەنگە دەڵێم، بەم شەوە لەم شارە بڕۆم
لە وڵاتێ کە جەفا، حاکم و سالارە بڕۆم
نە وەفا لای کەسوکارە، نە سەفای ماوە ژیان
با لەدەست بێبەزەیی، هەرچی کەسوکارە بڕۆم.......
"مامۆستا ئاسۆ"
@hoday_sher
🌿💫
یەک عەشقی زۆر بچوک خراپ نییە
لەگەڵ ژیانێکی زۆر بچوک؛
شتێکی کە گرنگە
چاوەڕوانییە لە تەنیشت دیوارەکان
من هەر بۆ ئەمە لەدایک بووم
تا لە شەقامی مردووەکاندا گوڵی سور بفرۆشم.
"چارلز بوکوفسکی"
@hoday_sher
🌿💫
ئەگەر بینیت لە ئاگردام،
تۆ بۆ ئاو هێنان مەڕۆ،
نەبونت لە ئاگر زیاتر سوتێنەرە.
"پوجو براچیولینی"
@hoday_sher
🌿💫
ئەی ڕەزی ئەو شاخە بەرزە کوانێ خوێنی جەرگی تۆ
جەرگی من دوو جار بڕاوە بۆچ ببینم مەرگی تۆ؟
"حەسیب قەرەداغی"
@hoday_sher
🌿💫
گریان یەکسان نییە بە خەم!
گریان واتا پڕبوون...
بۆیە دڵخۆش دەگری،
ترساو دەگری،
بەسۆز دەگری،
خەمبار دەگری...
"نزار قەبانی"
@hoday_sher
🌿💫
نەمناسیتایە چی ئەبوو؟
ئێستاکەش هەر من نەبوایەم،
ئاخر کێ؟
کێ بەم خانمەی ئەزانیت؟
کام ئەستێرەی بان کۆشکەکەتان نەیدیوم؟
ئەو شەوانەی منی ڕووبار
ماندوێتیم بۆ ئەهانیت،
نەمناسیتایە چی ئەبوو؟
ئێستاکەش هەر من نەبوایەم
ئاخر کێ؟
کێ وەک من ئەکەوتە شوێنت؟
چ شیعرێکم گلێنەی تەڕمی نەدیوە؟!
ئەو شەوانەی منی باران
لە تنۆکێکما ئەمبردی و
دیجلەم ئەکردە پشتوێنت،
بۆ دیدەت نەئەسووتانم
بۆ خۆت ئەدایە بەر نیگای
قەرەجێکی دەوار نشین؟
ئەی شەمی من
كه ئەتزانی لەم ھەوارەیا ھەڵناكەی
بۆچی دڵت نەئەشكانم؟
بۆ ئەبوویته ئا ئەم قیامەتی عەشقەو
بەبێ گوناه ئەتسووتانم
ئەی خەمی من
كه ئەتزانی لەم ھەڵقرچانەم تێناگەی؟
لێتان ناگرم بەڕێزینه ئێوه ھەروان
ھەریەكەتان تاوانێكی
تری حەوان..
«ترێی تاڵ»
"بەکر عەلی"
@hoday_sher
🌿💫
هەموو چرپەیەک نازێکه، هەموو عیشوەیەک گازه، بەیانی هەر هەمووی وەک خەونێکی شیرینی لێ دێ، دوو ڕۆژی تر نابات دەبێ بووک بکەوێته دوای قوونی ئەو مانگایانەی ڕیخ بەر دەدەنەوە و ئەو کەرانەی تەرسەقوول دەکەن،
ئیتر عومری جوانی چەند شەوێکه و تەواو
"پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان"
"شێرزاد حەسەن"
@hoday_sher
🌿💫
کینەتان دەرخوارد داین و وتتان ئەمەیە ئازادی... «قەسیدەی نیشتمان» لە "بەختیار عەلی"
@hoday_sher
🌿💫
خۆشەویستەکەم، ئارامی گیانم
بینایی چاوم، هیوای ژیانم
چیتە بۆ وەها کەوتوویت بە قینا
تەنیا جێت هێشتووم لە چۆڵی ژینا
یاران هەر وەها پەیمانشکێنن
هەر وا بێقسە و وا بێبەڵێنن
یا هەر تۆ هاوار، تۆش لە بەختی من
ڕاستی و پەیمانت لێ بۆتە دوژمن
شەوێ بە یادی ژینی ڕابردوو
بە یادی گوڵی عومری بابردوو
سەرێ بکێشە هەوارگەی وێران
کە تاریکترە لە دیدەی کوێران
بزانە مەستی شەرابی چاوت
گیرۆدەی داوی ئەگریجەی خاوت
کۆستکەوتووەکەی کۆنەهاودەمت
چۆن بۆتە یاری دێرینی خەمت
چۆن ماری دووریت تەزاندوویەتی
ئازار و دەردت ڕزاندوویەتی
لە جێی تۆ خەمی گرتۆتە باوەش
زاری و بێخەوی بوونە برابەش
نا، نا، گیانە بە قسەم نەکەی
ئەگەر مردیشم سەرم لێ نەدەی
نەوەکا پرتە و بۆڵەی ویژدانت
لێتی تاڵ بکا ماوەی ژیانت
تۆ بژی بۆ خۆت، بێخەم و بێباک
منیش ڕەنجەڕۆ، بۆت ئەچمە ژێر خاک
یەکەم دڵدار نیم بەم جۆرە بمرێ
تۆش یەکەم یار نیت ئەم ڕێیە بگرێ
"ئیبراهیم ئەحمەد"
"خەلیل مورادوەندی"
@hoday_sher
🌿💫
چەند ڕۆژێکە، وەکو ئەوەی چەند ساڵێ بێ،
کچێک هاتۆتە ڕۆحمەوە،
بە یەکەوە لەتەک خەونێکی شینباو و
بارانێکی تازە و شەماڵێکی نارنجیدا
هاتوونەتە ناو ڕۆحمەوە.
کچێک هاتۆتە چاومەوە و لەگەڵ خۆیدا
هەندێ لە چوکڵەی ئەستێرە و
هەندێ لە پرژەی گۆرانی و
هەندێ لە شنەی ئۆخژن و هەدادانی
ئاواتێکی مەیلە و سەوزی بۆ هێناوم.
کچێک هاتۆتە ڕۆحمەوە،
نە فریشتەی خواوەندێکە و
نە پەرییەکی ئاسمانە و
نە حۆرییەکی بەهەشتە.
کچێکی جوانی سەر ئەرزە و
قەڵبەزەیە و لەشی پڕە لە مۆسیقا و
هەر نۆتەیە و تیا هەڵئەقۆڵێ.
ناسک ناسک. لەم دیوەوە وەختێ
کە تەماشای ئەکەیت لە ناوەوە چرۆی
شیعری تیا ئەبینی و لێوانێلوە لە مانگەشەو،
کاتێ ئەڕوا ئەو تریفەی لێئەڕژێ و
ڕۆژێ جلی دارهەنارێ ئەپۆشێت و
ڕۆژێکی تر جلی زەردەی ئێوارانێ و
یان پۆشاکی شەپۆلانێ.
@hoday_sher
"شێرکۆ بێکەس"
🌿💫
ئێواره وەخته.
تا چاو بڕ دەکا دەورم ڕووتەنه.
لەم دنیایەدا،
من تەنیا خەونی ژوانی تۆم ماوه...
خەونی ژوانی تۆ،
بۆ من سەرابی شینکه و قۆپەنه،
گڵۆڵەتیشکی سەر بەرەو خواره،
بەری ئاوداری بڕکی تەمەنه.
لێ گەڕێ گیانه،
دە با ئەم خەونه،
هەر بجریوێنێ و بچریسکێتەوه.
دەستی لێ مەده،
مەیشڵەقێنه.
با هەر درێژ بێ،
با هەر درێژ بێ و قەت نەبڕێتەوه...
"پەشێو"
@hoday_sher