🌿💫
مەقام
ڕادیۆی کوردیی کرماشان
کەمان: مامۆستا "موجتەبا میرزادە"
مامۆستا "حەسەن زیرەک"
@hoday_sher
🌿💫
کەسانێ هەن هەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە
لە ئێوارەیەکدا چەند کەس برسی ئەبن!
لە شەوێکدا
چەند کەس بێ جێگەن بۆ خەو!
ئاخر من بیر لە بەردێکیش ئەکەمەوە
کە شەو بە تەنیا لەو بنارە ڕۆژ ئەکاتەوە.
ئەمەیە گرفتی من لەگەڵ دنیا!
«جەمال غەمبار»
@hoday_sher
🌿💫
"فەرهاد پیرباڵ"
لە قیامەت بە خودا دەڵێم :
لە کوردستانەوە هاتووم قابیلە بمخاتەوە دۆزەخێکی تر ..!
@hoday_sher
🌿💫
یۆتۆپیا
نوسین و خوێندنەوە "هیوا قادر"
مناڵیم بەنەوە،
مناڵی بەنەوە دەستی خۆم.....
@hoday_sher
🌿💫
لیسا برگی دووهەمی کتێبی تەریقبوونەوەم بەرهەمی "مەهدی ساڵح مەجید"
خوێندنەوە "کارزان عوسمان"
@hoday_sher
🌿💫
سڵاو ئەی خەمی ئاشنام بەخێر بێیتەوە باوانم
پەرۆشت بووم تۆ لەکوێ بووی گیانەکەم نوری چاوانم
ماڵ ئاوا ئەی بەختەوەریم ئەی مەلی دیلی نێو قەفەس
تۆ بە من بێگانەو نامۆی منی خەمباری ژێر هەرەس
وەرەو بتگرمە ئامێزم لێم مەپرسە من کێم و چیم
ئەی خەمی نازدار و شیرین لەم غوربەتەدا وا تەزیم
ئەمن دەروێشی تۆم ئەی خەم هەوای دیدارت لێی داوم
وەرەو بگەرە فریادم لە ڕێت لا نادەم تا ماوم
سڵاو ئەی خەمی ئاشنام بەخێر بێیتەوە باوانم
پەرۆشت بووم تۆ لەکوێ بووی گیانەکەم نوری چاوانم.
"حەمە ڕەئووف کەرکوکی"
@hoday_sher
🌿💫
شکاوە لە ناو مندا شتێک
کرتەی شکانی چڵی گیا و
هەڵکردنی گێژەڵوللکەیەک،
بەقەدەر یەک
بیرم دێننەوە لەناو مندا شکاوە شتێک.
ئەم شکاندنە لە شڵەقاندنی شینای ئاسمان ئەچێت
بە تێکەڵکردنی کۆمەڵێک ڕەنگ لەسەر توێی ئاو.
لەرزینی یەکەم هەستانە سەرپێی جوانوویەک و
تەکانی سەر ئەژنۆی منداڵێکی کەوتوو،
بیرم دێننەوە شتێک لە ناو مندا شکاوە.
لە دەم کەوتنەخوارەوەی چڵێک پوش لە مێروولەیەک و
بردنی توتکە سەگێک بەدەم لرفە لرفی لافاوەوە،
بیرم دێننەوە شتێک لە ناو مندا شکاوە.
دواهەمین هەناسەی بەئاستەمی جەنگاوەرێکی پەشیمان و
قیژەی لەپڕی هەپرون بە هەپرونی ژیان بەدەستی مردن،
بیرم دێننەوە شتێک لەناو مندا شکاوە و
بۆ ئەبەد چاک نابێتەوە.
شتێک لەدەستی خۆم،
لە دەستی ئەو،
لەدەستی خودا کەوتۆتە خوارەوە.
ئەو شتە ئەشێت ژیان بێت،
ئەشێت لەتبوونی خۆم بێت،
دەرکردنی ئێوەبێت لە خۆم،
ئەشێت تێنەگەیشتن بێت لە تێگەیشتن
ڕازیبوون بێت بە ڕازینەبوون.
شتێک لە ناو مندا شکاوە و
برینێکی پڕ لە کرمی سپی تێکردووم.
لەوەتەی هەم بە وردە پیت ئەم برینە تیمار ئەکەم و
بە ڕستە ئەیبەستم.
بە مۆسیقا فوو لەو ئاگرەی ئەکەم کە لە ژێر پێستما ئەگڕێ،
بە گالیسکەی خەیاڵ بەناو باخچەی حەرامدا پیاسەی پێ ئەکەم و
دواتر وەک کەروێشکێکی سپی
لەبەردەم ڕەوە تانجییەکی سووردا بەرەڵای ئەکەم و
قاقا ئەگریم.
لەسەر جۆلانەی حیکمەت ڕایئەژەنم و
ئەیدەمە دەم بای گومڕایی و
خۆشنابمەوە.
چ قوڵە زەخمی من...
بینینی برینی ئەوانەی هەست بە برینی خۆیان ناکەن،
برینی من قوڵتر ئەکەنەوە.
کوێری ئەوانی تر چاوی من ئەخەنە ناو تێزابی بینینەوە.
شتێک لە ناو مندا شکاوە
ئەشێت هێندەی قرچەی شکانی موروویەک
یان هێندەی تەقینی بورکانێک بێت،
تێکەڵبوونی باڵی دوو فریشتەبێت بەیەکتر و
تەپەی کەوتنە خوارەوەیان بێت لەسەر زەوی،
ئەشێت کەرتبوونی ژیان بێت
وەک دوو لەتی نایەکسانی سێوێک،
نەناسینەوەی خۆمبێت لەناو ئاوێنەکاندا،
یان لەرینەوەی تاڵە موویەکی گیرساو بێت بە تۆپەڵێک دڕکەوە.
قەدەری من
قەدەری پیاوێکی بریندارە بە ژیان.
شتێک لە ناومدا شکاوە
لە ناو مندا شکاوە شتێک...
"هیوا قادر"
@hoday_sher
🌿💫
پێنج ساڵان بووم
خوشکهکهم منی خسته نێو
تاکێک له کهنتۆرهکهو
دهرگای لهسهر داخستم
جنێوم پێدا
بیرم ئهکردهوه
' ئهو بێڕهحمترین خوشکی دوونیایه'
له نێو تاریکیدا گریام
له هۆش خۆم چووم
هاتمهوه هۆش
سهربازهکان
خوشکهکهی منیان کوشتبوو
.
احسان ئهفشاری
وهرگێڕانی: گۆران سعید
@hoday_sher
🌿💫
بۆ ههڵنابیت
ئهی وڵاته شاعیرهکهم ،
ههروهک مۆمی قهدهری خۆت لهم خۆڵستانی
تهنیایی و لهم مێرگه تاریکهی دڵدا بۆ ههڵنابیت !
تۆ زهمهنێک به کهمانچهی بێکهسیی
توڕهبوونی خۆت ئهژهنی .
تۆ به دیواری حوزنهوه ، دهمهوژانێک
سێبهری تهنییاییت ئهسڕی .
کهی شین ئهبیت ئهی بێستانی بێشهمامه !
ئهی وڵاته کوژراوهکهم
کهی ئهبیتهوه به تهریقهتی گوڵاڵه
ههتا منیش بتگرمه بهر .
کهی ئهچیتهوه کهناری پڕ مهرجانی خۆشهویستیی
ههتا منیش له دهریای خۆمت ههڵکێشم ئهی وڵاته منداڵهکهم !
جەمال غەمبار
ئوسترالیا_باشوور
@hoday_sher
🌿💫
دیتم لە ناو دار و دەوەن
لەسەر چڵی سوورە گولێک
هەڵکورما بوو، دەیکرد شیوەن
بەری بەیانی بولبولێک
گوتم ئەی مەلی دڵ سووتاو
چییە؟ بۆ دەناڵی بە تاو؟
کە ناڵینت بۆ ئەوەیە
گوڵت وا زوو هەڵوەریوە
ئەو ناڵینە بێ فایدەیە
بۆچی نازانی؟ نەتدیوە؟
گوڵ هەفتە ناباتە سەرێ
سیس دەبێت و هەڵدەوەرێ
وڵامی دامەوە بولبول
بە شێنەیی، بە کاوەخۆ
گوتی ناناڵێنم بۆ گوڵ
کە سیس بووە، دەزانی بۆ؟
ئەو عومرێکی ڕابواردووە
پشکووتووە، جا سیس بووە
ناڵینی من بۆ خونچەیە
بۆ خونچە پەشێوە حاڵم
ئەو داخە لە دڵما هەیە
بۆیە هەمیشە دەناڵم
ئەو، پێش پشکووتن سیس بووە
بە جوانەمەرگی مردووە
شیلانئاوی، 1328
"مامۆستا هێمن"
@hoday_sher
🌿💫
مرۆڤی جوان!
لە چاوی مندا جوانی گرنگە، بەڵام ئەوەی لە جوانی گرنگترە و مانا بە جوانییش دەدات؛ مرۆڤبوونمانە، زۆر بە کورتی، لە دیدی مندا؛ مرۆڤبوون، بریتییە لە سەرکەوتنی هێزی خێر و چاکەکەکاریی بەسەر هەموو هێزەکانی تر کە لەنێو من و تۆدا هەن و لە کێبڕکێی تونددان.
لەم بابەتەدا عەقڵی پەتی و هۆش و شعوریش بە گرنگ نازانم، کێ دەڵێ (بەخشراو) ئەوەی لە زمانی بازاڕدا پێی دەڵێن (شێت) هۆشی نییە؟ کێ ئەڵێ مرۆڤێکی بەخشراو مرۆڤێکی خراپەکارە؟ کێ بوێری دەکات بڵێ کەسێکی داون (مەنگۆل) کە وەکو پێویست شعوری وەکو من و تۆ لە دۆخدا نییە؛ ئیدی دڕندەیە و خراپەکارە؟! بەپێچەوانەوە مەنگۆلەکان لە مرۆڤی ئاسایی، لەمن و تۆ کە بەندی عەقڵمانین؛ هێمنتر، ناشەڕانگێزتر، خۆشەویستترن..
زیاتر لە ١٠ ساڵ لەمەوپێش لە چیرۆکی (ڕۆکسالانا ئاناستاسیا لیسوفسکا)دا نووسیم: "ئایا بەنی ئادەم، کەسێکە عەقڵ و شعوری هەبێ؟ ئەی ئەوەی نەیبوو، یان ئێمە وامانزانی نیەتی، یان هێشتا پێنەگەشتبوو، لەدەرهوەی جنسی بەشەرە؟ پیاوی خوا! کەرامەتی ئینسان ئەوکاتە دروست نابێ کە پەلەکانی دروست دەبن... من کە ئەم دەستکردە جوانەی خوا دەبینم چاوم پڕ دەبێ لە ئاو... من ئینسانم خۆشئەوێ و ئیمانم پێیەتی لە عانێکدا نەخەمڵیووە و لە زەمەنێکا گەشە دەکا و لە کاتێکا خەڵاس دەبێ..."
"توانا ئەمین"
@hoday_sher
🌿💫
ئەی کیژی لادێ { مه قام} بەدەنگی مامۆستا "حەسەن زیرەک"
رادیۆ کرماشان
شێعر: بێخود
@hoday_sher
🌿💫
ئەو تەمەنی 85 ساڵە و بۆ هەر کوێیەک بڕوات
دەستی هاوسەرەکەی دەگرێ و لەگەڵ خۆی دەیبات...
کاتێک لێم پرسی: لەوە دەچێ ئەو ئاگای لەتۆ نەبێ؟
وتی: بەڵێ ئەو دووچاری نەخۆشی زەهایمەر بووە و
ساڵانێکە تەنانەت منیش ناناسێتەوە ..
پێم وت: لەگەڵ ئەوەشدا رۆژانە پیاسەی لەگەڵ
دەکەی و دەستی بەرنادەی؟
بە زەردەخەنەیەکەوە لێم راما و وتی:
ئەگەر ئەو نەشزانێ من کێم، بەڵام من دەزانم ئەو
کێیە، تا ئێستاش ئەو هاوڕێی رێگا و ژیانمە...
@hoday_sher
🌿💫
۲۷ی خەزەڵوەر
هاوکاتە لەگەڵ کۆچی دواییی شاعیری گەورەی کورد "مامۆستا گۆران"
یاد و ناوی هەرمان و ڕێگای پڕ ڕێبوار.
@hoday_sher
🌿💫
پیاسهیهک
له ڕهنگی خۆڵهمێش،
ڕۆیشتنێ
له شێوهی شهلینی ئاخرین ڕۆژگاری پاییزێ به دارشهق
ئهمباته بن گردی عومرێکی
خزاوی سهرهولێژ!
"شێرکۆ بێکهس"
@hoday_sher
🌿💫
تۆ بڵێی ئەو خەوە هەستانی بێ
یا نە ئەو قافڵە وەستانی بێ؟
تۆ بڵێی پاشی نەمان ژینێ بێ
بۆ لەشی ساردەوەبوو تینێ بێ؟
"سوارە ئیلخانیزادە"
@hoday_sher
🌿💫
ئای مەرگ...
بەرۆکم بەردە!
ساڵەهایە دەمچەوسێنیەوە،
بە هەر تەقە و گولڶەبارانێ،
؛ نەکا دڵم بە خۆم بمێنێ؛
بەر لە هەموان
منت ئەنگاوتوە!
ئاخۆ نوشتە و جادوی کام سێحرباز
بۆتە شەختە و هەڵیتەکاندوین؟
کام کێو، کام ڕووبار و کام ئاسمان
چارداخی سڕی ژینی لێڕماندوین؟
یاخود تۆڵەی هێزی باپیرانە
وا ڕۆژ بە ڕۆژ، لێت ئەستاندوین؟
چەرخی زۆرداری گەردون،
گەردونی پڕ لە قین و کین و مردن!
ناکرێ لێمانگەڕێی بۆ چرکەساتێ
وەک خەونی نێو پێخەفی خەو
بە سەربەستی ڕابوێرین ژین،
نەک ژینی پڕتاسەی خەمین؟
پەروین نازری
@hoday_sher
🌿💫
لێی نزیک بوومەوە
نزیکتر
وە کاتێک دەستم درێژ کرد بۆ ئەوەی ماڵئاوایی بکەم
پەنجەکانم نەدۆزیەوە
دە مۆم لە حەسرەتەوە هەبوو
کە بە هێواشی
ئەوان دەتوێنەوە
وتی: دەڕۆم
باوەڕم پێ نەدەکرد
وتی: من دەڕۆم
باوەڕم پێ نەدەکرد
وە کاتێک بە دەستە باراناوییەکانی لە پەنجەرەی شەمەندەفەرەکەوە ماڵئاوایی کرد
باوەڕم پێ نەدەکرد
وە بەم شێوەیە هەشت ساڵ بەسەر غیابیدا تێپەڕیوە
باوەڕم پێ نەدەکرد.
چاوەکانت جوان و خەمناکن
چاوەکانت پیاسەی تەڕی ماڵئاوایی
وە بێدەنگیت زیاتر سەرسامم دەکات
لە بنی دەریا کام شیعر هاتیتە دەرەوە؟
وە بۆ کام شوێنی مەبەستی نادیار؟
تۆ شێتى! چۆوانان دڵم
من شاعیرم، و مەبەستم پیاوێکی شکاو
زۆر دڵتەنگم بۆ ئەمە
چەند دڵتەنگم
چۆن هەستم بە پاسپۆرتەکانت نەکرد کە وەک بۆمب مۆریان لەسەر بوو؟
"عەدنان السائغ"
@hoday_sher