🌿💫
ھەندێ وشە کە پڕوقان
ئیدی ھەرگیزاوھەرگیز ناکەونە سەر زمان
ھەندێ ماچ ھەن کە بوون بە تەم
چەن بفڕن ئیتر ھەرگیز ناگەنە دەم ..
ھەندێ دڵ ھەن ھەر کە شکان
ئیتر ھەرگیز نە ئەوینیان تیا بەن دەبێ و
نە خەندەی جوان..
ھەندێ چەم ھەن کە ھەڵیان کرد
نە کێو بەریان لێ دەبەستێ
نە ھەزاران بەربەست و پرد...
"لەتیف ھەڵمەت"
@hoday_sher
🌿💫
سنوور
لە نێوان گۆڕی هەر برایەکم و برایەکی دیکەمدا؛ سنوورێک!
لە نێوان باوەشی هەر خۆشکێکم و دەزگیرانەکەیدا؛ سنوورێک!
لە نێوان حەرفی هەر کتێبێک و کتێبێکی دیکەمدا؛ سنوورێک!
سنوور
سنوور
سنوور
سنوور...
لەسەر خاکی نیشتمانی خۆشمدام و ئاوارەم
"فرهاد پیربال"
@hoday_sher
🌿💫
"مستەفا بەگی کوردی" فیرقەت
بڵێسەی ئاگری شەوقی دەروونم
وەکو دۆزەخ، سزای تۆفانە ئەمشەو
لە ئەشکی لەعلگوونی چاوی تارم
لە ئەفلاکا، مەلەک گریانە ئەمشەو
لە بێ ئارامییا چۆن شەق نەبا دڵ
لە جەوری دڵ ڕەقیی جانانە ئەمشەو
تەرازووی دەهرە، خۆشیی بێ لە ئەغیار
کە جووڵەی شایەن و شایانە ئەمشەو
لە کەعبەشدا، لە ئەغیار سەد بەرائەت
کە هێند بێ شەرت و بێ پەیمانە ئەمشەو
کەوا شاهم لەسەر عەزمی ڕەحیلە
دڵ و جانم لەڕێی، پایانە ئەمشەو
سەرم مەستی شەرابی ئەشکی سوورە
لەجۆشی دڵ، جگەر بریانە ئەمشەو
عەشق گەرچی بە ئازاریشە،(کوردیی)
فیراق پارسەنگی دەرد و ژانە ئەمشەو
خوێندنەوە: "جەمال غەمبار"
@hoday_sher
🌿💫
سەنتوورەکە هێندەی تر ڕۆحی کردۆتە بەر قەسیدە و دەنگی کاک جەمال غەمبار.
@hoday_sher
🌿💫
ئێمە بەهێزین، گوێ بە قسە بێسەروبەرەکان مەدەن، ئەوەتا هەموو ڕۆژێک لە خەو هەڵدەسین بۆ ئەوەی هەمان ژیان لە هەمان شوێندا و لەگەڵ هەمان ئەو خەڵکەدا بەڕێ بکەین، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا تێکۆشانە.
"دۆستۆیڤسکی"
@hoday_sher
🌿💫
زامێک لە ئاوێنەی وشەدا.
بە حەزرەتی عیسا بڵێن؛
گەر ببینێ زامی مناڵی ئەم شارە،
برینی خۆی دادەپۆشێ و
لەو زۆردارانەش دەبوورێ
کە تا ئێستاش... جێ بزماری تووڕەییان
لەسەر ناولەپیدا... دیارە ...
بە حەزرەتی عیسا بڵێن؛
گەر بزانێ زۆردارانی ئەم سەدەیە
چۆن مناڵان دەکوژن وەک مێش و کوللە،
ئینجیلەکەی دەسووتێنێ و ھاوار دەکات
ئەوەی زللەیەکت لێ دات،
بیدەرە بەر ڕێژنەی گوللە ...
"لەتیف ھەڵمەت"
@hoday_sher
🌿💫
بە پاییز بڵێن
ئەگەر ئەمجارە هات
ڕەشەبا
لەگەڵ خۆی نەهێنێ
با گوڵەکانم
چیتر نەبنە قوربانی!
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
کێ دەزانێ بە شەو لە من چ دەکا
ئەو خەیاڵە پەشێو و ئاڵۆزەم؟
کێ دەزانێ کە چیم بەسەر دێنێ
ئەو دڵە پڕ بڵێسە و سۆزەم؟
"مامۆستا هێمن"
@hoday_sher
🌿💫
ئەم بەیانییە ڕۆژباشم لە پەنجەرەی ژوورەکەم کرد،،
بەڵام جوابی نەدامەوە!
سەرسام بووم و قەیرێ ڕامام.
تا دەرگای ژوورەکە وتی لێو عاجزە!
وتم بۆچی؟؟
وتی چونکە تۆ دەمێکە
هەر دوو دەستیت
بەستۆتەوە و نایکەیتەوە
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
گوناهی من نییه تۆ ناتوانیت یاقووت ڕاوبكهیت!
گوناهی من نییه تۆ ناتوانیت گوڵ بگریت!
گوناهی من نییه، سهری تۆ له دڕك زیاتر هیچ ناگرێت!
ئهوهی من دهینێرم بۆ ئهبهدییهت به تۆ ناگهڕێتهوه!
تۆ.. ئهی كڕیاری كۆنی زبڵخانهی ژیان!
... دانی تۆ لهوه پیرتره ، گوێزی پڕحیكمهتی من بشكێنێت!
لووتی تۆ لهوه زهلیلتره، بۆنی باغی من بكات!
"بەختیار عەلی"
@hoday_sher
🌿💫
بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم!
بە شەمعێکی وەھا چاری شەوێکی وا نەکەم، چ بکەم!
لە خەزنەی دڵمدا ھەرچی ھەیە، ھەر داغی سەودایە
دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم، چ بکەم!
لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یار
وەکوو «شێخ» ئیختیاری مەزھەبی تەرسا نەکەم، چ بکەم!
لە ڕێی ئەو شۆخە دا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما
دەسا خاکی ھەموو عالەم بە سەر خۆما نەکەم، چ بکەم!
دەمێکە شاری پڕشۆری مەحەببەت مات و خامۆشە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چ بکەم!
لە چاوانم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەر دەریە
سیاساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم، چ بکەم!
لە سەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزییەم مانع الجمعە
کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی ھەموو دنیا نەکەم، چ بکەم!
بەجێ ماوم لە یاران، نابەجێ ماوم. ئەجەل، زوو بە!
بە مردن لەم قسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم، چ بکەم!
ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا مەحوی!
ھەتا قامی قیامەت، ئاھ و واوەیلا نەکەم، چ بکەم!
"مەحوی"
@hoday_sher
🌿💫
بە سەرسامی لەسەر لووتکەی بڵندی گەنجی وەستاوم
شریتی عومری ڕابردووم وەکوو خەو دێتە بەرچاوم
شریتی چی؟ سەراپا سەرگورشتەی نائومێدیمە
فلیمی پڕ لە ناسۆری هەرەس هێنانی لاویمە
تروسکەی تیا بەدی ناکەم، سەرنجم چەندە لێ داوە
لە تاپۆی نامرادیم و تەمی ناسۆری بەولاوە
ئەوی ئەوساکە ڕووناکیی ئەدا بەم ژینە شێواوە
بە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە
لە باخچەی بەهار گوڵم چنیوە
شەونمی درەخت لە ڕووم پژاوە
لە زەردەی زۆر کەل سەرنجم داوە
هۆنراوەی مامۆستا گۆران و مامۆستا ئەحمەد هەردی
بە دەنگی مەحموود محەممەد « خولە دۆم »
@hoday_sher
🌿💫
ئەو مەلانەی بە ئاسمانەوە ئەكوژرێن
گەر ئەستێرە و پەڵە هەور و
”با” و هەتاویش
تاوانكەران بەدی نەكەن
”ئاسۆ”ش گوێی خۆی كەڕ كا لێیان
شاخ و ئاویش لە بیریان كەن
هتا.... هتا....
تاقە درەختێ هەر ئەبێ بیانبینێ و
ناویان لەسەر
ڕەگەكانی خۆی بنووسێ!
"شێركۆ بێكەس"
@hoday_sher
🌿💫
دەرگای دڵتم لێ دامەخە
من میوانی هەناسەتم
لە هەر کوێ کە بۆنت هەبێ
لەوێ ناو و پێناسەتم
قەت ناتوانم دەرت بێنم
لە ئاوێنەی هەردوو چاوم
وەکوو دڵم ئەتپارێزم
لەناو سینەی پڕ زووخاوم
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
بەو گیتارەی سەدان جار بە خەیاڵ لە بەردەم ماڵەکەی ئێوەدا ژەندوومە دەمویست لێنەگەڕێم پیر بیت..
تۆش کەیفت بە دڵسافیم دەهات و پێدەکەنیت و ڕۆژبەڕۆژ گەنجتر دەبوویتەوە
لەگەڵ ھەر غەدرێکی دنیا برینێک پەیدا دەبوو ناچار ژێیەکی گیتارەکەم دەپچڕاند و دەمکردە تەلی تەقەڵ و دەمدووریەوە، برینێکیتر و ژێیەکیتر و دەمدووریەوە.
ئاگام لە خۆم و لە تۆ نەما، ئێستا پێچەوانەی یەکترین:
تۆ کوژایتەوەو منیش لەسەرمە ئەو هەموو سووتانە بگێڕمەوە..
گێڕانەوە بە ڕێزمانی ئەو ھێتیمەی لە قوتابخانە لەبارەی خۆشەویستی باوکەوە داوای ئینشای لێدەکەن.
"تەڵعەت تاھیر"
@hoday_sher
🌿💫
من هەر وەک ژنێک دەمەوێی،
تاکوو ژیان لەم نیشتمانەی تێیدا دەژین،
بەردەوام بێ.
تا لەم سەدەیەی تێیدا دەژین،
شێعر هەروا بەردەوام بێ.
تا ئەستێرەکان و سووڕی دەوران،
بەردەوام بن و
کەشتییەکان و دەریا و پیتەکانی ئەلفوبێش،
بەردەوام بن.
تا تۆ "ژن" بی، ئێمەش باشین
هەر وەک ژنێک دەمەوێی،
چون شارستانییەت ژنانەیه.
چون شێعر ژنانەیه.
هێشووی گەنم ژنانەیه.
شووشەی عەتر ژنانەیه.
له شاراندا، پاریس ژنانەیه و
بەیرووت،
وێڕای هەموو زامەکانی،
ژنانه دەمێنێتەوه.
سوێندت دەدەم،
بەو کەسانەی شێعر دەنووسن؛
"ژن" به...
سوێندت دەدەم،
بەو کەسانەی به ئەوینەوه دەنووسێن؛
"ژن" به...
"نیزار قەببانی"
@hoday_sher
🌿💫
من خەمێکی مێژینەم و
لە ناو کڵپەی ئاگردانی
خۆزگە و عەزرەتا سووتاوم
من ئاخێکی دووکەڵاویم
هەڵمی ناخێکی خنکاوم
من ڕێبواری مێژووی تاڵی
دڵی خۆمم
هەر ئەڕۆم و هەر ئەڕۆم و هەر جێ ماوم
"مەلەکشا"
@hoday_sher