🌿💫
منت بمرێ، ئەتۆش وەكو من غەمینی؟
گرفتاری تەم و تاسەی ئەوینی؟
شەوان وەك من، هەتاکو دێی بە لادا
دەمی مردن بە چاوی خۆت ئەبینی؟
جلی سەوزت لە بەردا ماوە، یاخود
بە ڕەنگی پایزی زەرد ماتەمینی؟
بەڕەوتی ڕێکی جاران هەڵدەچی، یا
لەسەر لێواری پیری و داچەمینی؟
لە من بەولا، دەبێ کێ بێ بزانێ؟
چی شیرینی کە مەستی پێکەنینی!
بە فرمێسکم دەگووت دوێ شەو، کە باری
کە پرچت تەڕ دەبێ چەند نازەنینی!
دڵم دەردێ، کە نایەی تا بزانم
ئەمێستاش هەر لە ڕەنگی یاسەمینی؟
لە کام دەریا، لەکام سەحرا، لە کام جێی؟
لە کام چاڵی شوم و تاری زەمینی؟
نە تۆ دێی و نە دەنگم دێ، بپرسم؛
منت بمرێ، ئەتۆش وەکو من غەمینی؟
"شێخ ڕەسوڵ"
@hoday_sher
🌿💫
چاو
ئەگەر ئاواز لە گیتاری دڵما نەما
چاوەکانم مەنێنە چاڵ
چاوەکانم... بە گەردنی حەسارۆسدا ھەڵواسن
با ھەر چاوم لە لوتکە بێ و مەرگی دوژمن...
ئەگەر دڵم
وەکو چاوگەی کانییەکی بچکۆلانە وشکی کرد
وام بنێژن... کونە گوێم پڕ نەبن لە لم
با نەبڕێ لە گوێم
چپەی ئەستێرەی شەوی گوێی سیروان
ھاژەی ڕەشەبای سلێمانی
گرمەی ھەوری سەر ترۆپکی ھەیبەت سوڵتان...
ئەگەر دڵم وەک کاتژمێرێکی شکاو
لە چرکە... کەوت...
کوژایەوە...
وەکو چرایەکی بێ نەوت
وام مەنێژن مێروولە
کەپووم بخۆن وەک پەڕەی باڵی پەپوولە
با ھەمیشە پڕ بە شانەکانی دەروون
ھەڵبمژم بۆنی عەتری
ڕووباری پرچی فێنکی کچانی ڕێی تووی مەلیک و
گوڵی لوتکەی پیرەمەگروون...
ئەگەر بووم بە میوانی دوا جێ و ھەوارم
مەیەڵن گڵ بڕژێتە ناو گەروو و زارم
بەڵێن دەدەم دوای ھەزاران ساڵ و سەدە
ئێسکم ببێ بە دارێکی دەم بە خەندە
لە جێی گەڵا بە گشت لق و چڵێکییەوە
بشنێتەوە ھۆنراوەی جوان
ئەگەر بە لای گڵکۆکەمدا گوزەر بکات
کچی باڵابەرز و نیان...
"لەتیف هەڵمەت"
@hoday_sher
🌿💫
من پەڕەسێلکەیەکی تەنیام،
ساڵی یەکجار دەگەڕێمەوە. بۆ دروستکردنی
هێلانە نا،
بۆ سەیرکردنی نامە و وێنەکانی تۆ،
بۆ بینینی سێبەرەکەت بەسەر شۆستە
بێڕەنگەکانی ئەم شارەوە.
من ماسیەکی بچکۆلەم، ساڵی یەکجار
دەکەومە سەر ئاو
بۆ سەیر کردنی تیشکی خۆر نا،
بۆ بینینی جێ پێییەکانت، بەسەر لمی
کەناری دەریاکانەوە،
ژیانی خۆم دەخەمە مەترسییەوە.
من کەمێک گوڵی نێرگزی
سەر گۆڕی ئازیزێکی تۆم،
ساڵی یەکجار گوڵی سپیت بۆ دەگرم.
ئەی تۆ چی منیت؟
ساڵی چەند جار منت بیر دێتەوە
ساڵی چەند جار خۆشت دەوێم؟
"شوان سەعید"
@hoday_sher
وەتەن گیان و سەر و ماڵم فیدای تۆ
و گیانی من کەوێ دەرد و بەڵای تۆ...!❤️
کاناڵێک لەپێناو کورد و کوردستان
فەرموون هاوڕێمان بن....👇👇👇
/channel/nishtimanakam
🌿💫
رێبوارێکم
ههموو رێگاکانم بڕیووه
رێگای ماڵهکهی تۆم نهدۆزیهوه.
جووتیارێکم
ههموو بهرههمی ساڵێکم بفرۆشم
مشتێک بهختهوهریم بۆ ناکات.
شێتێکی بهدبهختم
ههزارجار شیرینی و نوقڵ بدهمه مناڵانی گهڕهک
ئهوان ههر بهردم تێ ئهگرن
پهنجهرهیهکم
تهنها کاتێک خۆرم لێوه دیاره
که ئاوا ئهبێت.
چاوهکانی دایکمم
تهنها بۆ ناخۆشی و دڵتهنگیهکانی نا
بۆ خۆشیهکانیش فرمێسک ئهڕێژم
پیاوێکی ههژارم
گیرفانهکانم چهنده خاڵین
دڵم دوو هێنده پڕه
مناڵێکی ههتیووم
تهنیایی خۆم نا
ئهوهی دایکیشمم له کۆڵ گرتووه
باڵندهیهکم
که ئهیکهمهوه ههزار ڕهنگن باڵهکانم
له نێو قهفهزێکیشدام .
گوڵی دهستی کچێکم
نه ئهمکاته نێو گوڵدان نه نێوکتێبهکانی
ئهو چاوهڕێی یارهکهی ئهکات و
من ههڵ ئهوهرم.
سهربازێکی ماندووم
له نێو دهنگی گوللهو هاواری بریندارهکاندا
بیر له دهنگی تۆ ئهکهمهوه
پیاوێکی پیرم
لهسهره مهرگدام
نوکتهو پێکهنین و
گوڵی دهستی نهوهکانم
مردنم له بیر ناباتهوه
بڕوانه که تۆ لێره نیت
ههڵهاتووی نێو ئهم ژیانهم
دهمێکه داوای مردن ئهکهم
بهڵام چیبکهم
خودا وهڵامم ناداتهوه
'' گۆران سعید ''
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژباش هاوڕێیان
تۆ وەکوو
سروەی بەیانانی بەهاری
تۆ لە لەشما
گیانی سووکی نادیاری...
"سوارە ئێلخانیزادە"
@hoday_sher
🌿💫
چاو لە شتی زیادە و پاتاڵ دەپۆشم
لەبەر دڵی کرانەوە،
پەنجەرەی ڕوانین
نەختێ بەسەر حاشییەدا کەلا دەکەم،
دەیدەم ئاوێکی ئینجانەی شینی وشە
هەر بۆ خوێی ژیانیش
دەیکەم نمەکێکی ماڵی کولێرە،
بە شوکرانەبژێرییەک و
کەوچکێ ماست و
چایەکی شیرین.
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
"دلاوەر قەرەداغی"
لە شیعری "ژیانێکی بچووک"
کتێبی "لێرەولەوێ باران... دووراودوور هەتاو"
@hoday_sher
🌿💫
ئەگەر مرۆڤ لە ناخەوە غەمبار بوو،
تەنانەت تاجی شاهانەش دڵخۆشی ناکات!
"فەرهاد پیرباڵ"
@hoday_sher
🌿💫
دەرگەکەتم لێ بکەوە!
هەر دڵدارەکەی جارانم،
هەر کێڵگەکەی بەردەرگەتم،
هەر تینووەکەی بەر کڕێوە و با و بارانم...
"عەبدوڵڵا پەشێو"
@hoday_sher
🌿💫
قەت بە پاییز نەڵێن لە کوێم
ئەگەر بە جێگەم بزانێ
گەردەلوولم ئەکاتە سەر
دێت و هەرچی خەمی جوانمە
دێت و هەرچی ئازاری چاو ڕەشمە ئەیفڕێنێ..
لە دواییشدا.. منی عاشق
چۆن بەبێ ژان ببارێم و
تەڕتان بکەم تا سەر ئێسقان!
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
ئەم ڕۆژانە
لەبەفری گۆیژه ئەچم
ئێوە گاڵتەو سەرگەرمی خۆتان ئەکەن و
منیش
کپ و بێدەنگ
لەنێو دەست و پێی ئێوەدا
ماومەتەوە
ئەم ڕۆژانە
لەبەفری سەر درەختێک ئەچم
تەمەنم کورت
هێندە کورت
لە وێنەیەکی یادەوەری ئێوەدا
جێم نەبوەتەوە
ئەم ڕۆژانە
لەبەفری نێوشانی باوکم ئەچم
زوو ئەبمەوە بە ئاو
تا زیاتر
لە نێو جلەکانیدا
بمێنمەوە
ئەم ڕۆژانە
لە بەفری نێو قژی دایکم ئەچم
نەرم و نیان
هەموو سەری ئەگرم
تا
تاڵە سپیەکانی تەمەنی لێ بشارمەوە
ئەم ڕۆژانە
لە بەفری گوێسەبانی ماڵان ئەچم
نیوەم کە قورس بەر ئەبێتەوە
نیوەکەی ترم
لە چاوەڕوانیدا
خەریکە ئەتوێتەوە
ئەم ڕۆژانە
زۆر
لە بەفر ئەچم
هیچ یادەوەریەک
گەرمم ناکاتەوە
"گۆران سعید"
@hoday_sher
🌿💫
بەتەنیشتی دیواری بەرزی نەخۆشخانەکەوە یەکترمان بینی، حەزم دەکرد لە پێش چاوی نەخۆشەکان دەست لە قژی بدەم و بەبێ دەنگی سەیری چاوەکانی بکەم. حەزم دەکرد بەیانی لەگەڵ ئەودا بڕۆم و دەرمانەکانم لە قاوشی ژمارە ٣٥ بەجێ بهێڵم و بۆلای جلی شینی پەرستارەکان نەگەڕێمەوە. کاتێک لەبەر دەمیدا وەستام، مەگەر خودا بزانێت بە بینینی ئەو چەند حاڵم باش بوو! چۆن هەموو ئازارەکانم بیرچوویەوە چۆن لە پڕێکدا متمانە بە خۆبوونم لا دروست بوو! کاتێک بینیم، لەوە تێگەیشتم لەم نەخۆشخانەیە چەند غەریبم! پێم وت: دەمهەوێ لەگەڵ تۆدا سەرقاڵی ژیان کردن بم، پێم وت لەناو هاوار و ناڵەی ئەم نەخۆشانە دەرم بهێنە! پێم وت: لەناو بۆنی دیتۆڵ و ڕەنگی برینی هەزاران مرۆڤی دەردەدار، ڕزگارم بکە! دەمەوێ پێکەوە کۆلارە هەڵبدەین، دەمەوێ پەین بکەینەوە ناو ئینجانەی گوڵەکان. دەمهەوێ بەیانیان زوو پێکەوە دان بدەین بە کوکختییەکان... تکا دەکەم تۆ لە نزیک شانی چەپمەوە بمێنەوە تا ئازارەکانم بیرچێتەوە، دەچین ئێواران بەسەر دیواری باخچەکانی خۆرئاوای شاردا باز دەدەین و سێوی مزر لە باخەکان لێ دەکەینەوە دەچین هێلانەی ڕووخاوی پەڕەسێلکەکان چاک دەکەینەوە دەچین جۆلانە بە دارتووەکەی ماڵی باوە گەورەدا هەڵدەواسین. تۆ لێرەبە تا ئەو هەموو ئازارە تێدەپەڕێت.. کاتێک لە خەودا هاواردەکەم شانەکانم ڕاوەشێنە و بێدارم بکەرەوە! با لە خەودا لە ترسی دووری تۆ نەمرم، با بە دەستی بێ دەنگی تۆوە زراوم نەڕژێت، مەهێڵە ئیتر فرمێسکەکانی خۆم لە ئاوێنەی سەر دیوارەکانەوە ببینم. وەرە ژێر باڵەکانم دەڕۆین لە باڵکۆنی ماڵی خۆمانەوە سەیری تەمی سەر چیادوورەکان دەکەین، ئەو دەمانەی بایەکی بەهێز هەڵ دەکات من ڕووخسارم لە پەنای تاڵەکانی پرچی تۆدا دەشارمەوە، کاتێک دڵتەنگی دێت تۆ لەودیووی شووشە پەمەییەکانی قۆڵی خۆتەوە بمشارەوە دەمەوێت ئیدی دەرمانەکانم نەخۆم سەدجاری تر پێت دەڵێم، بوونی تۆ حاڵم باشتر دەکات، سەری پەنجەکانت زۆر بە باشی فرمێسک بەسەر ڕووخساری دونیاوە هەڵدەمژن. بیری کەناری دەریام کردووە لەگەڵ تۆ ئەو دەریایەی کەتا ئێستا نەم بینیووە بەڵام دەنگی شەپۆلەکانی لەسەرم دایە. دەمەوێت، بە بەرچاوی نەورەسەکانەوە تووند دەستەکانم بگوشیت، دەمهەوێ دوای خوارئاوابوون بە تەنیشتی سەدەفەکانی دەریاوە ئاگرێکی گەورە بکەینەوە. دەمهەوێ دوای خۆرئاوابوون ڕووناکی سووری پشکۆکان لە چاوەکانتا ببینم... دەمەوێت لە باوەشتا مردن تاقی بکەمەوە.دەمەوێ لە تەنیشتەوە ئەو دەمانەی سەیری بەلەمێکی چارۆکەدار دەکەم، سڕینەوەی فرمێسک تاقی بکەمەوە، بە تەنیشتی دیواری بەرزی نەخۆشخانەکەدا تێدەپەڕیت، خەونەکانم بەجێ دێڵێت .. دەریا جێ دێڵیت... دواجار منیش جێ دێڵیت بەم هەموو برینەوە من ناتوانم دەستەکانت بگرم .. ناتوانم ڕەنگی پشکۆی دوای خۆرئاوابوون لە چاوەکانتا ببینم من لێرە بە تەنیشتی هاواری نەخۆشەکانەوە دەمێنمەوە.. من هەناسە بۆ تۆ هەڵدەکێشم و ئیتر بۆ ئەبەدی هاوسەرگیری لەگەڵ تۆ ناکەم
من بەدوو چاوی تەڕەوە بە پەیژەی نەخۆشخانەکەدا سەردەکەوم خەڵکی وادەزانن لەبەر ئازار دەگریم .. من هێشتا ئاوڕ بۆ دواوە دەدەمەوە، من هێشتا دوور لەچاوەکانی تۆ، تەنیام.
"شوان تۆفیق"
@hoday_sher
🌿💫
كچێكی دراوسێمان هەبوو؛
بە گەنجێتی ماچێكی دابووە كوڕێک،
ئەو داماوە تا لە ژیاندا بوو هەر قەیرە بوو،
كەس نەیدەویست...!
"شێرزاد حەسەن"
@hoday_sher
🌿💫
هەر دوو بارانمان خۆشئەویست
ئەڵێم ڕەنگە جارجار باران
منت بیر بهێنێتەوە...
لەوانەیە گۆرانییەک، موچورکەیەک
لە گیانتا بژێنێتەوە
جا بەچی ئەچێ گەر هەبم، یاخود نەبم
بەم
دڵە ناسکەمەوە،کە موحتاجی با و باران و
گۆرانی بم؟
"ڕەنج سەنگاوی"
@hoday_sher
🌿💫
تۆ ...!؟
ڕهنگو بۆنی ههموو گوڵهکانت بردووه..
بۆیه پهپولهکان پرچت بۆشانهدهکهن...!
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
مەهێڵە بمریت
لازۆ ئازاد
خەونم هەبوو
تاڵە ڕەشەکانت کاڵتر و کەمتر ببنەوە و
هێشتا تاریک وەک خوێنی مەییو خۆشم بوێیت
مێشکم خەون بە کوشتنەوە دەبینێت
دڵم بەوری توڕەیە بانگت دەکات
هەرچیت پێ دەکرێت بیکە با نەمریت
با لەناو مندا وەک ئینجانەی بەر پەنجەرەیەک تا خوارەوە بەرنەبیتەوە
با خەیاڵم بۆت نەبێتە بیرێکی تاریک.
کە یادەوەرییەکان پشتیان لەم ئەڤینە کرد،
کە ڕێگا، شوێن پێکانمانی ون کرد،
باخچەکان لە وێنەکانماندا ڕەنگیان فەرامۆش کرد،
کە تۆ وەک تارماییەکی نەناس ناو جێگاکانت بەجێهێشت،
من دەرگاکان وەک ڕەشەبا دادەخەم.
تەنیایم وەک گورگی هارە
دوای رۆیشتنت، دوای ڕۆیشتنم
جگە لە زامدارکردنت
جگە لە کوشتنت شتێکیتر نازانێت،
بەڵام تۆ مەهێڵە بمریت.
باڵندە ڕەشەکانی نزیک دەریاکەم بینی
ئاماژە بوون بۆ مردنت
بەڵام تۆ مەهێڵە بیربچیتەوە
مەهێڵە وەک ئەستێرەی کشاو بەسەر سنگمدا تێپەڕیت
مەهێڵە وەک جەنگاوەری جێماو لەناو شەڕەکانمدا بکوژرێیت
تۆ لەناو جوڵەی برژانگەکانمدا
لەسەر ڕەنگی پێستم
لەناو دڵی سوورمدا جوانیت.
چونکە من خەونم هەیە
تاڵە ڕەشەکانت کاڵتر و کەمتر ببنەوە و
منیش تاریک وەک خوێنی مەییو خۆشم بووێیت.
@hoday_sher
🌿💫
زستانێکم خۆشدەوێت،
هیچ باوەشێک گەرمی نەکاتەوە..
مرۆڤێکم خۆشدەوێت،
هیچ شەڕێک وێرانی نەکات..
خۆشەویستییەکم دەوێت،
ڕۆژگار نەتوانی کاڵی کاتەوە..
"نەبەز گۆران"
@hoday_sher
🌿💫
گۆشتخۆر زۆرن کەچی گورگ بەدناوە.
ساڵی ۱۸۷۰ ئەرتەشی ئاڵمان بە سەرۆکایەتی بیسمارک، بەشی هەرەزۆری وڵاتی فەرانسەی داگیرکرد. زۆر مرۆڤی نیشتمانپەروەری ڕاستەقینە دژ بەو داگیرکاریە ڕاوێستان و شەهید بوون.
دە کەسی فەرانسی بە بەرتیل دان بە ژێنڕاڵێکی پایەبەرزی ئاڵمانی ئیزنی ئەوەیان وەرگرت کە بتوانن وڵاتی فەرانسە بە جێ بهێڵن. نیوەشەوێکی سارد فەیتوونێک(کالسکە) چاوەڕێی ئەو دە کەسە بوو کە بریتی بوون لەمانە: ژن و میردێکی ئەعیان کە خۆیان بە کۆنترین بنەماڵەی فەرانسە دەزانی، ژن و میردێکی بازەرگانی شەراب، دوو شەریکی خاوەن کۆمپانیا، دوو زانای ئایینی، شۆرشگێڕێکی ناودار و زۆر توند و تیژ. دوایین کەسیش ژنێک بوو کە خەڵک بە چاکە باسیان نەدەکرد. کوڕانی پاریسی ناوی ئەو ژنەیان نابوو خرپن. لە لایەن هاوڕیانەوە زۆر بە ساردی وڵامی سڵامی خرپن درایەوە.
هێشتا هەوا تاریک و لێڵ بوو کە کەوتنە ڕێ. لەبەر ئەوەی کە درەنگ خەبەریان پێدرابوو، هیچیان بۆ خواردن لە گەڵ خۆیان نەهێنابوو. بڕیاریان دا لە ڕێگا شتێک بکڕن. کەچی بە هۆی شەڕەوە هیچیان دەست نەدەکەوت. نزیکی نیوەڕۆ خرپن کە دەیبینی هاوڕیانی برسیەتی، بڕستی لێبڕیون، وتی من لەبەر قایمکاری بەشی سێ ڕۆژی خۆم خواردەمەنیم هێناوە. ئەگەر نانی من بە حەرام نازانن تکایە فەرموون. وتیان لەم کاتانا هەموومان خۆشک و براین.
پاش تێر بوون وردە وردە گرێی زمانیان کرایەوە کە: ئەم شەڕە، کەسانێک تووشی خەڵکیان کرد کە بەتەمای پلە و پایە و قازانجی خۆیان بوون، ئێستاش بە ناوی چریک و رزگاریخواز بوونەتە چەتە. ئێمەش جارێ دەچین، دواییش کە گەڕاینەوە هەر هەمان کەین وبەینە و دیسان ئاغەیی خۆمان دەکەین. جار جارەش دەستیان لە سیاسەت بەردەدا و دەچوونە سەر باسی پارە ..... ئاخری وتیان خاتوو خرپن ئێمە هەموومان پێشتر بەشی خۆمان بۆ دەرەوەی وڵات ناردووە، گرفتمان نابێ، بەڵام تۆ لەبەرچی هەڵدیت؟ وتی من ئیشی خۆم بەرانبەر بە داگیرکار بە حەرام دەزانم! خۆزگا پیاو بام و دژ بەوان ڕاوێستابام. لەم کاتەدا کابرای شۆڕشگیر سرودێکی نیشتمانی پێشکەش کرد.
بۆ ئێوارە گەیشتنە دێهاتی سەر سنوور. لە هوتێلی ناودێ دامەزران، بەڵکوو سبەی زوو وەڕێکەون. ئەوشەو ئەفسەری ئاڵمانی بەرپرسی سنوور ناردووی بە دوای خرپندا. پاش چەن خولەک خرپن بە جنێودان گەڕایەوە. ئەیوت کابرای بێشەرەفی ئاڵمانی ویستوویە حەزی لێبکەم.
شەو درەنگان هاوڕێی شۆڕشگێر هاتبوە بەردەرکەی خرپن کە خەوم لێ ناکەوێ وەرە با باسی وڵاتی هەژارمان بکەین. خرپن وتی: من لە پێش چاوی داگیرکەر کاری واناکەم کە تۆ مەبەستە. نیشتمانی تۆش لە پشتی سەرتە کە هەمووتان ڵێ هەڵدێن، نەک لە نێو جێوبانی من.
سبەی کە ئەیانەویست لە سنوور بپەڕێنەوە، زانیان کە ڕێگایان لێ قەدەغەیە کراوە. ئەفسەری ئاڵمانی وتبووی هەموو شتێ پێوەندی بە بڕیاری ئەو کچە هەیە کە لە گەڵیانە.
پیاوەکان چوونە لای بەرپرسی ئاڵمانی و وتیان کێشە نیە، ئەو کچە ڕاگرە و با ئێمە بچین. کەچی کابرای ئاڵمانی وتی یان هەرهەمووتان یان هیچکەس.
دوو ڕۆژ چاوەڕوان مان، ڕۆژی ئاخر دار لەگەڵ تۆمە پاسار گوێت لێبێت؛ دەستیان کرد بە باسی ڕەوڵی ژنان لە مێژووی جیهاندا کە: کلوپاترا پاڵەوانانی دوژمنی ئەسیری زۆڵفی خۆی کردبوو بۆیە توانی وڵاتی فیرعەونەکان بەربڵاوتر بکات. ژوودیێت کچە جوولەکە بە فڕوفێڵ، شەو لە سەر جێگا هۆلۆفێرن، داگیرکەری ئورشەڵیمی سەربڕی. لوکرێس بە ئاشکرا کردنی بەسەرهاتی خۆی دەستەڵاتی ڕۆمی ژێروژوور کرد...... زانا ئایینیەکان دەیانگوت بە پێی شەرع مەبەست گرینگە نەک ڕواڵەتی کردەوەکان و باسی حەزرەتی ئیبرایمان دەکرد کە بە ڕواڵەت دەیەویست منداڵی خۆی سەر ببڕێ....
شەوی دوایی خرپن دیار نەبوو. هەر کە زانیان لە ماڵی بەرپرسی ئاڵمانیە، لیان بوو بە خۆشی و هەرا.....
بەیانی زوو کالیسکە چاوەڕێ بوو. هەموویان حازر بوون، ئەمجارە خواردنیان لە بیر نەکردبوو. جگە لە خرپن کە بە هانکەهانک هات، دەرفەتی نەکردبوو شتێک هەڵبگرێ. هاوڕیانی وەکوو بوونەوەرێکی پیس سەیری ئەو بەستەزمانەیان دەکرد. ئەوان بە گۆرانی وچەپڵەڕێزان و خرپنیش بەدەم گریانەوە، نیشتمانیان بە جێ هێشت.
مووپاسان ۱۸۸۰ پاریس
عیسا ئەحمەدی۱۴۰۲/۰۸/۱۷
@hoday_sher
🌿💫
📚 کورتەیەک لە ڕۆمان
ئامۆژگارییەکانی سەعادەتی دایکی هەڵاڵە بۆ کچەکەی:
دایکی گوتبووی:
لەشی ئافرەت هەموو سامان و دارایییەکەیەتی.
ئەی گیانی؟
هەڵاڵه پرسیبووی.
دایکی وڵامی دابووەوە.
گیانی؟... گیانی ئافرەت لە بارمتەی لەشیدایه. لە بارمتەی ئەو سامانە گەورە و گرانەدایه.
ـــــــــــــــ
بارمته: گرەو
📙"گرەوی بەختی هەڵاڵه" ل. ٥٤
"عەتا نەهایی"
@hoday_sher