🌿💫
بە زەردەخەنەوە پێی وتم :"چەندم حەز دەکرد، ئەو شەقامە درێژتر بووایێ".
گوتم:"بۆچی؟"
گوتی:"بۆ ئەوەی پیاسەکانیشمان درێژتر بوونایە"
"فەرهاد پیرباڵ"
لە کتێبی پەتاتەخۆرەکان
@hoday_sher
🌿💫
سێبەری ئەو مارەی هەمیشە بەسەر ڕۆحمانەوەیە..!
ماوەیەکی زۆرە حەز دەکەم ڕۆمانێکی کوردی بخوێنمەوە، ڕۆمانێک..نووسەرەکەی، زمانەکەی، ڕۆحەکەی، کەسایەتییەکانی، ژینگەکەی، خەیاڵ و فەنتازیاکەی، ناوی پاڵەوانەکانی، دونیاکەی، تەواوی دونیاکەی کوردی کوردی بێت، کوردی بەو مانایەی هەست بکەیت ئیدی تۆ لەم زەمەنەدا ناژییت بەڵکوو لە زەمەنێکی دیکە، لە دونیایەکی دیکەدا دەژییت کە ساڵانێکی زۆرە تێپەڕیوە و لەناوچووە، دواجار لە (سێبەری مار)دا دۆزیمەوە.
ڕۆمانێک پڕ پڕ لە وشەی کوردی جوان و کەم بەکارهاتوو، وشەگەلێک تۆزی ڕۆژگار لەسەری نیشتوون و کەسێک هاتووە تەکاندوونی و دووبارە بە کاری هێناونەتەوە و گوێ و چاوی ئێمەی پێ پڕ کردووەتەوە.
(سێبەری مار)ی (قادر عەلیخا) ڕۆمانی بەرخودان و بەرگری، ڕۆمانی ژیانەوە و ژیاندۆستی، ڕۆمانی گەلێکی ئاوارە و داگیرکراوەوە.
من زۆر ناتوانم ناوەڕۆکی هیچ ڕۆمانێک بگێڕمەوە، بەڵام حەز دەکەم، تێڕوانینەکانم، هەستەکانم، کاریگەرییەکانم بە ڕۆمانێک باس بکەم بۆتان تا ئێوەش دواتر ئەگەر بە دڵتان بوو بەدەستی بخەن و بیخوێننەوە.
سێبەری مار لە دووتوێی 200 لاپەڕەدا چیرۆکی گوندێکی ڕۆژهەڵاتمان بە ناونیشانی (کانی شیلان) بۆ دەگێڕێتەوە کە خەڵکەکەی سەرقاڵی ژیانێکی سادەی خۆیانن و لەپڕ ئۆتۆمبێلە پڕ لە چەکدارە نامۆکان بە ژیانی کوردەواری دەدەن بەسەریدا و داگیری دەکەن.
(سێبەری مار)چیرۆکی یادەوەرییە، یادەوەری منداڵێک کە دوای ساڵانێکی زۆر لە دابڕان و دوورکەوتنەوە دەگەڕێتەوە بۆ گوندە وێرانەکەیان و ورد ورد، هەنگاو بە هەنگاو، ڕووداو بە ڕووداو چیرۆکی و بەسەرهات و ژیانی کەسایەتی بە کەسایەتی، ماڵ بە ماڵ، شوێن بە شوێن دەگێڕێتەوە و دەبینەوە بە منداڵییەکەی جارانی ئەو.
ئەوەی لەم ڕۆمانەدا سەرنجی منی ڕاکێشا، زمانی گێڕانەوەیە کە ئەوەندە ورد و پڕە، ئەوەندە کوردییانەی جوانە، ئەوەندە هەنگاو بە هەنگاو بە شوێن خۆیدا دەتبات هەست بە بێزاری ناکەیت و وا هەست دەکەیت چوویتەتە دونیایەکی دیکەوە و ئێوارانی ئاوایی و دڵخۆشی و ژیاندۆستی خەڵکەکە و قسەوباس و دەمەتەقێ و بەسەرهاتی ڕۆژانەی خەڵکەکەی وەک فیلمێکی سینەمایی دێتە بەرچاوت.
سێبەری مار چیرۆکی هەموو ژیانی کوردە جا چ لە ڕۆژهەڵات بێت یان ڕۆژئاوا، باشوور بێت یان باکوور، هەست بە جیاوازی ناکەیت، سەدان ڕووداو، دەیان پاڵەوان، هەزاران خەون و خەیاڵ پانتایی ڕۆمانەکەیان تەنیوە.
جیاواز لەوانەش بەکارهێنانی سەدان وشەی کەم بیستراو بۆ نموونە (مالووسکە لە دوای مالووسکە، کەندولەند، کەونارا، ڕێگای قیلەتاو، ماتەماتە، لاجامە، بەرجەوەندخۆش، حەواڵە بە گەواڵە، خەریک بووین بیچممان دەگرت، زنچکاو، مەفرەشبار، ئاوگەز، جووقەوار، حەچەل، ژێڵڵا، غڵدەغڵد، ئاژین، پێمەڕە.. و دەیان وشەی دیکە).
ئەمە ڕۆمانی بەرگریکردن و مانەوەیە، ڕۆمانی ئاوەدانکردنەوەیە دژی کاولکردن، ڕۆمانی ژیانە لە دژی، ڕۆمانی بەختەوەری و ڕووخۆشییە دژی تاریکی و نائومێدی.
من کاتێک ڕۆمانێکی وای کوردییانە دەخوێنمەوە گاڵتەم بەو بۆچوونانە لێ دێت پێیان وایە کورد هێشتا ڕۆمانی نییە و زمانی کوردی هێشتا هی ئەوە نییە ڕۆمانی پێ بنووسرێت بخوێنرێتەوە، تۆ کە بە کوردی نەخوێنیتەوە و نا شارەزا بیت لە ئەدەبی کوردی بەدڵنیاییەوە هەر ئەوە بۆچوونتە.
سێبەری مار سێبەری ئەو مارەیە کە هەزاران ساڵە لەسەر ڕۆحی کوردە، سێبەری کوشتن و زیندانیکردن و تاڵانکردن و قڕکردن، سێبەری کاولکردن و پاکتاوکردن و سڕینەوە لەسەر نەخشەی گوند و شارەکانمان، سێبەری تاریکی مردن و پرسەگێڕان و مەرگدۆستییە لەبەرامبەر ژیاندۆستی و دڵخۆشی و ڕووخۆشی ئێمەدا.
(ئەوانەی لە گردەگڕوێوە دادەکشان، تەنیا کۆمەڵێک مرۆڤی چەکدار نەبوون کە سواری چەن ماشێنێکی بۆر بەرەو لای ئێمە وەڕێ کەوتبێتن، بەڵکوو ئەوانە هەورێک بوون لە ترس و خۆف.....دیتنی ئەوانە وەک ئەوە وابوو لە شوێنێکی چۆڵ و ئارام دانیشبێتی و لە تەنیایی خۆت دا سەرت کێشابێتە نێو دنیای دەروونتەوە و بە خەیاڵە خۆشەکانتەوە سەرقاڵ بی و بیر لە هیچ نەکەیتەوە، بێجگە لەو خەیاڵە خۆشانە و لە نەکاو سێبەرێک بە سەرت بکشێ هەست بکەی ئەو سێبەرە، سێبەری مارێکە و خەریکە قەپاڵ بە سەرت دا دەکات و دەیەوێ هەڵتلووشێت.ئەوانیش بەرەبەرە دەهاتنە پێشێ و سێبەرەکانیان بەسەر ڕۆح و جەستەی ئێمە و داروبەرد و ماڵ و حەساری دێ دا دەکشا).
✍️(هێمن مەحمود)
@hoday_sher
🌿💫
چبکەم لەگەڵ جەوری گەردوون
هەموو ئیشی بەراوەژوون
بەری ڕۆژ دەگرێ بە هەورێ
تەم دێنێ دنیای پێ دەگرێ
شۆڕەسواری هەڵدەدێرێ
گەنج بە کەلاوەی دەسپێرێ
ئاش دەگێڕێ بۆ نەزانی
زاناش سەرگەردان بۆ نانی
"مامۆستا هێدی"
@hoday_sher
🌿💫
من هەڵۆ بووم و چیا هێلانەم
ژێرچەپۆکی قەل و داڵم تا کەی؟
قەفەزی دوژمنی بەدخووی دڵڕەق
هەڵوەرێنێ پەڕ و باڵم تا کەی؟
سەرەنێزەی ستەم و زۆرداری
بنجنێ سینگی مەتاڵم تا کەی؟
گورگی بێدادی له گیانم بەر بوو
ئێشی جێگاز و قەپاڵم تا کەی؟
من پەلەقاژه و هاوارێ نەکەم
ئەو بڵێ زاڵم و زاڵم تا کەی؟
کوتکی بێدادی هەر بکوتێ کاسەسەرم
کار نەکا دەست و زوخاڵم تا کەی؟
ئەو که زاری ڕقی دەرکێشاوه
من زمان بەسته و لاڵم تا کەی؟
پۆشته و تێر و پڕ و خۆش لەوەڕه
برسی و ڕووت و ڕەجاڵم تا کەی ؟
تەم و مژ،بەندەن و دەشتی گرتم
هەڵنەکا سروه شەماڵم تا کەی؟
بەس نەبێ دەسبەسەری و دەربەدەری
نەچمەوه نێو کوڕ و کاڵم تا کەی؟
باخەوانی جیھان پێم ناڵێن
بۆ وەری میوەیی کاڵم تا کەی؟
مانگ و مێریخی دەپێوێ ئینسان
منی کورد زینده به چاڵم تا کەی؟
چاوەڕێی تیشکی هەتاوی هیوام
نەڕەوێ هەور و گەواڵم تا کەی؟
"مامۆستا هێمن"
بەشێک لە شێعری زیندە بە چاڵ
@hoday_sher
🌿💫
درەنگ وەختێکە پاییز دەوری داوم
لە گشت لاوە، لە ڕێ دەڕوانێ چاوم
هەتا بووم ڕێگەیەک دەستی نەگرتم
لە کوێ بووم هەر لەوێ ئێستاکە ماوم
هەموو خۆشیم بە نەغمەی بولبولێک بوو
ئەویش ئێستا لە سەرمان مەیلی ناوم
وەهام ئێستاکە زەرد و ئەرغەوانی
وەکوو جامێک لە پەنجەی خۆم ڕژاوم
دراوسێی خاکی خۆمم پاش وەرینم
حیکایەت بێژی فێنکایی خوناوم
جەخار ئێستا چرۆی بژوێنی تەڕ نیم
ئەمن ئێستا گەڵای پاییزە ناوم
"ناسر حیسامی"
@hoday_sher
🌿💫
لە جەستەدا موو لە ھەمووان بەوەفاترە،
وەک قەرەبوو بۆ ھەر ڕۆژێکی ڕەش
تاڵێکی سپی دەبێ!
"تەلعەت تاھیر"
@hoday_sher
🌿💫
ئاهـ ئەی یار
وەرە ژوانێکم لەودیو
سنووری ڕۆژگارەکان بدەرێ !
"فەرهاد پیرباڵ"
@hoday_sher
🌿💫
من سەرەتای پاییزان هەمیشە دەردم گرانە، بینینی وەرینی ئەو هەموو گەڵایە وەها ڕۆحم دەگوشێت واهەستدەکەم دڵی من لەگەڵ هەموو گەڵایەکدا دەمرێت و زیندوو دەبێتەوە، پاییزان من غەمی درەخت دەمکوژێت، ئاخر بیری لێبکەنەوە ... ملیۆنەها درەخت کە هاوڕێمانن، لەگەڵماندا سەر نشینی ئەم ئەستێرە جوانەن، لە پاییزدا نەخۆش و غەمگین و زەرددەبن. ئاە بیری لێبکەنەوە ... بیر لەو هەموو هاوڕێ و برایانەمان بکەنەوە کە لە پاڵماندان و سروشت ڕووتیاندەکاتەوە و پێیاندەڵێت بخەون ... عەزیزانی من ... سەرەتای پاییزان مەراقی خەزان وەها کارم تێدەکات، سەرئێشەیەکی تونددەگرم، دەستدەکەم بە دوعا، دەڵێم خوایە پاییز بێئازار بەسەر نەمامە ناسکەکاندا بڕوات. خوایە خەزان زۆر ئازاری گوڵەکان نەدات ... بەڵام هەندێجاریش دەپرسم بۆ ئێمەی ئادەمیزاد... هی هی هی... بۆ ئێمەی بەشەری بێفەڕ، پاییزمان نییە، گەر هەر ساڵە جارێک تازە ببووینایەتەوە ... گەڵای ڕەشمان لە خۆمان بوەراندایە، گومانی خراپمان لە خۆمان دەرکردایە ... بە دڵێکی پاکەوە بهاتباینایەتەوە ناو بەهار ... ئێستا دونیا جۆرێکی تر دەبوو ... وانییە؟ جۆرێکی تر بوو.
شبر دەستێکی بە قژە زەردەکەیدا هێنا و گووتی: " مورتەزای ئازیز، گەر ئێمە وەک درەختەکان خاوەنی پاییزی خۆمان بووینایە، کەسانێک ئەوەی لە هاوینی ئەمساڵدا دەیکەن لە بەهاری داهاتوودا حاشایان لێدەکرد، ئەو کات وەرزەکان دەرفەتێکی گەورەیان دەدایە مرۆڤ خۆی لە بیربکات و گوناهی خۆی نەزانێت."
حەسەنی تۆفان گووتی: " مورتەزا، من چەندە مەراقمە پاییز گوڵەکان ئازار نەدات، هێندەش مەراقمە مرۆڤ مرۆڤ ئازار نەدات..
"بەختیار عەلی"
@hoday_sher
🌿💫
هەتا سواری ئەسبی خەڵکیت؛ هەر پیادەی!
تا ساڵی۱۹٦۵ واتە بەر لە شوڕشە مەزنەکەی مارتین لۆتێرکینگ؛ لە ئامریکا یاسایەک هەبوو بە ناوی جیمکروو، کە لە زورێک لە ناوچەکانی ئەمریکا بەڕێوە دەچوو. بەپێی ئەم یاسا، ڕەشپێستەکان مافی ئەوەیان نەبوو کە لە شوێنەکۆمەڵایەتییەکان وەک هوتێل، باس، فێرگە، چێشتخانە و شوێنەکانی دیکە کەڵک وەربگرن. چون بە هۆی ڕەگەزپەرەستی، سپیپێستەکان خۆیان بە هاوشانی بۆرەپیاوی ڕەشپێست نەدەزانی. لەهەر شارێک بۆ ڕەشپێستەکان تەنیا چەند شوێنێکی دیاریکراو هەبوو.
پیاوێکی پۆستچی بۆ ماوەی سی ساڵ کتێبێکی بڵاو دەکردەوە بە نێوی Green Book کە ئەو شوێنە گشتیانەی کە ڕەشپێستی کڵۆڵ بتوانی دوور لە توندوتیژی ڕەگەزپەرەستی مرۆڤخۆر، کەڵکی لێ وەربگرێ، تێدا دیاری کرابوو. هەر بەو ناوەش فیلمێک دروست کرا لەسەر ژیانی ڕاستەقینەی پیانیستێکی ڕەشپێستی ئەو سەردەمە، کە زۆر شارەزای ئاسەواری "بێتۆڤێن" و "ڕۆبێنیشتاین" و "شۆپێن" بوو. ئەو پیانیستە بانگهێشت دەکرا بۆ هۆڵە شکۆدارەکان و هوتێلە ئەعیانییەکان و بۆ سپیپێستەکان پیانۆی دەژەند. کەچی هەر بەپێی هەمان یاسا مافی چوونە ئاودەستی ئەو شوێنانەی نەبوو و دەیانگوت بۆ خۆت لە پاڵ دێوارێ، بن دارێ، کەندەڵانێک دانیشە. واتە هونەرەکەیان ئەویست نەک خۆی. ئەو لەنێو بێگانە وەکوو مرۆڤ جێگەی نەبوو، لە هەست و هونەر و دابونەریتی هاوڕەگەزانی خۆشی، بێگانە کەوتبوو.
گرنگی کاری مارتین لۆتێرکینگ ئەوە بوو کە بە وتار و کردەوە ئەو جۆرە کەسانەی تێگەیاند؛ تۆ کە ئاودەستخانەیێک پێ ڕەوا نابینن، ئیتر شۆپێنی چی؟ و بتۆڤێنی چی؟ پێش لەهەموو کارێ، ئەو بیرۆکەی کە خۆیان لە سپیپێستەکان بە کەمتر بزانن لە مێشکیاندا سڕیەوەو وتی یەکسانی و بەرابەری ئینسانەکان یەکم قانوونی مرۆڤایەتییە. کەلتوور و هونەری خەڵکانی تر بناسن بەڵام پێشتر دەبێ خۆتان بناسن. لۆتێر کینگ بەو شێوە یاسای جیمکرۆی، هەڵوەشاندەوە، ئەگەرچی گیانی پیرۆزی لەو ڕێگایەدا بەخت کرد.
زۆرێک لە خوێندەوار و شاعێر و نووسەر و هونەرمەندی ئێمە، لە خزمەتی کەلتوور و هونەری خۆمان نین و ماڵی دراوسێ ئاوەدان دەکەنەوە. تەنیا وەک وێنەیێک لە سەدان: نەمر یاشار کەماڵ لە وتووێژێکدا سەبارەت بە شاکاری "ئینجە مەمەد"لێی دەپرسن کە چۆن توانیت ئاوەها کاراکترێکی مەزن بخولقێنیت؟ وتی من نەمخولقاند بەڵکوو دیم. خاڵۆی خۆم بوو کە دژ بە زوڵمی عەسکەر و ژاندارم ڕاپەڕی بوو. من تەنیا ناوەکەیم کرد بە تورکی! سەیری ئەو قوڕبەسەرییەی ئێمە: چیرۆکی ژیانی کوردێکی دژ بە زاڵم، بە تورکی بنووسی و ببێ بە کاندیدی خەڵاتی نوبێلی ئەدەبی بۆ ئەوان. بەڵام کاتێ یاشار کەماڵ وەکوو کوردێک باسی زۆرلێکراوی گەلەکەی خۆی کرد چەندین جار تووشی زیندان و ئاوارەیی هات.
ئێمەی کورد چوونکا بە بیری کوردی پەروەردە نەکراوین، بڕوامان بە خۆمان نییە، شاڕەزای زمان و کەلتوور و ئەدەبی خۆمان نین. کاتێ باسی بێخەبەری لە زمان و هونەری کوردی و هۆگریمان بە فەرهەنگی بێگانەوە دەکرێ، دەڵێن لەلای ئێمە هونەر سنووری بۆ نییە و ڕاستیەکان بە هەر زمانێک بێت بۆ ئێمە جیاوازی نییە و...
خۆ دیارە ئەو قسە بۆ خوداپێداوان ڕاستە بەڵام تۆ خەرێکی خۆت لەبیر ئەکەی، لە خۆت بێگانە دەبی، کەلتوور و زمان و هونەری خۆت لە ناوچووندایە و تۆ هیچ هەوڵێکی بۆ نادەی(ئەگەرچی بێ سنووری هونەرمان لە ژیانی ئەحمەد کایا دێ کە هەتا پاڕیس درێژەی هەبوو).
لاوێکی خۆمان دەنگی تەواوی ئەو کەسانەی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، گۆرانی "مرغ سحر" یان چڕیوە لە فایلێک کۆ کردۆتەوە. وتم حاشا لە گەورەیی ئەو گۆرانییە ناکرێ؛ بەڵام ئاخۆ حەسەن زیرەک کە دەڵێ: کوردەلێ فەلەکە، برادەرینە فەلەکە، ئەوە گەمیەو لە بەحرانم دەگەڕێتەوە، کەلەکەو لە چۆمانم دەگەرێتەوە، لە عالەمی خۆدایەو لە منی هەژار بەتاڵان دەچێتەوە... شیوەنی کامین دڵسووتاوی کوردە؟ وتی هەر مانا ڕواڵەتیەکەشی تێناگەم.
ناسینی ئەدەب و هونەری خەڵکانی تر نەک هەر خراپ نییە بەڵکوو پێویستیشە. مامۆستا نالی ئەگەر دەستەڵاتی بەسەر زمانەکانی تردا نەبوایا ئەوەندە شێعری بەهێز نەدەبوو. مامۆستا مەولەوی شێعری شاعیرانی فارسی وەها وەرگێڕاوە سەر هەورامی، پیاو سەری سڕ دەمێنێ. دیارە ئەوان هونەر و ئەدەبی گەلانی تریان باش ناسیوە بەڵام لەوان باشتر زمان و ئەدەبی خۆیان ناسیوە.
خزمەتی بێگانە و لەخۆ نامۆبوون چارەی دەرد نییە ،خودی دەردەکەیە. کوردی خۆبەکەمزان دەبێ بزانێ پادشای جەهەنمی خۆی بێت باشترە لە نۆکەری و کڵفەتی بەهەشتی خەڵکی.
عیسا ئەحمەدی۱۴۰۲/۰۷/۱۸
@hoday_sher
🌿💫
قەت بە پاییز نەڵێن لە کوێم
ئەگەر بە جێگەم بزانێ
گەردەلوولم ئەکاتە سەر
دێت و هەرچی خەمی جوانمە
دێت و هەرچی ئازاری چاو ڕەشمە ئەیفڕێنێ..
لە دواییشدا.. منی عاشق
چۆن بەبێ ژان ببارێم و
تەڕتان بکەم تا سەر ئێسقان!
"شێرکۆ بێکەس"
@hoday_sher
🌿💫
مەخابن
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە وێنەکێش و هونەرمەندی گەورە و خۆشەویست، ئەڤینداری شاخ و کێو و چۆم و ڕووبار و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی کوردستان، یەکەم مامۆستای وێنەکێشانی شاری بۆکان مامۆستا مستەفای شێرزاد پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، شەممە 15ی ڕەزبەری 2723 لە تەمەنی 82 ساڵیدا ڕۆحی پاکی ماڵاوایی لە ئاو و خەڵک و خاکی نیشتمان کرد و فڕییە تەشقی ئاسمانی کوردستان تا تێر سەیری دیمەنەکانی بکا. هیوادارین ئەو ڕۆحە هەر شاد بێ و یادی لە دڵدا هەردەم زیندوو.
@hoday_sher
🌿💫
ژینی نەمر
بەختەوەرم هەڵکەوت هەل
خۆم دەکەم بە قوربانی گەل
دەڕۆم بەرەو ژینی نەمر
لە ژینتان دەبم بە ئاگر
تا کوردێک ماوە لە شوێنێ
دەکۆشێ تۆڵەم بستێنێ
من زیندووم و دوژمن مردوون
ئێوە من ئیعدامم کردوون
کەی لە پاش من بێخەم دەبن
هەر کوردێک یەکێکە وەک من
مردن لە ڕێگەی نیشتمان
سەربەرزیە بۆ گشتمان
"مامۆستا هەژار"
@hoday_sher
🌿💫
عومرت بەخت کرد لە پێناو حۆری
کەچی هاتیەوە سەر بەڕەبۆری!
ئامۆژگاری کرد بێگانە و خۆیی
بایەک بوو بەلای گوێچکەیدا ڕۆیی
هەڕ و گیفی ئەو کێ دەترسێنێ؟
بشبێ بە ئاگر، کوێ دەسووتێنێ؟
ببێ بە باران ئەو دەمچەپەڵە
لە سەر شانی خۆی پێی نادرێ پەڵە
وام تۆ ناسیوە، قیتی لەبارێ!
بچیتە سەردار، دەکەویە خوارێ
بخۆی تێر و پڕ گۆشتی گونی کەر
منەتبار نەبی لەسەرکۆنەکەر
ئەشێ لە پێش دا بخۆی بەردی ڕەش
جا بە خەوی خۆش وەحەسێنی لەش
ئەوەی خۆی نیشان تۆدا بە کزی
دای بە لای کەرا، جاشکەکەی دزی
بە واتەی پیاوی ژیر و نوکتەسەنج
تا بکێشی ڕەنج، ڕادەکێشی گەنج
گوێ مەدە چڕ و هەڵەمووت و بەرد
ڕێ بکوتە بۆ هەرد، نەک پردی نامەرد
ئەم پەندە کۆنەم دەمێکە لایە
برا برایە، بازاڕ جیایە
پەندی پێشینیان، "مەلاغەفوور دەبباغی"
@hoday_sher
🌿💫
بەلاڕێدا بردنی مانای وشەکان
نووسەری گەورەی عەرەب؛ « نجیب محفوظ» ڕۆمانێکی هەیە بە نێوی "ثرثرۃ فوق النیل".
بەشی هەرە زۆری ئەو ڕۆمانە لەنێو گەمی (کەشتی)یەکی سەیران، لە قەراغی ڕووباری نیل دایە.
هەموو شەوێ جەماعەتێک تا درەنگان، لە ژن و پیاو لەنێو ئەم کەشتییە کۆدەبنەوە. جاربەجاریش لێیان کەم، یان پێیان زیاد دەبێ. بەشێکیان شاعیر، نووسەر، ئەکتەر و هونەرمەندن. مەبەستیان لەو کۆبوونەوە، وتووێژە لەسەر مێژوو، فەلسەفە، ئایین، هونەر، ژینگە، مافی گیانلەبەران و هەڵبەت تێکەڵ بە مەستی شەراب و نەشئەی مادە هۆشبەرەکان و لە هەمووان گرنگتر: دۆزینەوەی ئەشقی تازە.
شەوێک کچێکی خاوەن قەڵەم تێکەڵ بەو کۆڕە دەبێ. دەیەوێ شانۆنامەیێک لەسەر ئەو چینە بنووسێ. چینێک کە بابەتە پیرۆزەکان دەکەن بە ئامرازێک بۆ قازانجی خۆیان. بۆ ئەو شانۆیە، بە پێویست دەزانێ بە وردی لە بیروڕایان تێ بگات و بزانێ لە تەنگانەو فەرعانە هەڵوێستیان چۆنە؟ ئەگەرچی لەبەر کەمئەزموونی، خۆشی بە ئاگری ئەوانەوە دەسووتێ.
لە هەڵگرەنووسینەکانیدا هاتووە:
ئەمانە بەرهەمی نیازی نیشتمان نین. بۆیە نە نیشتمان ئەمانەی دەوێ و نە ئەمانیش نیشتمان.
بە دڵ لایەنگری هیچ باوەرێک نین جگە لە قازانج و خۆشی خۆیان نەبێت.
ئەگەرچی هەر هەموویان باسی سووسیالیزم دەکەن بەڵام بێزیان لە هەژاران هەڵدەستێ.
قوڕبەسەریەکانی کۆمەڵگا هۆکاری پێکەنینیانن.
گاڵتە بە عەقڵی ئەوانەی دەکەن کە وا دەزانن ئەمانە دڵەڕاوکەی خەڵکیان پێیە. لە هۆنەر، داهێنەر نین بەڵام باش دەزانن چلۆن سووکی بکەن. لەم کۆڕەدا ژن گەورەترین قوربانییە.
بۆی ناکرێ هەمیشە ڕاستەوخۆ پرسیاریان لێ بکات چونکا دەڵێن بیرکردنەوەی قووڵ، نەشئەو و مەستیمان دەپەڕێنێ. بەڵام لە وتاریان تێ دەگات کە لە کۆڕی ئەمانەدا نە ژیان مانای هەیە و نە ئیمانیان بە شتێک هەیە. بۆیە هێوایان بە داهاتوو نییە و خەڵکیش دڵسارد دەکەنەوە. بە پێچەوانەی مرۆڤی خاوەن ئامانج، ئەمان کاتیان زۆرە بۆ قسەی بێکردەوە لە هەموو بوارێکا. بۆ گاڵتە بە خاوەنبیران کەرەستەیان کتێبخانەیێکە و لەباتی رێنموونی، بۆڵەبۆڵ دەکەن بە سەر خەڵکا.
حەز دەکا بزانێ ڕوانگەیان بۆ سیاسەت چۆنە؟ دەڵێن گرفت لەسەر ڕێی هۆشیارانە نەک بێهۆشان.
ڕەخنەی بێ بنەما لە کردەوەی گەورەکان دەگرن کەچی خۆیان داوە لە باری بێعاری و پێیان سەیرە کەسانێک هەن کە هێشتا خاڵە بەنرخەکانی مرۆڤایەتی بۆیان بە بایەخەن و بۆ فرۆشیان دانانێن.
لەباتی خێزان و بنەماڵەی بنەڕەتی و پتەو، پەنایان هێناوە بۆ ئەم شوێنە، چون ناتوانن بە شێوازی ڕاستەقینە تێکەڵ بە کۆمەڵگا بن......
نیوەشەوێک نۆ کەسیان بڕیار دەدەن بە ماشێنێکی لەندکرۆزێر بە قەراخی شاردا بگەڕێن. لەبەر ورووژان(هیجانات جمعی) و تووندلێخۆڕین، تووشی کارەساتێک دەبن، لەسەر جادە ڕێبوارێک دەکەوێتە بەر ماشێنەکەیان. بەڵام هیچکامیان دانابەزن. چەن خولەکێک ڕادەوەستن. دوایی بە شێوازێکی دیموکراتیک دەنگ ئەدەن کە چ بکەن؟ ئەوان دەڵێن ئێمە لێرە بەناوبانگین. زۆر ئاواتی بەرزمان هەیە. ئابڕووچوونە ئەگەر پولیس و خەڵک بزانن لەم نیوەشەوەدا چەن ژن و پیاوی نامەحرەم، بە دەم مەستی و نەشئەوە، پیاوێکیان کوشتووە. بۆیە دەڵێن وا باشترە کە کابرا بەجێ بێڵین و ئابڕوو و ئاواتەکانمان بپارێزین.
لەبەر ئەوەی کە متمانەیان بە یەکتر نییە، کۆتایی بەو کۆڕە دێنن.
دەستەڵاتی ئەنوەر سادات هیچکات ڕێگای بەو کتێبە نەدا کە لە وڵاتی میسر بڵاو بێتەوە.
عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۲/۰۷/۰۹
@hoday_sher
🌿💫
ئهم ههموو نازه به سهر پایزدا
چ مانایهکی ههیه؟
که مهوداکان لێرهوه
تا قیامهت ماڵی تۆن..
"بەختیار عەلی"
@hoday_sher
🌿💫
"خالید ڕەشید"
سۆفی
به سۆفی مەزهەبی دوو چاوت بم
به شێخی تەریقەی دوو لێوت بم..
@hoday_sher