🌿💫
ئەگەر لەبارەی نهێنی خۆم بێدەنگ بم،
ئەو نهێنییه لە بەندی من دا دەبێت.
ئەگەر ڕێگە بدەم لە زارم بێته دەر،
من دەخرێمه بەندی ئەو.
لەسەر درەختی بێدەنگی بەرهەمەکانی ئارامبوون دەڕوێن.
"ئارتوور شۆپنهاوێر"
@hoday_sher
🌿💫
دەنا عایشێ شاڵ کرمانی
پڕ بە دڵی کاکی خۆت جوانی
لە بەگزادەی مەریوانی
هەی لە بەگزادەی موکریانی
هەرچەن دەکەم ڕا و ڕایە
گەوهەرم کەوتووە دەریایە
جا بە سەد قەواس
چیبکەم بۆم دەر نایە
دەنا عایشێ شاڵ کرمانی
پڕ بە دڵی کاکی خۆت جوانی
لە بەگزادەی مەریوانی
هەی لە بەگزادەی موکریانی
هەرچەن دەکەم ڕا و ڕایە
گەوهەرم کەوتووە دەریایە
هەی بە سەد قەواس
ئازیز بۆم دەر نایە
دەنا عایشێ شاڵ کرمانی
پڕ بە دڵی کاکی خۆت جوانی
هەی لە بەگزادەی موکریانی
هەی لە بەگزادەی لای بۆکانی
هەرچەن دەکەم فکر و ئەندێش
وەی تەوەلا بووم لە قەوم و خێش
لە دوای باڵات ئازیز بووم بە دەروێش
هەی دەنا عایشێ تۆم گوڵی باغی
بە کراسی چیتی قاچاغی
جا لە بەگزادەی لای سابڵاغی
عایشێ
"ناسر ڕەزازی"
@hoday_sher
🌿💫
خۆزگەم بە ساڵی ڕابردوو
عومری کورتی دڵداریم بوو
لەپڕ ھات و لەناکاو چوو
یەک پڕ لە دنیا ئارەزوو
دەریایەک تاسە، ئەمە دوو
جێ مابووم لە پاری مردوو
بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار
سەدھەزار جار خۆزگەم بە پار، منی ھەژار
خۆزگەم بە پار
ڕۆژ نەبوو چاوم بە دیدار
شاد نەبێ، نەسرەوێ ئازار
ڕۆژ نەبوو یار بە لەنجەولار
چەشنی ئاسکی ھەردی بەھار
بە بەردەمما نەکا گوزار
نەمپێکێ نیونیگای خومار
بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار
سەدھەزار جار خۆزگەم بە پار، منی ھەژار
خۆزگەم بە پار
بڵێن بە یار بێ ناوچاوێ
دیمان لەتاو دووری تاوێ
ئەیڕشت لە فرمێسک لافاوێ
ئاخی ھەڵئەکێشا تاوێ
بە یادی باڵالاولاوێ
چاوڕەشێ، ئەگریجەخاوێ
بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار
سەدھەزار جار خۆزگەم بە پار، منی ھەژار
خۆزگەم بە پار
"گۆران"
@hoday_sher
🌿💫
دیدەی بەخوماری تۆ تورکانە بەدمەستی ئەکا بۆیە مەیلی وا بەکێشە و فیتنە و خوێن ڕشتنە
"مامۆستا هێمن"
@hoday_sher
🌿💫
وشەکانی پیتی A
چەندین سەدە پێش ئێستە، ژنێکی بێکەس کە لە گەڵ مێردەکەی دەستیان لێکبڕا بوو، پەنا دەباتە شاری بوستونی ئەمریکا. ئەو دەمە بوستون ناوەندی لایەنگرانی کلیسای پرۆتێستان دەبێت. ژنەکە وەستایەکی دەستڕەنگین بووە لە بواری هونەری درووماندا. پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ، خەڵک نیشانەی دوو گیان بوونی پێوە دەبینن! ئەوەش شتێک نەبووە کە ئەو خەلکە لێی بێدەنگ بن. ژنەکە دەسبەسەر دەکرێ. پیاو ماقووڵ و ئایینیەکانی شار خوازیاری ناسینی باوکی ئەو منداڵە دەبن. بەڵام ئافرەتەکە هیچ نادرکێنێ. منداڵەکەی لە بەندیخانەدا لە دایک دەبێ. هەر لەو سەر و بەرەشدا دوکتۆرێک رێی دەکەوێتە ئەو شارە و ئەویش بەو کێشەیە دەزانێ. بەرپرسی زیندان کە لە گریان و ناخۆشی منداڵەکە وەڕەز بووە، لەو دوکتۆرە داوا دەکات بێت و ئەو منداڵە دەرمان بکات. لە تەنیایی زینداندا دوکتۆر بە ئافرەتەکە دەڵێ: من وەکوو ئەو خەڵکە نیم کە تەنیا ڕواڵەتی تاوانەکان دەبینن وچاویان بۆ سەرچاوەی خراپییەکان لێڵە. دڵنیابە من باوکی ئەو منداڵە دەدۆزمەوە. بەڵام سوێندت دەدەم لای کەس باسی ناسینی من مەکە.
بڕیاری دادوەر ئەوە بوو کە دەبێ ئەو ژنە بۆ چەند کاتژمێرێک لە سەر بەرزایی سەکۆی بەر کلیساکە، بەرانبەر بە خەڵکی شار ڕاوەستێ و منداڵەکەی لە باوەش بگرێ، تاکوو ئەو حەشیمەتە بەو کردەوەیەی بزانن. پاشان بۆ هەمیشە قوماشێکی سوور بە سینگییەوە هەڵواسێ کە لەسەر قوماشەکە وشەی A ( داوێن پیس= Adulterer) نووسرابوو.ژنە خۆی بە تاوانبار دەزانی و ئەو سزایەی لە سەر خۆی بە ڕەوا دەبینی. دواتر بە بێدەنگی لە کەلاوەیێکی قەراخ شار لە گەڵ منداڵەکەیدا دەژی، بەڵام ژیانێکی پڕ لە تانە و تەشەر.
ڕۆژێک قەشە(کشیش)ی گەورەی شار نەخۆش دەکەوێت. لایەنگرانی لە پاڵ کلیسادا خانووێکی بۆ بەکرێ دەگرن تا هەموو کاتێ لە ژێر چاودێری دکتۆر و خزمەتکارانی دا بێت. پاش ماوەیەک دوکتۆر وردە وردە تێدەگات کە باوکی ئەو منداڵە هەمان قەشەی نوورانییە. بیری تۆڵە لە مێشکی دوکتۆردا شەپۆلان دەدا. بۆیە هەر ئەوەندە دەرمانی دەکات کە قەشە زیندوو بمێنێتەوە. بەڵام بە تانە و بە ڕەخنە ڕۆحی ئەشکەنجە دەدات. پرسیاری لێدەکات: تاکەی دەبێ خەڵکی ببنە قوربانی فڕوفێڵی ڕێبەرانی درۆزن؟ ئاخۆ قەت تروسکەی ڕزگاری لە دەروونیان دەردەکەوێ بۆ شوێن کەوتووانیان یان ئەویش هەر جۆرێک بەزمی ئاغا و نۆکەرییە؟ هەموو کەسێک هەڵە دەکات بەڵام مرۆڤی ڕاستەقینە ئەوەیە کە تاوانی خۆی لە ئەستۆ بگرێ.... پیاوەتی بە ئیشە نەک بە ڕیش... بەڵام وتوویانە: مار هەزار پێچیش لە خۆ دات عاقیبەت دەبێ بە ڕاستا بچێتە نێو کونەوە.
ژنە بێجگە لە بژیوی خۆی و منداڵەکەی، باقی داهاتی دەکردە خێری هەژاران. بەڵام نە وەک هێندێ کەس کە نان ئەدەن بۆ ناو، پێی وانەبوو ئەو نیشانە سوورە و ناوبانگی چاکە یەکبگرن، تەنیا لەبەر هەڵوێستی مرۆڤ دۆستی وایدەکرد. لە پاش ساڵانێک هێدی هێدی خەڵکەکە ڕوانگەیان لەسەر ژنەکە گۆڕا و پیتی Aیان بە Able (بەهێز) مانا دەکردەوە. شەوێک قەشە پەنای پێدەبات و پێی دەلێ: من نەموێرا وەکوو تۆ ژیانی خۆم بە بارێکدا یەکلایی بکەمەوەو پاش تاوان ژیانی ڕوو لە ڕاستی بگرمەبەر. ئێستا ڕۆحم لەئابڕوو چوون تۆقیوە. دەترسم زەنگی بەدناویم بزڕێ. تکایە بە هێزی یەکڕەنگی خۆت ڕزگارم بکە.
کاتی بەیانی کە دوکتۆر لە مێرگان بە دووی گیا خۆڕسکە دەرمانییەکاندا دەگەڕا، ژنە دەچێتە لای و تکای لێ دەکات کە واز لە قەشە بێنێ و لەوە زیاتر ئازاری نەدات. دکتور دەڵێ بۆ تۆ هەر ئەو پەڕوە بە بانترین سزا دەزانم. بەڵام تاوانی گەورەکان زۆر قورسترە.
ژنە پێی وابوو هەر پێوەندیەک جۆرێک بەرپرسایەتیش دێنێ. ئەویش بە هۆی تاوانی هاوبەش، بەرانبەر بە قەشە خۆی بەرپرس دەبینی. بۆیە ئێوارەیێک لە دارستان بەر بە قەشە دەگرێ و نەهێنیەکەی بۆ باس دەکات: ئەو دکتۆرەی کە حەوت ساڵە هاوکات لەشت دەرمان دەکا و ڕۆحت دەڕووخێنێ؛ مێردی منە کە تۆڵەی ژیانی خاپووری خۆی لە تۆ دەستێنێ. لە باتی تیاچوونی ژینی هاوبەش، دڵۆپ دڵۆپ ژاری تانەی دوو ڕەنگی دەرژێنێتە گیانت. بۆیە داوای لێدەکا کە واز لەم گەورەیە بێنێ و بەرەو ئەوروپا بڕوا. قەشە دەڵێ منی نەخۆش هێزی سەفەرم لێبڕاوە. ژنە بەڵێن دەدا بەو مەرجەی کە ڕۆحمی باوکیت بۆ ئەو منداڵە هەبێت، لە گەڵت دێم و دەتپاریزم.
بەڵام ئەمجارە قەشەیە کە ڕوانگەی گۆڕاوە. ئاخر یەکەمجارە تامی ڕاستی و یەکڕەنگی چێشتوە و توانیویە بە دڵ لە گەڵ کەسێک بدوێ.... لەوە بەدوا دەرمانەکانی دکتۆر ناخوا، ڕۆژی جێژن کە هەموو خەڵکان لە ناوەڕاستی شارن، قەشە دەستی ژنە و مناڵەکە دەگرێ و دەچێتە سەر هەمان سەکۆ. هاوار دەکا: خەڵکینە وەرن دەبا ئەو بوتەی کە دەیپەرستن، بیناسن... ڕاستییەکان ئاشکرا دەکا. پاشان سەر لە داوێنی ژنە دادەنێ و گیان دەسپێرێ.
خەڵکی بوستون لە سەر گۆڕی ئەو ژنە پیتی Aیان بە مانای Angel (فریشتە) نووسیوە.
Scarlet letter by Nathanil Hawthorne
عیسا ئەحمەدی۱۴۰۲/۰۵/۲۸
@hoday_sher
🌿💫
کە جاران دوو سوار، دەبوو بە شەڕیان
ژنێک دەسماڵی دەخستە بەر پێ
به دەستووری شاخ چەک فڕێ دەدرا
ئاشت دەبوونەوە هەردوو دەستبەجێ
هاوار! ئافرەتان! بگەنە هیمداد
ئەوا دوو برا شیر لە یەک دەسوون
دە دەسماڵێکیان باوێنە بەر پێ
تا دنیا نەبووە هەپروونبەهەپروون
"پەشێو"
@hoday_sher
🌿💫
لە بیرمە فێری دەکردم کە ئەگەر کەسێکم خۆش ویست، ناکرێ هەموو دڵ و ڕۆحی خۆمی بدەمێ، چونکە کە ئەو نەما، منیش دەفەوتێم.
"ژنێکی منگن، شێرزاد حەسەن"
@hoday_sher
🌿💫
ڕۆژێ وا ڕێکەوت کە ڕێگەم کەوتە ماڵی یارەکەم
دیم وستاوە بەتەنیا نەونەمامی گوڵ بەدەم
پێکەنیم. پێم وت دەمێکە چاوەڕێی ئەم فرسەتەم
ئێستە تەنیای. جارێ وا دەس پێشکەری ماچت نەکەم
تاوێکیش لات ڕابوێرم جا بەرۆکت بەرئەدەم
پێکەنی، فەرمووی ئەزانی گوایە من چیم لێت ئەوێ
گەر هەلێکی وا بە ساڵی جارێ بۆمان هەڵکەوێ
تۆزێ ڕابوێرین بەخۆشی ئاسمان پێی نانەوێ
ماچ و دەسبازی لەگەڵ یار هەرنەبێ پرسی نەوێ
دەستی وا کردە ملم لێوی نزیک لێوم کەوێ
کاتێ زانیم چۆن ئەویش سووتاوە وەک من بەو گڕە
پەردەیی شەرمی دڕیوە ئەو دڵەی هێندە پڕە
جۆششی عەشقم هوجوومی کردە سەر دڵ لەو گوڕە
وا بە سنگی خۆمەوە نا سنگ و ئەو مەمکە خڕە
مەست و بێ هۆش بووین لە بەینمانا نەما چرپە و قڕە
جارێ تا هێزم هەبوو بەو شەوقەوە تێرتێر گوشیم
دوایی سەیرم کرد کە ڕەنگی ڕووی پەڕیوە تێ گەییم
ناڕەوا بوو هێندە ئازاری بدەم زوو پێکەنیم
بۆئەوەی دڵگیر نەبێ لەم ئەزیەتە کاتێ کەدیم
ئەو لەمن زیاتر گوشیومی سەیرە ئەو هێزی بڕیم
پاش ئەوەی ڕامان بوارد بەینێ بەیاری دوو بە دوو
شێوەیەکی بەزمی دڵداری لە ناوا هات و چوو
ئاخی هەڵکێشا لەپڕ فرمێسکی گەرمی کەوتە ڕوو
پێی ووتم دڵداری ژینی بێ سەرەنجامن هەموو
زۆر ئەترسم ئێمە لێک ببڕێین نەگەینە ئارەزوو
ئێستە ئەیبینم کە ئەو عەهدی لەبیر بردۆتەوە
ئەو گڕەی بۆمن لە دڵیا بوو هەمووی نیشتۆتەوە
وەک نە بای دییێ و نە باران گشتی هەر بیر چۆتەوە
خۆی لە من لاداوە بۆ بێگانە ڕووی کردۆتەوە
کاکە مەدهۆش تۆش بناڵێنە بەدەردی خۆتەوە
"مەدهۆش"
@hoday_sher
🌿💫
ئەتۆم دەوێ
لە نێو گوڵانی جوانی سەر زەوی
لە نێو مەلانی کێوی و کەوی
لە نێو ئەستێرەکانی ئاسمان
لە نێو دیاردەکانی بوون و مان
ئەتۆم دەوێ
ئەتۆم دەوێ کە ئاشنای منی
ئەتۆم دەوێ کە مەندی، هێمنی
ئەتۆ لە ئاوی کانیی بەر بنار
لە لارەلاری گیاوگۆڵی بەر شنەی بەهار
لە ئاورینگ، له هەوەڵین گزینگ
جوانتری...
ئەتۆ لە سرتەسرتی جێژوان
لە دیمەنی شەو و گڕ و مەڕ و شوان
لە گۆلی مەند، لە سامڕەند
لە چیمەن و گیا و زەمەند
لە بۆنی هەڵز و پنگ و گیابەند
به هەستم ئاشناتری...
ئەتۆم دەوێ
ئەتۆ کچی خودای جوانی و وەفای
ئەتۆ به دەردم ئاشنای
ئەتۆ هەوێنی شێعرەکانمی... ژیانمی...
ئەتۆ سەروبنی بزە و وتە و دوانمی
کە وایە، دەستی من لە دەستی خۆت گرە
بهێڵە تانوپۆی نیگای من و بزەی جوانی تۆ
بێتە جێ هەسانەوەی خەیاڵی بەرز و نەسرەوم
بڵا به سێحری زەمزەمەی وتەی جوان و خەمڕەوێن
دەمێکی دابمرکێ ئەسپی تۆڕی مەیلی سەرڕەوم
جوانترین گوڵی خودا!
بڵا به هێزی بێبڕانەوەی ئەوین
لە کێوی خەم وەسەر کەوین
لە مێرگی ئەوپەڕی سنووری خەم
نه زۆنگەیە، نه زورگەیە
بەهاری بێخەزانه چاوەڕوانی ئێمەیە...
"عەلی حەسەنیانی (هاوار)"
@hoday_sher
🌿💫
ئەمن دەمگوت لە دنیا تا بمێنم
لە بەر کەس ئەستەمە سەر دانەوێنم
کەچی ئێستێ لە داوی بسکی تۆدا
گرفتارم گوڵم، موو ناپسێنم
ژیانم پڕ لە ڕەنجە و نامرادی
بە هەڵکەوتیش نەهاتم تووشی شادی
دڵم هێند تەنگە هەر جێی تۆ دەبێ و بەس
ئەتۆش مەحکوومی حەپسی ئینفیرادی
قەرار بوو بێی لەگەڵ خۆت شادی بێنی
نەهاتی، گەرچی پێت دابووم بەڵێنی
لە نێو کوردا نەبوو پەیمانشکاندن
لە کوێ فێر بووی گوڵم پەیمانشکێنی؟
ئەگەرچی ڕۆیی، قەت ناچی لە یادم
دەکەم یادت، بە یادی تۆوە شادم
کە بارگەت بۆ هەوار تێکنا عەزیزم
شکا ئەستووندەکی تاوڵی مرادم
شەوانە هاونشینی جامی بادەم
بە بادە با پەژارە و غەم بە با دەم
کە دەستی ڕۆژگار بایدا سەری من
سەری شووشەی شەراب وا چاکە بادەم
"هێمن"
@hoday_sher
🌿💫
وهکوو خهونی کچی چاوشینی مهنگوڕ
له ئامێزی ههناسهی شۆڕهسوارێک
لهسهر ئهسپێکی چوار ساڵهی نهگیراو
دڵم سواره بهرهو ههر لێڕهوارێک
وهکوو بسکی به تاتای کیژی مامهش
له پێدهشتانی لاجان نهغمهیانه
دڵم تهیرێکه ههر دهفڕێ و دهنیشێ
له باوهش کێله سیپان بهم بهیانه
وهکوو بێری له کوێستانی گهدهی ڕا
که ئاواتیان بهرهو دهشتی نهڵێنه
منیش عههدێکی دێرینهم که ههردهم
وهبیر خۆم دێنمهوه ،،،یار ئهو بهڵێنه
لهسهر خهرمانی گهنم و جۆی مهاباد
که وهک زولفی کچه دێبوکری جوانن
له سهیری چاوهکانیان تێر نهبوو کهس
که وا تامهزرۆی یهک ماچی ژوانن
له چارشێوشانهکهی چۆمی مهجیدخان
کچان سێویان ڕنی و گوڵیان لهدەس بوو
لهناو کاناڵی ئاوی نیوهڕۆیان
مهلهی دووباسکه ئازیز وهک نهفهس بوو
له گامێشگۆلی تا کوو ساروقامیش
کلی سینا بوو بۆ چاوی کچانه
ههموی خێر بوو ،ههموی خۆشی ،،که دهتدی
دهڕۆنه دهشت و مهزرا بهو بهیانه
خودایه یادی خاکم چهنده جوانه
که ههر شهو دێته ناو شێعری ژیانم
دڵم سواره دڵم سواره به قوربان
دهگهڵ خاڵهی بهرهوڕووی نیشتمانم
"خاڵە قازی"
@hoday_sher
🌿💫
تۆ هەزار ئایەتی
له کانیاوی پڕ له ئاو و خیزەکەم
له کاتی تینووایەتی
به چەشنی بیری بەرزەفڕ
بێسنوور و بێنەهایەتی
تۆ قیامەتی
دڵستێن و دڵڕفێن و خەوڕەوێنمی
تۆ تەواونوێنی عەشقی پاک و خەمڕەوێنمی
تۆ پەل و نەمام ڕاوەشێنی باخی بادەهێنمی
تێکەڵاوی گۆشت و پێست و ئێسک و خوێنمی
خوێنی خوێنەکەم...
"هەڵۆ"
@hoday_sher
🌿💫
منداڵێکی برسییە وڵات
لە پێکەنین و گڕوگاڵ کەوتووە
شاعیرێکە
لە ژانی شەوەکانیدا وشەی بیر چووەتەوە
گەورەکچێکە
لە فنجانی قاوەدا بۆ داهاتووی خۆی دەگەڕێ
بێوەژنێکە
بکوژێک و شاعیرێکی دەربار پێکەوە زەوتی دەکەن
یان وڵات دوو دڵداری لێکدابڕاوی وەک من و تۆیە
کە ڕەنگە یەکتری نەناسنەوە
ئەگەر بە ڕێکەوت، ڕۆژێک لە ڕۆژان
پێک بگەنەوە...
"ڕەفیق سابیر"
@hoday_sher
🌿💫
بڕواهێنان بە کوشتنی چۆلەکەیەک، ڕێگە بۆ کوشتنی ڕەوەیەک چۆلەکە خۆش دەکا و پاشانیش ڕەوەیەک مرۆڤ.
کەی لەگەڵ مەڕ و مەل و ماسیدا ئاشت بووینەوە، ئەوسا دەکرێ لەگەڵ یەکدیدا ئاشت ببینەوە.
"دەرۆزەکەرەکانی سەربەستی، شێرزاد حەسەن"
@hoday_sher
🌿💫
یار، یار!
شیرین لەنجەولار
چاوم ڕوا
سەبرم سوا
هێزم لێ بڕا
هەر نەهاتی، دەرنەکەوتی
بۆچی تو خوا؟
یار، یار!
شیرین لەنجەولار
ژماردم گشت ئەستێرەی شەو
تاقتاقکەرەم کردە خەو
لە بەر کزەی بای سارد تەزیم
لەگەڵ گەڵای درەخت لەرزیم
ئاونگ وەک گیا تەڕی کردم
هەر نەهاتی، ئەوا مردم...
چارەڕوانم
پەرێشانم
پەرۆشە گیانم
سا بمگەرێ هێزی ژیانم
یار، یار!
شیرین لەنجەولار
نیگام تینووی تەماشاتە
دادووراوی سەر ڕێگاتە
گوێم عەزرەتی ترپەی پێتە
هەمیشە ئاراستەی ڕێتە
دڵم پڕ تاسە و پەرۆشە
دۆزەخێکە و گەرمی جۆشە
یار، یار!
دەرمانی ئازار...
"گۆران"
@hoday_sher
🌿💫
لە بنارەوە هاتووم و
لووتکەم دەوێ پاڵی پێ دەم
لە سووتانەوە هاتووم و
کانیی برووسکەم گەرەکە سەری پێ کەم
باسکت بێنە!
با شەپۆل و بنار هەڵکەم
باسکت بێنە!
کانیی برووسکەم گەرەکە سەری پێ کەم
باسکت بێنە! باسکت بێنە!
"ڕەفیق سابیر"
@hoday_sher
🌿💫
دیواری عومرمە مائیل، وەکوو عەقڵم بووە زائیل
پەرێشانخاتیرن هەر دوو وەکوو زوڵفی پەرێشانت.
"عارف عورفی"
@hoday_sher
🌿💫
سێبەرێک بووی فێنکاییت هێشتاش
لە هاوینە گەرمەکانا وا بە گیانمەوە...
"فەرهاد پیرباڵ"
@hoday_sher